رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە، یازدەیەمین فێستیڤاڵی هەنار بە بەشداریی هەزاران کەس لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لە فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 600 شوێن بۆ فرۆشتنی هەنار و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ناوخۆ تەرخانکراوە.
فێستیڤاڵەکە کە دوو رۆژی دیکەش بەردەوام دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار سەردانی بکەن.
نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بە گرنگیی فێستیڤاڵەکە کرد بۆ ناساندنی بەرهەمی جووتیاران و بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لە پارێزگاکە.
هاوکات فرۆشیاران و خاوەن دووکانەکان، دڵخۆشن بە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە و بە دەرفەتێکی باشی دەزانن بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
گەشتیارانیش، خۆشحاڵیی خۆیان بە کەشوهەوای فێستیڤاڵەکە و کوالێتیی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەربڕی.