رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا واژۆ بۆ بەقەزاکردنی ناحیەی باشیک کۆدەکەنەوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردی ئێزدی و شەبەک و کریستیانن.
نووسراوی داواکاریی بەقەزاکردنی باشیک لەلایەن 23 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاوە واژۆکراوە کە لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی ئەو ئەنجوومەنەن کە هەموویان 29 ئەندامن.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا خۆی واژۆی لەسەر نووسراوەکە کردووە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەقەزاکردنی باشیک چاوەڕێی ئەنجامی پەسندکراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانە، چونکە بەگوێرەی ئەو ئامارە، دەردەکەوێ چەند کەس لەو ناوچانە دەژین و سنوورەکەیان چۆن دەبێ. هەر شوێنێک بکرێتە ناحیە، نابێ دانیشتوانەکەی لە 25 هەزار کەس کەمتر بێ و بۆ قەزاش پێویستە 35 بۆ 40 هەزار کەسى تێدا بژى".
لە داواکارییەکەدا هاتووە، باشیک لە ناحیەوە بکرێتە قەزا و بازوایا و بایبۆختیش بکرێنە ناحیە و بخرێنە سەر ئەو قەزایەی پێک دەهێندرێ.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: "ئەو دوو ناوچەیەی دەکرێنە ناحیە، کورد، شیعە و سووننەیان تێدا دەژی."
باشیک ناوچەیەکی کوردستانییە کە مادەی 140 دەیگرێتەوە، ئێستا سەر بە قەزای موسڵە و رووبەرەکەی 497 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ