رووداو – هەولێر
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوا لە بەریتانیا دەكات هاوكاربێت بۆ سڕینەوەی ئەو سنوورەی پێشتر كێشاویانەو بە كونسوڵی بەریتانیای گوتووە "ئەو سنوورە دەستكردانەی بەریتانیا سەدەیەكە ئازاری كورد دەدات".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 29 ی حوزەیران، د.یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی د.جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، پێشوازییان كرد لە (ئەنگوس مگكی و جۆن میتچڵ) كونسوڵ و جێگری كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوان بەمەبەستی پیرۆزباییكردن لە دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان و گفتوگۆكردن سەبارەت بە رەوشی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "لەسەرەتای دانیشتنەكەدا، كونسوڵی بەریتانیا بەشێوەیەكی گشتی تیشكی خستەسەر پەیوەندییەكانی بەریتانیا و هەرێمی كوردستان و بایەخی ئەو پەیوەندییانەشی لە چەند خاڵیكی گرنگدا خستە ڕوو، سەردانی هەفتەی رابردووی وەزیری دەرەوەی بەریتانیای بۆ هەرێمی كوردستان بەخاڵێكی گرنگی ئەو پەیوەندییانە ئاماژە پێكرد".
وەك لە راگەیەنراوەكە ئاماژەی پێكراوەو كۆپییەكی بۆ رووداو نێردراوە، سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی رۆیشتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان گوتوویەتی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سڤیل و ئارامی و ئاسایشە. سەبارەت بە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەش بۆ سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان، یوسف محەممەد دەڵێ "راستە ئەو ناوچانە خاكی كوردستانن، بەڵام دوابڕیار لای هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان".
لەبارەی پەیوەندی مێژوویی بەریتانیا و كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندووە "لە مێژوودا بەریتانیا وڵاتەكەمانی بە هێڵی دەستكرد پارچە پارچە كردووە". بە شاندەكەی كونسوڵخانەی بەریتانیاشی گوتووە "ئەو سنوورە دەستكردانەی بەریتانیا كێشاویەتی سەدەیەكە ئازاری كورد دەدات، هیوادارین لە ئێستادا هاوكارمان بن بۆ سڕینەوەیان".



