رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، کارکردن لە بۆریی ئاوی ئیفراز-سێ لە قۆناخی کۆتاییدایە و بۆرییە نوێیەکە دانراوە، ئەوەی ماوەتەوە بەستنێتی لە شوێنی بۆرییە کۆنەکە، ئەوەش تاوەکو مانگی داهاتوو تەواو دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 29-12-2022، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە بۆریی ئاوی ئیفراز-سێ بەردەوامە، بەشێکی زۆری کارەکانی تەواوبوون و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە، بۆرییە نوێیەکە لە تەنیشتی بۆرییە کۆنەکە دانراوە و تەنیا هەندێک کاری ماوەتەوە تەواو ببێت، راستەوخۆ لە شوێنی بۆرییە کۆنەکە دەبەسترێت."
جێگری پارێزگای هەولێر گوتیشی: "تاوەکو مانگی داهاتوو بۆرییە نوێیەکە دەبەسترێت، چونکە کاری زۆری نەماوە، پێش ئەوە بە رۆژێکیش ئاگاداری هاونیشتمانییان دەکرێتەوە، چونکە بەشێکی زۆریان پشت بەو بۆرییە دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی ئاو."
بە گوتەی هێمن قادر، دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی گۆڕینی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، دەستدەکرێت بە قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە.
رۆژی 11-12-2022، ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، کارکردن لە قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە دەستیپێکرد؛ بڕی چوار ملیار و 350 ملیۆن دیناری بۆ خەرجکراوە کە لە وێستگەی مارعۆدە تاوەکو شەقامی 120 مەتری لەخۆدەگرێت کە 80%ی شکانی بۆرییەکە لەو بەشە روویدەدا. گوتیشی، بە تەواوبوونی قۆناخی یەکەم، بەشێکی زۆر لە گرفتەکە چارەسەر دەبێت.
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کردبوو، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئاوازەوە جێبەجێ دەکرێت کە کۆمپانیایەکی ناوخۆییە و وادەی 120 رۆژی بۆ دانراوە، ئەو پڕۆژەیە رەنگە بە کەمتر لەو وادەیەی بۆیان دیاریکراوە، لە ماوەی 75 رۆژ کارەکەیان تەواو بکەن.
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە ماددەی فایبەر گڵاس دروستکراوە. بۆرییەکە رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات؛ ئەو بۆرییە کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات؛ گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ ماوەی 15 ساڵە دروستکراوە و تاوەکو ئێستا چەندین جار شکاوە و چاککراوەتەوە.



