رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات - مەسەدە لەبارەی کۆبوونەوەی سێقۆڵیی وەزیرانی بەرگریی تورکیا، سووریا و رووسیا لە مۆسکۆ دەڵێت، کۆبوونەوەکە و ئەنجامەکانی "بەگومانن" و داوا لە خەڵکی سووریا دەکات هەر رێککەوتنێک دژی بەرژەوەندییەکانیان رەتبکەنەوە.
رۆژی هەینی، 30ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە وەکو مەسەدە بە نیگەرانییەوە لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگریی حکومەتەکانی تورکیا و سووریا بە سپۆنسەریی رووسیا دەڕوانین. بە تووندی خوێنڕشتنی خەڵکی سووریا لەپێناو هەڵبژاردنەکانی ئاکپارتی و قوربانیدان بۆ دەسەڵاتی دیمەشق شەرمەزار دەکەین."
مەسەدە داوا لە خەڵکی سووریا دەکات دژی رێککەوتنی تورکیا، سووریا و رووسیا بووەستنەوە و رێککەوتن دژی بەرژەوەندییەکانیان رەتبکەنەوە. لەوبارەیەوە مەسەدە دەڵێت: "وەک وەفایەک بۆ قوربانیدانی شەهیدەکانی سووریا، دەستگیرکراو و پەنابەران و وەکو پابەندبوونێک بە بەرپرسیارێتیی رەوشتی و مێژوویی بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا و رەتکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ پەکخستنی ئازادییەکان، داوا لە گەلی سووریا دەکەین هەر رێککەوتنێک دژی بەرژەوەندییەکانیان رەتبکەنەوە و نەبنە ئامرازی بازرگانیی ئەو لایەنانەی بەدوای بەرژەوەندییەکانیاندا دەگەڕێن".
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات جەخت لە پێویستیی یەکگرتنی لایەنەکانی سووریا لەم قۆناخەدا دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەم قۆناخە هەستیارەی ئێستا کە خەڵکی سووریا پێیدا تێدەپەڕن پێویستی بە یەکگرتنە بۆ ئەوەی هەموو ناکۆکییەکانیان کە دوژمنی گەلی سووریا لە بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان دەهێنێت، تێپەڕێنن".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، مەسەدە دەڵێت، "داوا لە خەڵکی سووریای ئازادیخواز دەکەین بۆ ئەوەی هەر کاتێک داهاتووی وڵات و خەونی ئازادیمان بکەوێتە مەترسییەوە، هەموو ناکۆکییەکان وەلابخرێن".
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە گەلی سووریا لە بەرامبەر رێککەوتنی سێ لایەنەی نێوان تورکیا، سووریا و رووسیا بووەستێتەوە و دەڵێت: "ئێمە وەکو مەسەدە رایدەگەیێنین کە مێشک، دەست و خاکمان لەگەڵ هەموو سووریاییەکی ئازادیخوازە. هیچ بەرژەوەندی و مافێک لەسەروو بەرژەوەندی و مافەکانی گەلی سووریا نین. هەروەها ئێمە داوا دەکەین دژی رێککەوتنەکە بووەستنەوە و هەڵیبووەشێننەوە. دەبێت هێزە شۆڕشگێڕەکان دژی ستەمکار و بازرگانیکارانی دوێنێی سووریاییەکان بووەستنەوە".
رۆژی چوارشەممە، 28ـی کانوونی یەکەم، وەزیرانی بەرگریی تورکیا، سووریا بۆ یەکەمجار لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011، لە مۆسکۆ بە نێوەندگیریی سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا کۆبوونەوە. ئەوەش کاردانەوەی هێزە کوردییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان لێکەوتەوە.



