رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد رایگەیاند، "زۆر بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین، ئەمە بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە ئاشتیی جیهانی و پێکەوەژیان و شارستانییەکان ناکات."
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-06-2023 مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەش کراوە، "هیوادارین حکومەتی سوێد بە تووندترین شێوە سزای ئەو کەسە بدات کە قورئانی پیرۆزی سووتاندووە."
مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، "بەداخەوە ساڵانە لە وڵاتانی ئەوروپا رێگە دەدرێت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و هەستی کۆمەڵگەی موسڵمانان بریندار دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی پێکدادانی شارستانییەتەکان و سەرهەڵدانی تووندوتیژی دژی بەرژەوەندییەکانی مرۆڤایەتی بەگشتی."
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و گوتی، "بە تووندی سەرکۆنەی بێرێزیکردن و سووتاندنی (قورئانی پیرۆز) دەکەین، کە لە وڵاتی سوێد لەلایەن ھاووڵاتییەک ئەنجامدراوە، ئەم رەفتارە دوورە لەبەھای مرۆڤایەتی و دژی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەیی و ئاییندارییە."
وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان لەو وڵاتە (سوێند)، رێگریی یاسایی لەم شێوە رووداوانە بکەن و بکەری سەرەکیش رووبەڕووی دادگە بکەنەوە."
رۆژی 29ى حوزەیرانى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنەکە رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسە دەگیرێتەبەر، کە لە سوێد قورئانى پیرۆزى سووتاند.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رێوشوێنە یاساییەکانیان لە دژى سەلوان مۆمیکا بەگوێرەى مادەى 14ى یاسای سزادانى عێراقى دەبێت.
مادەى 14ى یاسای سزادانى عێراقى تایبەت بەو تاوانانەى هاووڵاتیى عێراقى لە دەرەوەى وڵات دەیکات، کە دەشێت بە رەزامەندیى وەزارەتى داد بەدواداچوونى یاسایی بۆ بکرێت، ئەگەر سزاى کۆتایی لە دژى لەلایەن دادگەیەکى بیانى دەرکرابێت بە بێتاوانبوونى یان تاوانبارکردنى و سزاکەى بە تەواوى وەرگرتبێت، بەدواداچوونى یاسایى بۆ ناکرێت، بەڵام ئەگەر ئەو تاوانانەى کردوویەتی لەو وڵاتە سزاى لەسەر نەبێت، دەکرێت رێوشوێنى یاسایى لە دژى ئەو تۆمەتبارە لە دادگەکانى عێراق بگرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ