رووداو- هەولێر
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گەورەترین كێشەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، نووری مالیكییە، عێراقیش وەك وڵاتێكی یەكپارچە نەماوەتەوە، كورد لەبەر ناوچانە كوردستانییەكان رووبەڕووی داعش بووەتەوەو پێشمەرگە لە دەركردنی داعش لە ناوچەكانی سوننەو بەدەستهێنانەوەی موسڵ بەشدار نابێ.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند:
هاوپەیمانان رووبەڕووی جەنگێكی درێژخایەن بوونەتەوە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا.
نێچیرڤان بارزانی هاوكات هۆشداریدا لەوەی، كە هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سەر داعش، بە تەنیا بەس نین.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێ، "سەرەڕای سەركەوتنەكانیش، پێشبینی دەكەم تاوەكو وەرزی پایزی داهاتوو هەڵمەتی بەدەستهێنانەوەی شاری موسڵ دەستپێنەكات. بەهۆی شەڕی ناوخۆی گڕگرتوو لە سووریا و نەبوونی سوپای عێراق وەك هێزێكی كاریگەر لەسەر زەوی و كەموكوڕی تەقەمەنی، كە پێشمەرگە بەدەستییەوە دەناڵێنێ، ئەگەرەكانی شكستپێهێنانی رێكخراوە تووندڕەوەكە سنووردارن".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوەشدەدات، كە ستراتیژییەتی ئێستای ئەمریكا لە باشترین دۆخیدا دەبێتە هۆی سنوورداركردنی چالاکییەکانی داعش، كە خاوەن سیستەمێكی پەیكەربەندیی وردە و بۆ چەند ساڵێك وەك سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ناوچەكەو جیهان دەمێنێتەوە. "ئەم چەنگە درێژخایەنە. ئەوان بڕیار لە چارەنووسی زۆرتر لە 15 ملیۆن كەس دەدەن لە عێراق و سووریا".
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئێستا جموجۆڵی داعش سنووردارە و كۆنترۆڵكراوە، "بەڵام هێشتا توانای هێرشكردنی هەیە، ئەوان رێكخراون و توانای رێكخستنی ئەندامی دیكەیان هەیە لە هەموو ناوچەكانی جیهان. پەیكەربەندیی ئەم رێكخراوە بەشێوەیەك دروست كراوە، کە پاراستنی زامن دەكات".
بارزانی باس لەوەشدەكات، كە هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی (دەوڵەتی ئیسلامی)، كە هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا ساڵی پار دەستیانپێكرد، بەپشتبەستن بە هێرشی ئاسمانی بەبێ پابەندبوون بە بڵاوكردنەوەی هێزی وشكانی نابێتە هۆی دەركردنی تووندڕەوەكان لە بنكەكانیاندا وەك موسڵ، "بێگومان لەناوبردنی ئەم رێكخراوە تەنیا بە رێگەی هێرشی ئاسمانی مەحاڵە... بۆ لەناوبردنی ئەم رێكخراوە پێویستمان بە هێزی تایبەت هەیە. نەك تەنیا سەربازی ئاسایی لەسەر زەوی بگرە هەڵمەتی سەربازی هاوبەش و شەڕكردن لەپاڵ پێشمەرگە".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێ "پرسیارەكە ئەمەیە: ئایا سیاسەتەكە سیاسەتی سنوورداركردنە یان سیاسەتی هەڵكەندن و لەناوبردنە؟، بۆ ئەوەی بەتەواوی لەناویان بەرین پێویستە رێوشوێنی زۆرتر بگرینە بەر"، كورد رووبەڕووی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بووەتەوە لەبەر ئەو ناوچانەی، كە هی كوردن و خۆیان لە بەشداریكردنی پێشمەرگە لە دەركردنی چەكدارانی رێكخراوەكە لە ناوچەكانی سوننەو بەدەستهێنانەوەی موسڵ بەشداری پێناكەن.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتویەتی، "ئێمە وەك كورد نامانەوێ پێشڕەویی هیچ هێرشێك بكەین بۆ بەدەستهێنانەوەی موسڵ. دەمانەوێ خۆمان لە ملاملانێی زۆرتر دوور بگرین. خشتەی كاتیی هەڵمەتێكی هاوشێوە لەسەر دروستكردنەوەی سوپای عێراق دەوەستێ، كە لە وەرزی هاوینی رابردوو لەكاتی چوونی رێكخراوی داعش بۆ نێو موسڵ دارما. ئێستا سوپایەكی عێراقی راستەقینە نییە توانای تەواوكردنی ئەركەكەی هەبێ. ئەوە پێویستیی بەكاتە. دەبێ واقیعییانە بین".
بارزانی لە وەڵامی ئەو پلانانەی، كە بەرپرسانی عێراق و ئەمریكا باسیان لێوەدەكەن، بۆ هێرشكردنە سەر موسڵ لە مانگی شەشی ئەمساڵ، دەڵی "بێگومان لە مانگی پێنج نابێ، بە گومانیشم لە مانگی شەش بێت، لە كۆتایی مانگی نۆ یان دە، وادەیەكی زۆرتر واقیعییانەیە بۆ هێرشكردن".
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هاوكات دەستپێكردنی ئەو هەڵمەتە بە توانای بەغدا لە رووی مەشقپێكردنی ژمارەیەكی پێویست لە سەربازان دەبەستێتەوە، بەشێوەیەك رێگە بە سوپا بدات دوو باشترین فیرقەی خۆی بۆ باكوور بجوڵێنێت و ئەركی ئێستایان، كە پاراستنی بەغدایە بەجێبهێڵن.
نێچیرڤان بارزانی لە هەمانكاتدا ستایشی كاریگەریی هێرشە ئاسمانییەكان دەكات، بەڵام ئاماژە بۆ لاوازی و نەبوونی ستراتیژیەتی روون لە پلانەكانی عێراق و هێزی ئەركی هاوبەشەکان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا دەكات لە رووبەڕووبونەوەی داعش، "ئەوان پێویستییان بە ستراتیژییەتێكی گشتگیر بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ داعش لە ناوچەكە هەیە، ستراتیژییەت و هاوئاهەنگی نییە".
بارزانی جەخت لەوەشدەكاتەوە، كە پێشمەرگە پێویستی بە چەكی قورس هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەڕەشەیەی سەریهەڵداوە. ئاماژەش دەكات، "ئەمە جەنگێك نییە بتوانی بە كلاشینكۆف و مووشەكی ئاڕ پی جی بیبەیتەوە".
لەبارەی کەسایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، "عەبادی كەسێكی پراكتیكیە" و پێشیوایە سیاسەتەكانی نووری مالیكی لە قۆرخكردنی دەسەڵات هۆكاری توڕەكردنی سوننە و سەرهەڵدانی (دەوڵەتی ئیسلامی) بوون. بارزانی دەشڵێ مەودای جوڵەكردن بۆ عەبادی كەمترە بە بەراورد لەگەڵ مالیكی، كە خاوەن پێگەیەكی دەسەڵاتداریی لۆكاڵییە و "گەورەترین كێشەی عەبادیش مالیكییە". عێراقیش وەك وڵاتێكی یەكپارچە نەماوەتەوە و "هیچ ئینتیمایەك لەو وڵاتە نەماوە كە ناوی عێراقە".
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییدا دەڵی، "بەراستی گرنگە رێگەیەك بۆ پێكەوەژیان لە نێو سنووری بەناو عێراق بدۆزینەوە، ئەگەر نەگەینە ئەو رێگەیە، خوێنی زۆرتر دەرێژرێ و ئەو وڵاتەش وەك سەرچاوەیەكی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ