رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، 15 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەن؛ چوار لە پارێزگای هەولێر، چوار لە پارێزگای دهۆک و حەوتیان لە پارێزگای سلێمانین.
رۆژی دووشەممە 29ی ئەیلوولی 2025 فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوێنێوە چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردووە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، کە هەموو بۆری و ئامێرەکان تاقی دەکرێنەوە و ئامادە دەکرێن، ئەمەش 800 مێگاوات کارەبای کەمکردووەتەوە."
ئەم ساڵ، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێ سێجا، بەراورد بە ساڵی 2017 نزیکەی 75% زیادی کردووە.
لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 15 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا گوتی، "15 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەن؛ کە بە گازی سرووشتی، گازوایل، هایدرۆ پاوەر، نەوتی رەش و گازی بەفیڕۆچوو لە بیرەکانی نەوت کار دەکەن."
لە پارێزگای هەولێر چوار وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن کە ژێرخانیان 3200 مێگاواتە. فارس میرخان دەڵێت، ژێرخانیان ئێستا بەم شێوەیە:
- وێستگەی هەولێر: 380 مێگاوات
- وێستگەی خەبات: 260 مێگاوات
- وێستگەی خورمەڵە: 765 مێگاوات
- وێستگەی 29 مێگاواتی: 26 مێگاوات
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا، لە سلێمانی حەوت وێستگە هەن کە ژێرخانیان 3600 مێگاواتە، بەڵام ئێستا بەرهەمیان بەم شێوەیە:
- وێستگەی سلێمانی: 645 مێگاوات
- وێستگەی بازیان: 810 مێگاوات
- وێستگەی گەرمیان: 60 مێگاوات
- وێستگەی تاسڵوجە: 45 مێگاوات
- وێستگەی دووکان: 40 مێگاوات
- وێستگەی دەربەندیخان: 37 مێگاوات
- وێستگەی 29 مێگاواتی: 26 مێگاوات
لە پارێزگای دهۆک چوار وێستگە هەن. بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنان باسی لەوە کرد، ژێرخانیان 1200 مێگاواتە، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنانیان بەم شێوەیە:
- وێستگەی دهۆک: 220 مێگاوات
- وێستگەی باعەدرێ: 130 مێگاوات
- وێستگەی دێرەلووک: 10 مێگاوات
- وێستگەی 29 مێگاواتی: 26 مێگاوات
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا گوتی، توانای بەرهەمهێنانی ئەو 15 وێستگەیە 8200 مێگاواتە، بەڵام لە رۆژانی ئاساییدا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و ئاوی پێویست، 4200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت. لە دوێنێوە چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستی پێکردووە و بەو هۆیەوە 800 مێگاوات کارەبا کەمی کردووە، بۆیە ئەم چەند رۆژە 34000 مێگاوات بەرهەم دەهێندرێت.
ئەو کارەبایەی بەرهەم دەهێندرێت چۆن بەکاردەهێندرێت؟
بە گوتەی فارس میرخان، لەو 4200 مێگاواتە، 300ی بۆ پیشەسازیی گشتی دابین دەکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
"خواستی هاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانی کارەبا بەپێی وەرزەکان جیاوازە"
لە وەرزی زستان و هاویندا خواست لەسەر کارەبا دەگاتە ئەوپەڕی. بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا گوتی: "بەپێی وەرزەکان خواست لەسەر کارەبا کەم و زیاد دەکات، لە ساڵی 2024دا، لە مانگەکانی 1، 2 و 12 خواست لەسەر کارەبا بووەتە 7000 مێگاوات، لە مانگەکانی 4، 5 و 10 بووەتە 3000 مێگاوات و لە مانگەکانی 3، 6، 7، 8، 9 و 11 لەنێوان 4000 بۆ 6000 مێگاوات بووە."
لە هەرێمی کوردستان چەند هاوبەشی پڕۆژەی رووناکی هەیە؟
فارس میرخان باسی لەوە کرد، "ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی و یەک ملیۆن و 100 هەزار هاوبەشی پڕۆژەی رووناکی سوودمەند بوون."
حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە و کارەبای 24 کاژێری بۆ تەواوی ناوچەکان دابین بکات.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی "رووناکی" راگەیاند. لە مانگی ئایاریش ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پرۆژەکەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ