رووداو دیجیتاڵ
سبەی لە سەرجەم پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرماوە پشووە.
چەند رۆژێکە بارستەهەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سنە رایگەیاند، سبەی چوارشەممە (31ی کانوونی یەکەمی 2025) بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی و وزە، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، بانکەکان، قوتابخانە و زانکۆکان دادەخرێن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیارەکە دامەزراوە فریاگوزارییەکان، فریاکەوتنی خێرا و بنکە تەندرووستییەکان ناگرێتەوە.
هەر بەهۆی سەرما و دابەزینی پلەی گەرماوە کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام بڕیاریدا سبەی قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان و دامەزراوە حکومییەکان و بانکەکان دابخرێن، ئەوەش بەمەبەستی کەم بەکارهێنانی گاز و وزە.
لە پارێزگای ورمێش، سبەی جگە لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، هەموو دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان و تەنانەت بانکەکانی پارێزگاکەش دەبێتە پشوو.
هاوکات بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاری کرماشان، جگە لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، قوتابخانە، زانکۆ، پەیمانگەکان و دامودەزگا حکومییەکان و بانکەکانی پارێزگاکە سبەی داخراو دەبن.
بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانی پارێزگای لوڕستانیش رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی بەفربارین و دابەزینی پلەی گەرما و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی، سبەی سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، بانکەکان، قوتابخانە و زانکۆکان دادەخرێن.
لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەپێی کەشناسیی ئێران، تاوەکو چوارشەممە بەردەوام دەبێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ