گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دووەم رۆژی 11یەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بە بەشداریی فراوان و پێشوازییەکی گەرمی دەیان هەزار کەس لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو. ئەم فێستیڤاڵە سێ رۆژییە، کە بووەتە نەریتێکی ساڵانە، نەک تەنیا بۆ نمایشکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانە، بەڵکو وەکو پاڵپشتێکی سەرەکیی کەرتی گەشتیاری و ئابووریی ناوچەکەش دادەنرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، زیاتر لە 800 جووتیار و بەرهەمهێنەری ناوخۆیی بەشدارییان کردووە و لە 630 شوێنی تایبەتدا بەرهەمەکانیان نمایش کردووە. رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە، کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی هەینی 31-10-2025، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری گەشتیاری بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک کە قەرەباڵخییەکی زۆری لێکەوتەوە و بازاڕێکی گەرمی کڕین و فرۆشتنی دروست کرد.
 
جگە لە هەناری هەڵەبجە کە نێوبانگێکی زۆری هەیە و بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی هەنار لە جیهانیش دادەنرێت، فێستیڤاڵەکە چەندین بەرهەمی دیکەی پاییزیی وەکو گوێز، سێو، هەنگوین و بەرهەمە دەستی و خۆماڵییەکانیشی لەخۆگرتبوو.
 
ئەو بەرهەمانە راستەوخۆ لەلایەن جووتیارانەوە بە کڕیاران دەفرۆشران، کە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ناساندنی کوالێتیی بەرزی بەرهەم و دەوڵەمەندیی کشتوکاڵی ناوچەکە.
 
بەپێی ئامارەکان، پارێزگای هەڵەبجە خاوەنی 10 هەزار و 600 دۆنم باخی هەنارە و نزیکەی 2,300 جووتیار کاری تێدا دەکەن. هەناری هەڵەبجە ساڵانە بەرهەمێکی بەرچاوە و جگە لە دابینکردنی پێداویستیی بازاڕەکانی ناوخۆ، رەوانەی بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت.