رووداو- شەرفەدین
پیاوانی ئاینیی ئێزدی بڕیاریانداوە عەگالەكانیان فڕێبدەن. بڕیارەكەش جێبەجێ كراوە. ئێستا بەكەمی لەنێو ئێزدیاندا كەسێك دەبینی كە عەگالی بەسەرەوە بێت. لەنێو گۆڕێكی بەكۆمەڵیشدا لەنزیك گوندی حەردان، عەگالی ئەو كوردە ئێزدیانە لەژێر خاكدا دەركەوتوون كە بەدەستی چەكدارانی داعش كۆمەڵكوژكران.
نانی بێ خوێ
لەنێو بازاڕی شارۆچكەی سنوونێ دوو گەنجی كوردی ئێزدی گەنگەشەیەكی گەرمیان هەیە. یەكێكیان بە (رووداو) دەڵێت: "ئێستا لێرە عەرەبێك ببینم دەیكوژم". هاوڕێكەی یەكسەر قسەی پێدەبڕێت و دەڵێت: "پەنجەكانی دەست هەموویان وەكو یەك نین". رەشۆ تەمەنی 20 ساڵ دەبێت.
كڵاوێكی گیڤارائاسای لەسەرە و كڵاشینكۆفێكی بەدەستەوەیە. هێندە تووڕەیە كە كاتێك نووسراوی بە عەرەبی نووسراوی سەر دیوارەكانی سنوونێ دەبینێت، روو وەردەگێڕێت. رەشۆ یەكێكە لەو گەنجانەی دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكەیان بووەتە پێشمەرگە. سالم تەمەنی لەو گەورەترە. كە قسەش دەكات نەرمترە. سالم پێشمەرگە نییە. ئەو لە كەمپێكی نزیك دهۆك دەژیت و كرێكاری دەكات. هەمووی چەند رۆژێكە سنوونێ لەدەست داعش دەرهێنراوە. ئەو دوو گەنجە هاتوونەتەوە بۆئەوەی شارۆچكەكەیان ببیننەوە و دڵنیابنەوە كە ئاخۆ ماڵەكانیان وەكو ماڵی هاوسێكانیان رووخێنراون یان ماون.
رەشۆ دەڵێت: "جاران هاوڕێی عەرەبم زۆر بوون، بەڵام ئەوان خیانەتیان لێكردین. دیارە نانی ئێمە بۆ ئەوان بێخوێ بوو". سالم قسەكەی رەشۆی پێ خۆش نییە، بۆیە لە شوێنی خۆیەوە هەڵدەداتێ و دەڵێت: "من هێشتاش هاوڕێی عەرەبم هەن. ئەوانیش وەكو ئێمە ئاوارە بوون و ئێستا لە هەولێر دەژین. بەردەوام تەلەفۆنم بۆ دەكەن و هەواڵم دەپرسن. بۆ جەژنیش پیرۆزباییان لێكردم".
سووتاندنی ماڵی عەرەب
گوندی حەردان بە ئۆتۆمبێل 10 خولەك لە سنوونێوە دوورە. لەو گوندەدا كوردی ئێزدی و توركمان و عەرەب ژیاون. لە دەروازەی گوندەكە كۆمەڵێك ماڵی لە قوڕ دروستكراو هەن. لەنێو هەندێك لەو ماڵانەوە دووكەڵ بەرزدەبێتەوە. دوو رۆژە شەڕ لەو ناوچەیە نەماوە، بۆیە ئەو دووكەڵە ئاسایی نییە. چاوساخەكەمان ناوی رەشیدە. كوردێكی ئێزدییە كە چوار مانگ لە چیای شنگال و لە گوندی شەرفەدین شەڕی لەدژی داعش كردووە. رەشید بە گوێمدا دەچرپێنێ: "ئەوە هەندێك كورد دەچن بەدزیی پێشمەرگەوە ئاگر لەو ماڵانە بەردەدەن". لێیدەپرسم: "تۆ پێتخۆشە وادەكەن؟" بزەیەك دەكات و سەری دەلەقێنێ. رەشید و گوندییەكانی دیكەی حەردان دەڵێن هێشتا داعش نەگەیشتبووە گوندەكەیان كە ئەو عەرەبانە دەروازەكانی گوندیان داخستووە و نەیانهێشتووە كەس لە گوندەكە دەربچێت. بەوهۆیەشەوە 500 كوردی ئێزدی، كە منداڵ و پیر و لاویان تێدابوون، كەوتوونەتە دەست داعش و كۆمەڵكوژ كراون.
لە یەكێك لەو گوندییانە دەپرسم: "كورد و عەرەب برا بوون، ئەو برایەتییە دوای شەڕی داعش چی بەسەردێت؟" هەموویان یەك وەڵامیان پێیە: "برایەتی لەپاش خیانەت نەما. كەسێك نامووست ببات برات نییە".
ئەوانەی لەگەڵ داعش نەڕۆیشتن
هەندێك گوند لەو ناوچەیەدا هەن كە دانیشتووانیان عەرەبن، بەڵام لەگەڵ داعش نەڕۆیشتوون. بۆنموونە لە گوندی عەوێنات عەرەبی زۆر دەژین. هەندێك لە گەنجانی خوێنگەرمی كوردی ئێزدی دەیانەوێ ئەو عەرەبانە لەو ناوچانە دەربكرێن، بەڵام پێشمەرگە رێگەیان نادات. یەكێك لەو گەنجانە نزیكەی پێنج مانگە بووەتە شەڕڤانی یەپەگە. ئەو كەسوكاری لەدەستداوە و دەڵێت: "بە چاوی خۆم بینیومە چۆن عەرەبی ئەم ناوچەیە منداڵی ئێمەیان لە درەختان بەستووەتەوە و قاچیان بڕیون یان لەسێدارەیان داون".
عەگید دەڵێت زوڵمێكی زۆر لە ئێزدیان كراوە و دەبێ ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە باجەكەی بدەن: "باجەكەش ئەوەیە كە لە ناوچەكانمان بڕۆن، ئێمە نامانەوێ ئەوان لێرە بژین". عەگید هەوڵدەدات فەرماندەیەكی پێشمەرگە قایل بكات رێگەی بدەن بچێتە نێو یەكێك لەو گوندانە. بەڵام فەرماندەكە پێیدەڵێت: "فەرمانی سەرۆكمان هەیە كە نابێ ئەوانە دەستیان بۆ ببردرێت". عەگیدیش بەڕێزەوە دەڵێت: "مادام وایە تەواو. چونكە هیچ جیاوازییەك لەنێوان شەڕڤان و پێشمەرگەدا نییە".
"شیعە نانی ئێزدیانیان نەدەخوارد"
لەنێو گوندی شەرفەدیندا، مەزاری شەرفەدینی لێیە. بۆ ئێزدییەكانی جیهان ئەو شوێنە دووەم گرنگترین شوێنی پیرۆزی ئایینەكەیانە. شێخ ئیسماعیل بەحری، مجێوری مەزاری شەرفەدین، باسی ئەو رۆژانە دەكات كە لە هاوینی رابردوودا شیعەكانی ناوچەكە لەترسی داعش پەنایان بۆ ئەوان هێناوە: "شیعەكان جاران دەیانگوت نانی دەستی ئێزدیان ناخۆین. كەچی كە پەنایان بۆ هێناین بە تامەزرۆییەوە نانەكەیان دەخواردین". جاران شێخ ئیسماعیل عەگالی بەسەرەوە بوو. لە دیوەخانەكەیدا دوو وێنەی شێخ بە عەگالەوە هەن. زۆربەی پیاوانی كوردی ئێزدی وێنەی هاوشێوەی وێنەكەی شێخیان هەن، بەڵام ئێستا مجێوری مەزاری شەرفەدین بە چەفییە و كراسێك و ریشێكی سپییەوە دەردەكەوێت. ئەو دەڵێت: "دوای ئەو خیانەتەی عەرەبەكانی ناوچەكەمان لێیانكردین، بڕیارماندا چیدی عەگال لەسەر نەنێین. ئێستا زۆر بەكەمی عەگال بەسەرێكی ئێزدی دەدۆزیتەوە. ئەوەی عەگالیش لەسەربنێت دیارە رێز بۆخۆی دانانێت".
كۆمەڵكوژی بە عەگالەوە
لە دەوروبەری شەرفەدین زۆرتر لە چوار گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە. ئەوانەی لەو گۆڕانەدان هەموویان كوردی ئێزدین. هەندێكیان ناسنامەكانیان پێبووە. داعش ئەو كوردانەی بەكۆمەڵ كۆكردووەتەوە و گوللەبارانی كردوون. دواییش بە شۆفڵ چاڵیان هەڵكەندووە و تەرمەكانیان خستووەتە ناویەوە. هێشتا ئەگەر كەمێك چاڵەكە بكۆڵیت پارچە گۆشت و خوێن دەبینی. زۆرترین شتیش كە بەرچاوت دەكەوێت چەفییە و عەگالە. لەسەر هەر چەفییەیەك ئاسەواری زۆرتر لە گوللەیەك هەیە. داعش كوردە ئێزدییەكانی بە عەگالەوە كۆمەڵكوژ كردووە.
هەرێمێكی سەربەخۆ
شێخ ئیسماعیل، كە لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا كۆلێژی یاسای تەواوكردووە و نزیكەی 20 ساڵیش لە زیندانی ئەبو غرێبدا ماوەتەوە، یەكێك بووە لە رێبەرانی ئەو جەنگاوەرانەی چوار مانگ بەرگرییان لە مەزاری شەرفەدین و چیای شنگال كرد. لەپشت ماڵی شێخ و لەسەرووی مەزارەكە بە زمانی ئینگلیزی لە داوێنی چیای شنگال نووسراوە: "هێڵپ ئەز". واتە "فریامان بكەون". شێخ دیسان داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات فریایان بكەون: "داوا دەكەین لەم ناوچەیەدا هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ ئێزدیان دروست بێت كە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بێت و سەر بە هەرێمی كوردستان بێت". بەڵام لەو هەرێمە سەربەخۆیەدا كە شێخ باسیدەكات، عەرەب جێگەیان نابێتەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ