ئاسایشی هەولێر خاوەنە سەرەکییەکانی دوورگە گەشتیارییەکەی موسڵ دەستگیردەکات

30-03-2019
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن موسڵ هەولێر ئاسایش
A+ A-

رووداو-هەولێر 

هێزەکانی ئاسایشی هەولێر، خاوەنە سەرەکییەکانی دوورگە گەشتیارەکەی موسڵ دەستگیردەکەن کە بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکەوە لەو دوورگەیە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا.


د.تارق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەریەک لە عەبید ئیبراهیم عەلی و کوڕەکەی بەناوی رەیان عەبید ئیبراهیم خاوەنی سەرەکی دوورگە گەشتیارییەکەی موسڵ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکراون.

هەرلەوبارەوە عەمید یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا شانەی قەیرانەکان خاوەنی سەرەکی دوورگەی گەشتیاریی موسڵ-یان دەستگیرکردووە، کە بریتین لە هەریەک لە عەبید ئیبراهیم عەلی و کوڕەکەی بەناوی رەیان عەبید ئیبراهیم.

هاوکات، لیوا نەجم جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و ئەندامی شانەی قەیرانەکان بڵاویکردەوە، خاوەنی دوورگەی گەشتیاریی موسڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لە هەولێر دەستگیرکراون.

رۆژی 21ی ئەم مانگە لە دوورگەی ئوم رەبیعەین بەلەمێکی گەشتیاریی بە 268 گەشتیارەوە ژێرئاوکەوت و، بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا، نزیکەی 60 کەس رزگارکران و چارەنووسی 55 کەسی دیکەش نادیارە. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە