چی لە جەستەتدا روودەدات کاتێک واز لە شەکر دەهێنی؟

01-07-2017
ئاراس برادۆستی
ئاراس برادۆستی
نیشانەکردن خۆراک، شەکر
A+ A-

 
 
رووداو - NHS 

دەزگای نەتەوەیی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە بەریتانیا (NHS) داوا لە بەریتانییەکان دەکات خواردنی شەکر کەم بکەنەوە، چونکە کەمکردنەوەی شەکر لە خۆراکی رۆژانەدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەندروستی دەبێت. 
دامەزراوە بەریتانییەکە لە راگەیێنراوێکدا نیگەرانی دەردەبڕێت لە بڕی شەکری وەرگیراو لە رۆژێکدا کە بەپێی داتاکانی ئەوان بەریتانییەکان رۆژانە سێ ئەوەندەی بڕی رێگەپێدراو شەکر دەخۆن. 
 NHS دەڵێت: "هەر بەریتانییەک هەفتانە 140 کەوچکەچا شەکر دەخوات، ئەمەش لەداهاتوودا تووشی چەندین کێشەی دەکات". 
NHS بۆ هاندانی بەریتانییەکان چەند سوودێکی وازهێنان لە خواردنی شەکر دەخاتەڕوو، لەوانە: 
 
کێش دادەبەزێنی 
NHS گوتەی پرۆفیسۆر ناڤید ساتا، لە زانکۆی گلاسکۆ بە نموونە دەهێنێتەوە کە دەڵێت: "وەرگرتنی بڕی ئاسایی شەکر لە رۆژێکدا پێویستە، بەڵام لە بڕی رێگەپێدراو زیاتر دەتکاتە قەڵەوێکی هەمیشە نەخۆش". دەزگا بەریتانییەکە دەڵێت ئەو مەترسییەی لە شەکردا هەیە، ئەگەر بیزانیت، ئەوا تامە شیرینەکەی لەنێو دەمتدا دەبێتە تامێکی تاڵ. 
 
دڵت کاراتر دەبێت 
 توێژینەوەیەکی پزیشکانی ئەمەریکی لەساڵی 2014 دەریخستبوو خواردنی رۆژانەی سێ کێکی شیرین مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەخێرایی بەرز دەکاتەوە. NHS دەڵێت کێشەکە لەوەدایە کە شەکری نێو خۆراکەکان نادیارە و بە بێدەنگی دەچێتە نێو جەستەوە، ئەمەش مەترسییەکە چەند هێندە دەکات. دەزگای نەتەوەیی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە بەریتانیا شەکر بە "دوژمنێکی سەرسەختی دڵ" ناودەبات. 
 
بێتاقەتی لەناکاوت نامێنێ 
NHS دەڵێت ئەگەر لەو کەسانە بیت کە بەردەوام خۆراکە شیرینەکان دەخۆیت، بە دڵنیاییەوە دابەزینی ئاستی شەکریش لە خوێنتدا خێراترە، ئەمەش زیاتر تووشی داهێزرانی لەش و بێهێزیت دەکات، ئەگەر دەست لە شەکر و خۆراکە شیرینەکان هەڵگری، لەو کاریگەرییە لاوەکییەی "دوژمنە سپییەکە"ش بەدوور دەبی، چونکە ئیدی رێژەی شەکر لە خوێنتدا هەڵبەز و دابەز ناکات. 
 
 
لە شێرپەنجە بەدوور دەبى 
 
دەزگا بەریتانییەکە بە پشتبەستن بە سەنتەری بەریتانی بۆ توێژینەوە لە شێرپەنجە دەڵێت ئەگەر خواردنی بڕی زۆری شەکر و شیرینی هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوون بە قەڵەوی بێت، قەڵەویش مەترسیی تووشبوون بە 13 جۆری شێرپەنجە زیاد دەکات، لەکاتێکدا کە شەکر لەنێو خەڵکیدا بە هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجە نەناسراوە. 
 
ددانەکانت پتەوتر دەبن 
NHS بە بیری هەمووانی دێنێتەوە کە شەکر ددانەکان وێران دەکات، لە بەریتانییەکان دەپرسێت: 
 "لە خوێندنی سەرەتاییەوە فێربوون کە شەکر ددانەکان تێکدەدات، بۆچی وازی لێ ناهێنن؟". 
دەزگای نەتەوەیی خزمەتگوزاریی تەندروستی داوا دەکات مەترسییەکانی شەکر وردتر بخرێنە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە، تاوەکوو خەڵکی لێی دووربکەونەوە. 
 
 
 بیرکردنەوەت باشتر دەبێت 
د.سارا بریوەر، پسپۆڕی خۆراکی دروست دەڵێت: "خانەکانی مێشک پێویستیان بە شەکر هەیە بۆ کارکردن، بەڵام ئەگەر شەکرەکە لە بڕی ئاسایی تێپەڕی، کارکردنی مێشک هێواش دەکاتەوە". 
سارا ئەمە بە هۆکاری بیرتەپیی ئەو کەسانە دەزانێت کە بەردەوام شیرینی دەخۆن. 
 
بەرگریی جەستە بەهێز دەبێت 
خواردنی شەکری زۆر، ئەو خانە جەنگاوەرانەی سیستمی بەرگریی جەستە خاو دەکاتەوە کە هێرش دەکەنە سەر بەکتریاکان. NHS دەڵێت بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی جەستەتان، واز لە شەکر بهێنن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە