رووداو دیجیتاڵ
تەرمی شەهید ئەحمەد هێمن، کە لە سنووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان شەهیدبوو، لە رێوڕەسمێکی فراواندا لە گۆڕستانی رەحیماوا لە زێدی خۆی لە شاری کەرکووک بەخاکسپێردرا. دایکی دەڵێ، شانازی بە کوڕەکەیەوە دەکات کە چووە بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان.
دوێنێ تەرمی ئەو گەنجەی شاری کەرکووک، لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەیێندرایە شاری دهۆک، لە دهۆک و تەواوی ناوچەکانی دیکە لە رێوڕەسمی جیادا پێشوازی لێکرا تاوەکو نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو گەیشتە شاری هەولێر، بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە شاری هەولێرەوە بە بەشداری هەزاران هاونیشتمانی رەوانەی شاری کەرکووک کرا.
لە رێوڕەسمەکەدا مهاباد فازڵ، دایکی شەهید ئەحمەد بە رووداوی گوت: "ئەحمەد کوڕی گەورەم بوو، خەڵک لێرەن و ئیرادەیان بەرزکردمەوە. کوڕەکەم چوو لەوێ [لە رۆژئاوای کوردستان] پشتیوانی لە خوشکەکانی بکات".
دایکی ئەحمەد هێمن ئاماژەی بەوە کرد، کوڕەکەی پێش چوونی بۆ رۆژئاوای کوردستان داوای گەردن ئازادی لێکردووە و ئەویش رێگر نەبووە لە چوونی، گوتیشی: "هەموو ئەوانەی ئێستا لێرەن بۆ من ئەحمەدن؛ ئێستا وادەزانم لە شاییدام و لەسەر گۆڕەکەی فرمێسکم نەڕشت".
لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید ئەحمەد هێمن دا هەزاران هاونیشتمانی لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دا درووشمی (شەهید نامرن)یان گوتەوە و چوونە گۆڕستانی رەحیم ئاوا لە کەرکووک.
لە کاتی رێوڕەسمەکەدا خوشکی شەهیدێک کە وێنەی شەهید ئەحمەدی هەڵگرتبوو بە رووداوی گوت: "ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە کورد بە هەموو وڵاتانی جیهانی پیشاندا کە یەکین؛ کوردستان چوار پارچە نییە و یەک پارچەیە".
ئەو گەنجە کوردە کە تەمەنی 23 ساڵ بوو، بۆ بەرگریکردنی لە رۆژئاوای کوردستان چوو بووە حەسەکە و دوای 10 رۆژ مانەوەی لەو شارەی کوردستان شەهید بوو.
ئارامە ریشە، چالاکڤان لە قەزای چەمچەماڵ کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوو بە رووداوی گوت: "ئێمە کەسوکاری ئەنفالین. ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە کورد دەکرێ هەمان ئەوەیە ساڵانی پێشوو بەرامبەر کەسوکارەکەی ئێمە کراوە کە بەشێکیان ئەنفال و بەشێکیان کیمیاباران کران".
بڕیارە سبەی لە هۆڵی کاکەڕەش لە گەڕەکی رەحیماوا لە شاری کەرکووک، پرسە بۆ شەهید ئەحمەد دابنرێ و دوو رۆژ بخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ