رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان بانگهێشتنامەیەک بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی دۆخی ئێستا. بەشێکی حیزبەکانی دەڵێن، بەشدار دەبن و بەشێکی دیکە بەشدار نابن.
بەشێک لە حیزبانەی بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانگهێشتنامەکەمان بەدەست گەیشتووە و بەشدار دەبین".
کاوە محەممەد، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند: "دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێویستی بەو جۆرە کۆبوونەوانەیە و بەشدار دەبین."
محەممەد بازیانی، گوتەبێژی حیزبی پەیوەندیی ئیسلامی کوردستانیش لەبارەی هەمان پرس قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "بانگهێشتنامەمان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی سبەی بەدەست گەیشتووە و بەشدار دەبین."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێت.
سەرچاوەیەکی باڵاش لە باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی گوت: "دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات."
بەشێک لە حیزبەکان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نابن
سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەم شەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر پرسی مووچە کرد و راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڵوێستی فەرمی خۆی راگەیاند."
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکەی سبەی بەشداری ناکات، ئەوەش لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی حیزبدا درا."
هاوکات کۆمەڵی دادگەری لە راگەیێندراوێکدا گوتی "بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیەی سبەی شەممە ناكەین كە پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی كردووین".
جووڵانەوەی نەوەی نوێش دەڵێت، بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن.
ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕانیش بڵاویکردەوە: "هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدایە. پەرلەمانی کوردستان شوێنی بڕیاردانە لە هەموو پرسەکاندا، لە نێویاندا پەیوەندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی؛ هەموو جۆرە کۆبوونەوەیەکی حیزبی لە دەرەوەی دامەزراوەکان رەتدەکەینەوە".
ئاراستەی گردی زەرگەتەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کردووە: "هیچ کەس یان گرووپێک بۆی نییە بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری کۆبوونەوەی لەو شێوەیە بکات و نوێنەرایەتی گۆڕان ناکات، بەڵکو رای کەسیی خۆیەتی".
بەرەی گەلیش بە راگەیێندراوێک بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکەدا رەتکردەوە و رایگەیاند: "بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ئێمە پەرلەمانی کوردستان وەک ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەشوێنی کۆبوونەوە و بڕیاردان لەپرسە چارەنووسسازەکان دەزانین، هەربۆیە سەبارەت بە پرسی مووچە و کۆی کێشەکان لە رۆژانی داهاتوو قسەی یەکلاییکەرەوەمان دەبێت."
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستیش بە رووداوی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نابن.
تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی فەرمی بۆ بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکە رانەگەیاندووە.
ئەم کۆبوونەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە 28-5-2025 تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت.
چاوەڕوان دەکرێت، بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان بکرێت بە هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ