رووداو دیجیتاڵ
تەرمی شەهید هێمن کەرکووکی لە حەسەکەوە گەیشتە هەولێر و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بە گوتنەوەی "شەهید نامرێ" پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد. باپیرەی شەهید هێمن گوتی، سەربەرزن بە شەهیدبوونی کوڕەکەیان و شانازی پێوە دەکەن.
رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان کرا و ئەو خیانەتەی لێیان کرا، ئەزموونێکە کە پێویستە هەموومان بیری لێ بکەینەوە، چونکە رەنگە رۆژێک لە رۆژان هەمان میکانیزم بەرامبەر ئێمەش لە باشووری کوردستان بەکاربهێنرێتەوە."
رێواز فایەق تیشکی خستە سەر گردبوونەوە و پشتیوانییەکانی ئەم دواییەی هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "گردبوونەوە و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان لەم چەند رۆژەی رابردوودا پێمان دەڵێت، هیچ شتێک بەقەد یەکدەنگی و یەکدەستی گرنگ نییە، بەتایبەت لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دۆزی نەتەوەییەوە هەیە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کورد تەنیا خۆی پشتیوانی خۆیەتی و ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەک لایەنە سیاسییەکانی باشوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باکوور، گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە جگە لە خۆمان کەسی ترمان نییە، بەڵام ئەگەر یەکدەست بین، دەتوانین زۆر شت بگۆڕین."
رێواز فایەق هۆشداری دا لەو رێککەوتنانەی دەکرێ دژی کورد بکرێن و باسی لەوە کرد: "پێویستە ئێمەی سیاسی پێش خەڵک ئەو راستییە بزانین کە هەموومان رووبەڕووی مەترسییەکین، کە رەنگە خشتە و کاتی بۆ دانرابێت."
رێواز فایەق گوتیشی: "دەستی هەموو ئەو دایکانە ماچ دەکەم کە بە سەربەرزی رۆڵەکانیان ناردووەتە بەرەکانی شەڕ. مردن لەڕێگەی هەمووانە، بەڵام شەهیدبوونی وەک شەهید ئەحمەد و هەزاران شەهیدی دیکەی گەلی کوردستان، مردنێکی گەورە و شکۆمەندانەیە."
هاوکات عومەر ئەحمەد، باپیری شەهید ئەحمەد بە رووداوی گوت، "سەربەرزین بە شەهیدبوونی کوڕەکەمان و شانازی پێوە دەکەین. ئێمە کوردایەتی دەکەین و ئەگەرنا وانەکەین لەنێومان دەبەن."
گوتیشی، "پێشوازییەکی گەورە لە تەرمی کوڕەکەمان کرا و جێگەی شانازییە. سبەی تەرمەکەی دەبەینەوە کەرکووک."
ئەحمەد هێمن تەمەن 23 ساڵ، بە ئامانجی بەرگریکردن لە رۆژئاوای کوردستان چوو بۆ حەسەکە و دوای 10 رۆژ لە گەیشتنی شەهید بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ