فەرمانبەرێکی پێشوویی خانووبەرەی کەرکووک بە 10 ساڵ زیندانی سزا درا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگای تاوانەکانی کەرکووک سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ژنە فەرمانبەرێکی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە دەرکرد، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە "دەستکاریکردنی تۆمارەکان" و "گۆڕینی زانیاریی زەوی و خانوو" بە شێوەیەکی نایاسایی.
 
ئەمڕۆ هەینی، 30-01-2026، دەستەی دەسپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی پێنج دۆسیەی ئاشکرا کرد کە تێیدا فەرمانبەرێکی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووی کەرکووک تاوانبار کراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، دادگا بۆ هەر دۆسیەیەک سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەو فەرمانبەرە بڕیوەتەوە، کە کۆی گشتیی سزاکانی دەگاتە 10 ساڵ زیندانیکردن.
 
سەبارەت بە شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکە، دەستەی دەسپاکی دەڵێت، "تۆمەتبارەکە بە هاوکاریی کەسێکی دیکە، یاریی بە تۆمارەکانی خانووبەرە، گۆڕینی ژمارەی خانووەکان و پارچە زەوییە جیاکراوەکان کردووە، ئەوەش بە مەبەستی شاردنەوەی زانیارییە سەرەکییەکانی ئەو خانووانەی کە دەستکارییان تێدا کراوە."
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی دەستپاکی، ئەو فەرمانبەرە جگە لە دەستکاریکردنی زانیاریی سەر بەرگی دۆسیەکان، مامەڵەی فرۆشتنی خانوویەکی بە شێوەیەکی نایاسایی راییکردووە، کە ئەوەش بووەتە هۆی "زیانگەیاندن بە دارایی و موڵکی دەوڵەت."
 
دادگای تاوانەکانی کەرکووک پاش وردبینی لە بەڵگەکان و وەرگرتنی گوتەی نوێنەری یاسایی وەزارەتی داد، بڕیاری سزادانەکەی بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادانی عێراقی و بە پشتبەستن بە ماددەکانی بەشدارییکردن (47، 48 و 49) دەرکردووە.
 
لە کۆتایی بڕیارەکەدا، دادگا مافی داوە بەو لایەنانەی زیانیان بەرکەوتووە کە داوای قەرەبوو بکەنەوە، کاتێک بڕیارەکە پلەی کۆتایی و بنبڕ وەردەگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە