رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کڕین و فرۆشتن بەو زەوییانەوە دەکەن، کە فۆرمی شارەوانییان نییە و دەڵێت: "بەرپرس نین لە هەر زیانێک بەرتان دەکەوێت." گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانیش دەڵێت: "ئێمە بەرپرس نین لە دابەشکردنی زەوی و فۆرمەکان لەلایەن دەزگا و وەزارەتی دیکەوە، چونکە ئەوانە لە شارەوانییەوە دەرنەچوون."
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی لەبارەی ئەو زەوییانەی لێرە و لەوێ دابەشدەکرێن و فۆرمیان بۆ دەکرێت، هۆشداری داوەتە هاووڵاتیان و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە: "رۆژانە بەردەوام هاوڵاتییەکی زۆر پرسیار و بەدواداچوون دەکەن سەبارەت بەو زەوییانەی فۆرمیان هەیە و تۆمار نین، بەڵام ئێمە بەرپرس نین لە هەر زەرەر و زیانێک کە بەهۆی مامەڵەکردن بەو زەوییانەوە، بەر هاوڵاتیان بکەوێت."
شارەوانیی سلێمانی جەختدەکاتەوە کە دەبێت هاووڵاتییان دڵنیا ببنەوە لەوەی کە زەوییەکان رێکارە یاسایی و هونەرییەکانی پەیوەست بە شارەوانیان تەواو کردووە."
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەکو شارەوانی بەرپرس نین لەو فۆرمانەی کە لەشوێن و وەزارەت و دامەزراوەی دیکەوە دەدرێت و گوایە هی زەوییە، دەبێت ئەو زەوییانەی فۆرمن و هێشتا تاپۆ نەکراون، هەموو رێوشوێنە یاسایییەکانیان لە شارەوانییەوە هەبێت."
ئەوە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێک دەبێت، ژمارەیەک لە چالاکڤانان و پەرلەمانتاران باس لە دابەشکردنی زەوی بە ناوی پێشمەرگە لە سلێمانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ