حکومەتی توركیا 10 بەرهەمی كلاسیكی كوردی چاپدەكات

30-08-2014
فه‌رهاد چۆمانی
نیشانەکردن وان
A+ A-

رووداو- وان

لە شاری وان-ی باكووری كوردستان دیوانی فەقێ تەیران، شاعیری ناوداری كورد لەلایەن وەزارەتی كولتوور و گەشتیاری توركیاوە بە هەردوو زمانی كوردی و توركی چاپكرا.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كولتوور و گەشتیاری توركیا بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند، چاپكردنی كتێبەكە لە دوایین هەفتەی مانگی تەمموزی رابردوو تەواو بووە و  لە دوو بەرگ پێكدێ و بە تیراژی 2 هەزار و 500 دانە چاپكراوە، بەرگێكیان بە هەردوو زمانی كوردی و توركییە و بەرگی دووەمیش كۆپییە ئۆرجیناڵ و دەستنووسەكانی فەقێ تەیران لەخۆ دەگرێت، بەم زووانە دەخرێتە بازاڕەوە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا،  لە كۆبوونەوەی چەند هەفتەی رابردوویدا لە شاری وان گوتی، كە دیوانی فەقێ تەیران و مەم و زینی ئەحمەدی خانی بەچاپ دەگەیێندرێت.

گوڵشەن هۆرهان، پەرلەمانتاری وان لەسەر پارتی داد و گەشەپێدان AKP بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی 10 كتێبی زمانی كوردیمان دەستپێكردووە، مەم و زینی ئەحمەدی خانی و دیوانی مەلای جزیریمان بەچاپ گەیاند، ئێستا كار لەسەر دیوانی بابە تاهیر دەكەین، ئومێد دەخوازم بەبێ ئەوەی هیچ كێشەیەك رووبدات هەر 10 كتێبەكە تەواو بكەین".

بەڵام بەشێك لە نووسەرانی كورد بە گومانەوە لەو پڕۆژەیە دەڕوانن و پێیان وایە مەرامێك لەم هەوڵەدا هەیە. قاهیر باتەیی، سەرۆكی پێشووی لقی كۆمەڵەی لێكۆڵینەوە و پێشخستنی زمانی كوردی پشتیوانی لە بەچاپگەیاندنی دیوانە كوردییەكان دەكات، بەڵام دەڵێ بە گومانەوە لەو پڕۆژەیە دەڕوانێت كە بە نیازێكی باشەوە ناكرێ.

باتەیی دەڵێ، "ئەگەر بە نیازێكی باشەوە ئەم كارەیان ئەنجام بدایە، قەدەخەكانی سەر زمانی كوردییان لادەدا و ئەو كەسانەی كە كتێبەكانیش دەناسێنن بە هەڵە دەیانناسێنن".

هەروەها گوتی، "نووسەر و زاناكانی كورد بە هەڵە دەناسێنرێن، تەنیا وەك پیاوانی ئاینی، شێخ و مەلا دەیانناسێنن، ئەگەر نا ئەحمەدی خانی هەڵگری تایبەتمەندی نەتەوەییە، فەیلەسووفێكە كە ناسنامەی كوردبوون، زمان و ئەدەبیاتەكەی لەپێشترە، فەقێ تەیرانیش بەهەمان شێوە، ئەوانی دیكەش".

میر محەممەد، كە نازناوی (فەقێ تەیران)ە، شاعیر و داستاننووسی باكووری كوردستانە، لەساڵی 1590  لە گووندی میكس-ی سەر بە شاری وان لەدایكبووە، گرنگترین بەرهەمی هەسپی رەشە، لەساڵی 1965 لە رو‌وسیا بە زمانەكانی كوردی-رو‌وسی چاپكراوە. لە ساڵی 1660  كۆچی دوایی كردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە