رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوای راگرتنی رێکارەکانی گەڕاندنەوەی زەوی تاپۆی کوژێندراوە دەکات.
رۆژی 30-3--2026 سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی فەرمانگەی کشتوکاڵی پارێزگاکە کردووە و داوا دەکات، رێکارەکانی گەڕاندنەوەی زەوی تاپۆی کوژێندراوە کە بڕیاری 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە رابگیرێت.
نوسراوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر داوای زاهیر ئەنوەر عاسی، ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە.
سەبارەت بەو نووسراوە، ئەمڕۆ سێشەممە31-3-2026 عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نووسراوەکە پێچەوانەی بڕیار و رێککارە حکومییەکان و رێنماییەکانی لیژنەی باڵای مادەی 140ـی دەستوورە".
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتیشی، "بێ ویژدانییە ئەندامێکی ئەنجوومەن دژی گەڕاندنەوەی مافی زەوتکراوی خەڵکی رەسەنی کەرکووک بێت کە چەندین ساڵ ئەو زەوییەی لێ زەوتکراوە".
عەبدوڵڵا میروەیس ئاماژەی بەوەش دا، وەک و کورد و تورکمان دژی نووسراوەکەن و هەڵوێستیان دەبێ و قبووڵی ناکەن، لە ئەنجوومەنی پارێزگاوە دژایەتی خەڵک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ