رووداو - سلێمانی
توندووتیژی دژی پیاوان لە سلێمانی لەزیادبووندایە و لەساڵی 2016دا، 377 پیاو لەسەر بەکارهێنانی توندووتیژی دژیان سکاڵایان لای پۆلیس تۆمارکردووە و پیاوێکیش دەڵێت "ژنەکەم لە ماڵەوە دەریکردووم".
پیاوان جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەرامبەر توندووتیژییەکان بێدەنگ نەبوون و سەتان سکاڵایان تۆمارکردووە، پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی خێزان دەڵێت، پیاوان راشکاوانە دێنە لای ئەوان و سکاڵا تۆمار دەکەن".
چیرۆكی پیاوێک تەواو پێچەوانەی زۆربەی ئەو چیرۆكانەیە کە لەنێو دۆسییەكانی دادگان و ئەو دەڵێت، قوربانی دەستی هاوژینەكەیەتی و ماوەی چوار ساڵە توندووتیژی بەرامبەر دەكرێت، تاوەکو کار گەیشتووەتە ئەوەی لە ماڵەکەی دەربكرێت و لە سێ منداڵەكەی دووربخرێتەوە، دووجاریش سكاڵای لەدژی هاوژینەكەی تۆماركردووە.
ئەو پیاوەی ژنەکەی لەماڵەوە دەریکردووە، لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) گوتی "ژنەكەم لە ماڵەکەم بێبەشی كردووم و دەریكردووم، ئەوەی كە زۆر ناخۆشە ناهێڵی منداڵەكانم ببینم و قسەیان لەگەڵدا بكەم، جگە لەو توندووتیژییانەی كە بەرامبەرم كردوویەتی، بەڵام هەر بێدەنگیم هەڵبژارد و پاشان بڕیارمدا سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماربکەم و شكات بكەم، چونكە منداڵەكانم لەدوای خوا و باوكم ئەوانم زۆر خۆش دەوێت، بۆیە هێشتا هەر دەڵێم قەینا لەبەر منداڵەكانم".
رێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان، داڵدەی ئەو پیاوانە دەدات كە تووندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت، سەرۆكی رێكخراوەكە هۆشداریی دەدا لەوەی ژنان بێبەزەییانە هاوژینەكانیان بچەوسێننەوە و ماڵ بەدەریان بكەن.
بورهان عەلی، سكرتێری گشتی یەكێتی پیاوانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "زۆر گوتن لەگەڵ پیاوان و بۆڵە بۆڵكردن بەسەریاندا، ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكانی توندووتیژی كە رێژەیەكی زۆری پیاوان كێشەیان هەیە، هۆكارێكی دیكەش قەیرانی داراییە كە كێشەكی زۆری بۆ پیاوان دروستكردووە و بەردەوام رێژەی توندووتیژییەكان دژ بە پیاوان بەرز دەبێتەوە".
لەنێو تۆمارەكانی پۆلیسدا بەردەوام ئەو توندووتیژیانەی كە بەرامبەر بەئافرەتان ئەنجام دەدرێت لە هەڵكشاندایە، هەربۆیە بەشێك لە پیاوان نایانەوێت ئەو توندووتیژیانەی بەرامبەرییان دەكرێت بەبێ دەنگی بمێنێتەوە.
هیوا كەریم، بەڕێوەبەری پۆلیسی رۆژئاوای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان لە سلێمانی دەڵێت "دەكرێ بڵێن بەشێك لە پیاوانیش توندووتیژییان لەلایەن ژنەكانیانەوە بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، ئەمەش لەوە دەردەكەوێت كە پیاوان ئێستا روو لە سكاڵا تۆماركردن دەكەن".
بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی خێزان، لە ساڵی 2016 دا 377 پیاو سكاڵایان تۆماركردووە و ئامارەكانی رێكخراوی پیاوانی كوردستانیش دەڵێت "ساڵی 2016 لە رێکخراوەکەی ئێمەدا 569 پیاو سكاڵایان تۆماركردووە، كە 46 حاڵەتیان خۆكوشتن بووە و هەشت حاڵەتیشیان كوشتن بووە لەلایەن هاوژینەكانیانەوە".
داڕشتنەوە: راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ