چالاکڤانێکی ئێزدی: 90٪ی رزگاربووان، بە هاوکاری نێچیرڤان بارزانی رزگار کراون

31-07-2025
ناسر عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

11 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی شنگالدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا چارەنووسی 2,552 کوردی ئێزدی نادیارە. چالاکڤانێکی بواری رزگارکردنی رفێندراوان رایدەگەیێنێت، "ئەگەر نێچیرڤان بارزانی نەبووایە، 10%ی رزگارکراوانیش رزگار نەدەبوون.".
 
عەبدوڵڵا شرین، کە ماوەی 11 ساڵە لە رێگەی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانییەوە کار بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەکات، لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی (بەکاتی دهۆک)ی رادیۆی رووداودا، رایگەیاند: "یەکەم کەس بووم هەوڵی رزگارکردنی کچ و خوشک و براکانمم دا و تائێستاش بەردەوامم. تائێستا 403 کەس، کە پێکهاتوون لە کچ، کوڕ، منداڵ و ژنی ئێزدی، لە رێگەی ئێمەوە لە عێراق، سووریا و تورکیا رزگارکراون. دوایین کەس پێش دوو هەفتە بوو، کە لە تورکیا رزگارم کرد."
 
شرین جەختی لە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "ئەگەر بە هاوکاریی خودی نێچیرڤان بارزانی نەبووایە، رەنگە تائێستا 10%ی ئەوانەی رزگار بوون، رزگار نەکرابان. 90%ی ئەوانەی رزگار بوون، بە هاوکاریی نێچیرڤان بارزانی بووە."
 
بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان، هێشتا گلەیی لە سیستمی هاوکارییەکاندا هەیە. ئیخلاس خەیری، یەکێک لە رزگاربووانی دەستی داعش، بە رووداوی راگەیاند: "چەند جارێک فۆرمم پێشکێش کردووە، بەڵام هیچ هاوکارییەکم وەرنەگرتووە. ئەوانەی وەک شایەتحاڵ بۆم دەوەستن، داوای پارەم لێدەکەن و دەڵێن، ئەگەر ئێمە شایەتی بدەین کە تۆ کەوتوویتەتە دەستی داعش، دەبێت نیوەی ئەو هاوکارییە ماددییەی وەریدەگریت، بە ئێمە بدەیت."
 
لە وەڵامی ئەو گلەییەدا، عەبدوڵڵا شرین دەڵێت، هەوڵی ساختەکاری لەلایەن هەندێک کەسەوە هەیە و روونیکردەوە: "زۆر کەس هەن کە نەکەوتوونەتە دەستی داعش، بەڵام هەوڵدەدەن ناوی خۆیان تۆمار بکەن. پێویستە ئەو کەسەی بە ناڕاستی دەبێتە شایەتحاڵ، سزا بدرێت، ئەگەرنا لەوانەیە 6,000 کەسی دیکەش هەوڵ بدەن ناویان بچێتە لیستی رزگاربووانەوە."
 
شرین لەبارەی دۆسیەی ئیخلاس خەیرییەوە گوتی: "دیارە کە رزگاربوو نییە، بۆیە ناوەکەی نەچووەتە لیستی رزگاربووانەوە. ئەگەر لێکۆڵینەوەی دروست و شایەتحاڵی تەواوی هەبووایە، ناوی ئەویش وەک نزیکەی چوار هەزار کەسەکەی دیکە، دەکەوتە لیستەکەوە."
 
رۆژی 3ی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر شنگال و 6,417 کوردی ئێزدی رفاند. نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانییە، تاوەکو ئێستا 3,590 کەسی رزگار کردووە. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی رێکخراوی "یەزدا" رایگەیاند: "تاوەکو یەک کچ، ژن و منداڵی ئێزدی لە دەستی داعش مابێت، بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان."

 

 
دەربارەی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان، عەبدوڵڵا شرین پێشبینی دەکات "نزیکەی 1,500 کەسی دیکە لە ژیاندا مابن، کە زۆربەیان لە ئیدلبی سووریا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە و تورکیادان."
 
لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی عێراق هاوکاریی مادی پێشکێش بە رزگاربووان دەکات. بەشار ئەلئەعزەم، بەرپرسی بەشی بێسەروشوێنان لە نووسینگەی کاروباری رزگاربووانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "تائێستا 2,428 رزگاربوو هاوکاریی ماددیی مانگانەی 800 هەزار دیناری وەردەگرن."
 
سوزان سەفەر، بەرپرسی رێکخراوی "داک" بۆ هاوکاریکردنی رزگاربووان، بە رووداوی گوت: "دۆخی بەشێک لە رزگاربووان باش نییە و پێویستییان بە هاوکاریی دەروونی و ماددیی زیاترە. ئەو هاوکارییەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دابینی دەکەن، بەس نییە و دەبێت رێکخراوە بیانییەکانیش زیاتر هاوکارییان بکەن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئامادەیی 'واستی'ـی کچان لە کەرکووک

لە ناوەندێکی خوێندنی کەرکووک 18 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون

مانەوەی بەردی کۆنکرێتی و بەربەستەکان لەبەردەم ئامادەییەکە، هێشتا سیمایەکی سەربازییان پێوە هێشتووەتەوە، بەڵام لە پشت دیوارەکانەوە مەترسییەکە تەنیا رووکەش نییە. لە ئامادەیی 'واستی'ـی کچان لە کەرکووک، چیرۆکێکی تراژیدی هەیە؛ لە ماوەی چەند ساڵێکدا 18 مامۆستا و قوتابی تووشی شێرپەنجە بوون.