کوردستان
پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە 9 مانگدا لەو پارێزگایەدا زیاتر لە 700 منداڵی دووانە و سییانە لەدایکبوون.
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی باری کەسێتیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری لەدایکبوونی پارێزگاکەی بڵاوکردەوە و دەڵێ، زیاتر لە 700 منداڵی دووانە و سییانە لەدایکبوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، سەعید ئەحمەدی، بەڕێوەبەری باری کەسێتیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: "لە 21-3-2025 تاوەکو 21-12-2025، واتە لە 9 مانگدا 32 هەزار و 80 منداڵ لە پارێزگاکە لەدایکبوون."
سەعید ئەحمەدی گوتی، لەو ژمارەیە 16هەزار و 832 کوڕ و 15 هەزار و 248 کچ بوون.
بەڕێوەبەری باری کەسێتیی پارێزگای ورمێ دەڵێ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارەیە، لە هەر 12 خولەکدا منداڵێک لە ورمێ لەدایکبووە.
سەعید ئەحمەدی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو 9 مانگەدا 706 منداڵی دووانە و سییانە و زیاتر لەدایکبوون.
لە بارەی گیانلەدەستدان لە پارێزگای ورمێ، سەعید ئەحمەدی ئاشکرای کرد، لە ماوەی ئەو 9 مانگەدا 14 هەزار و 111 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 7 هەزار و 400 پیاو بوون و 6 هەزار و 711 کەسەکەی دیکە ژن بوون.
بەپێی ئەو ئامارە، لە هەر 30 خولەکدا کەسێک لە پارێزگاکە گیانی لە دەستداوە.
سەعید ئەحمەدی گوتیشی، لە 9 مانگەکەدا 16 هەزار و 586 ژیانی هاوژینی لە پارێزگاکە تۆمارکراون.
بە گوتەی سەعید ئەحمەدی ،هەر لەو ماوەیەدا 6 هەزار و 165 جیابوونەوە لە پارێزگای ورمێ تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ