رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێ، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی گازی ماڵان دەکرێت. باسی لەوەشکرد، کە بەهۆی وەستانی ناردنی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە، پشکی پارێزگاکە 50٪ کەمی کردووە.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، سمکۆ سالار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە گازی ماڵان لە رێگەی پسوولەی خۆراکەوە دابەش دەکرێت؛ هەر خێزانێک ناوی لە پسوولەی خۆراکدا هەبێت، دەتوانێت سەردانی بریکارەکان بکات."
لەبارەی بڕی گازی بەردەست، قایمقامی هەڵەبجە گوتی، ئێستا 1250 بتڵ گازیان لەبەردەستە و گوتی: "پێشتر گازمان لە کەرکووک و کارگەی کۆرمۆرەوە بۆ دەهات، بەڵام ئێستا گازی کۆرمۆر وەستاوە و بەو هۆیەوە 50٪ی ئەو بڕە گازەی بۆمان دەهات کەمی کردووە."
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی ئەو بڕە گازەی کە ئێستا لەبەردەستە، سمکۆ سالار دەڵێ: "20٪ی ئەو گازە بۆ بازاڕ، نانەواخانەکان و کۆمپانیاکانی خۆراک دەبێت، 80٪ی دیکەشی بۆ هاووڵاتییان دابەش دەکرێت."
لە هەولێریش هەر خێزانێک لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەتوانێ مانگانە دوو بوتڵ گازی شل وەربگرێ، کە یەک بوتڵ بە 8500 دینارە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە، پرۆسەی ناردنی گاز بۆ چەند ناوچەیەک تووشی گرفت بووە، ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر دابینکردنی گازی ماڵان و کارەبای نیشتمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ