رووداو-سلێمانی
خۆراكۆكەكان ئەو خواردنانەن كە پێویستن بۆ لەشمان، چونكە بەشدارن لە كارلێكە كیمیاییەكانی جەستەی مرۆڤ یان بونیادنانی خانەكان، بەڵام وەكو چەوری و نیشاستە و پرۆتین، وزەبەخش نین. ئەمەش ڤیتامینەكان و خوێیەكان و كانزاكان دەگرێتەوە، لێرەدا تەنیا باسی ڤیتامینەكان دەكەین.
ناتكەنە سوپەرمان
ڤیتامینەكان كۆمەڵێك خۆراكی بچووكن كە گرنگن بۆ رێكخستنی كارلێكە كیمیاییەكانی لەش و بنیادنانی هەندێك خانە و شانەی لەش. هەر ڤیتامینێك سوودێكی تایبەتی هەیە بۆ مرۆڤی ساخ و نەخۆش، بەڵام لە ئاستێكی گونجاودا. واتە وەك زانراوە ئەگەر كەم بن ئەوا دەبنە نەخۆشی، بەڵام ئەگەر زیادیش بن لە پێویست هەر دەبنە نەخۆشی! جاران وا باو بوو كە ئەگەر ڤیتامینەكان بە دەرمان بخۆین ئەوە بەهێزمان دەكەن، بەڵام ئەمە هەڵەیە. بەڵكو ئەگەر لەخۆمانەوە بیانخۆین رەنگە زیانمان پێ بگەیەنن. لە كۆمەڵگەی خۆماندا ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەڵكێكی زۆر ئەو ڤیتامینانە بە حەب یان گیراوە دەكڕن و دەیخۆن، وادەزانن دەبنە سوپەرمان و بەهێز دەبن، بەڵام ئەمە راست نییە.
جۆرەكانی ڤیتامین:
ڤیتامین A : لە جگەری ئاژەڵدا زۆرە و كەمتر لە شیر و شیرەمەنییەكانیشدا هەیە. ئەگەر كەم بكات، دەبێتە هۆی تێكچوونی پێست. هەندێكجار لە هەندێك وڵاتی ئاسیادا دەبێتە هۆی كوێریی منداڵ، بەڵام لە كوردستان ئەم حاڵەتە نییە. هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی خواردنی باش لە دایكەكاندا لای ئێمە. ئەگەر لەخۆتەوە بیخۆیت و رێژەكەی لە لەشدا زیادببێ، دەبێتە هۆی نەخۆشی. بەتایبەتی لە ئافرەتی دووگیاندا، دەبێتە هۆی نەخۆشیی زگماكی لە منداڵەكەیدا. بۆیە ئافرەتی سكپڕ ئەگەر ئەو جۆرە ڤیتامینەی كەم نەبێت، نابێ هەرگیز بیخوات. هەر لەبەر هەمان هۆكار باش نییە ئافرەتی دووگیان جگەری ئاژەڵ بخوات.
ڤیتامین D : لە رۆنی ماسیدا زۆرە، كەمتر لە هەتاو و زەردێنەی هێلكەشدا هەیە.
ڤیتامین A : لە رۆنی گوڵەبەڕۆژەدا زۆرە، كەمتر لە گوێزیشدا هەیە. دەركەوتووە کە ئەو میللەتانەی خۆراكی پڕ لەو ڤیتامینە دەخۆن كەمتر تووشی نەخۆشیی دڵ دەبن، وەكو ژاپۆن، بەڵام لێكۆڵینەوە گەورەكان دەریانخستووە حەبی ئەو جۆرە ڤیتامینە نابێتە هۆی تووشنەبوون بە نەخۆخشیی دڵ.
ڤیتامین K : لە سەوزە گەڵا پانەكاندا زۆرە. كەمتر لەڕێگەی ریخۆڵەی مرۆڤیشەوە دروستدەبێت. هەموو منداڵێك كە لەدایك دەبێت، پێویستە دەرزییەكی ئەو جۆرە ڤیتامینە وەربگرێ، بۆئەوەی رێگە لە خوێنبەربوون بگرێ.
ڤیتامین B1 : لە گۆشتی بەرازدا زۆرە، كەمتر لە گەنم و برنجیشدا هەیە. ئەگەر یەكێك لە دارستانێكدا بمێنێتەوە و خۆراكی باش نەبێت، تووشی كەمیی ئەو جۆرە ڤیتامینە دەبێت، كە نەخۆشییەكی گران دروستدەكات. هەر لە پەككەوتنی جووڵەی مرۆڤەوە تاوەكو سستیی دڵ و تێكچوونی دەروونی، بەڵام نەخۆشییەكە زۆرتر تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە كحول زۆر دەخۆنەوە، لە كوردستان بەو نەخۆشییە دەگوترێ (بێری بێری) بە سریلانكی واتە (ناتوانم ناتوانم).
- ڤیتامین B2 : لە شیردا زۆرە، كەمتر لە ژەمی بەیانیانیشدا هەیە (ئەو ژەمە لای ئێمە زۆر كەم دەخورێت). ئەگەر كەسێك بەدخۆراك بێت، یەكێك لەو ڤیتامینانەی كە كەمدەكەن ئەمەیە، دەبێتە هۆی قڵیشانی لێو و دەم و سووربوونەوەی زمان.
ڤیتامین B3 یان نیاسین: لە گۆشتدا زۆرە. ئەگەر كەسێك تەنیا گەنمەشامی بخوات بەتەنیا تووشی پیلاگرا دەبێت، كە نەخۆشییەكە بەهۆی كەمبوونی ئەم ڤیتامینەوە دروستدەبێت.
ڤیتامین B6 : لە گۆشتدا زۆرە، كەمتر لە سەوزەشدا هەیە. ئەگەر سكپڕێك زیاد لە پێویست بیخوات، دەبێتە هۆی نەخۆشیی زگماكی لە منداڵەكەیدا. جاران دەدرایە دایكی سكپڕ بۆ چارەسەری رشانەوە و دڵتێكهەڵاتنی سكپڕی، بەڵام دەركەوتووە کە هیچ سوودێكی زانستیی نییە، بگرە خراپیشە.
ڤیتامین فۆلەیت یان فۆلیك ئەسید: لە جگەردا زۆرە، كەمتر لە گەڵای سەوزە گەورەكانیشدا وەك سڵق هەیە. هیچ دایكێك نابێ سكی هەبێت یان پێش سكپڕیش و حەبی فۆلیك ئەسید نەخوات، بە لایەنیكەمەوە سێ مانگی یەكەم، چونكە كەمیی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی زگماكی لە منداڵەكەیدا. بەداخەوە رۆژانە دایكی سكپڕ دەبینین كە فۆلیك ئەسید ناخوات و ئاگای لێنییە. ئەو كەسانەش كە گۆشتی سوور (گۆشتی ئاژەڵ) لە خۆیان قەدەخە دەكەن و خوێنیان كەمدەكات، بەهۆی كەمیی ئەم ڤیتامینەوەیە.
جارناجارێك نەخۆشێكی شەكرە دەبینم كە گۆشتی لەخۆی قەدەخە كردووە، بەڵام رۆژی دوو نانی كوردی دەخوات، دەیبینی كەمخوێنە و هێزی پێنەماوە، بەڵام شەكرەكەشی هەر بەرزە. هەموو ئەمانە لەئەنجامی تێگەشتنی هەڵەوەیە.
- ڤیتامین B12 : لە گۆشتی ئاژەڵدا زۆرە. ئەگەر كەم ببێت دەبێتە هۆی كەمخوێنی یان سستبوون و ئیفلیجیی لاسەری مرۆڤ. هەندێكجار زۆر بە شاراوەیی كەمدەبێتەوە و دەبێتە هۆی خڵەفانی مرۆڤ. ئەمەش زۆربەی كات لەئەنجامی تەرككردنی گۆشتی ئاژەڵەوەیە بە هەڵە.
- ڤیتامین بایۆتین: لە زەردێنەی هێلكەدا زۆرە. گرنگە بۆ كارلێكەكانی جگەری مرۆڤ.
- ڤیتامین C : لە میوە ترشەكاندا زۆرە، وەكو پرتەقاڵ، كەمتر لە میوە و سەوزە فرێشەكانیشدا هەیە. كەمیی ڤیتامین سی ناسراوە لە كوردەواری خۆماندا، چونكە لە ساڵانی چل و پەنجاكاندا پارە نەبووە میوەی تازە بخۆین، بۆیە نەخۆشیی ئەسكەرپووت دروست دەبوو. ئێستا زۆر كەمە یان نییە.
لە كێدا كەمدەكات؟
زۆربەی كات ڤیتامینەكان لەو كەسانەدا كەم دەكات كە كحول زۆر دەخۆنەوە یان كەسێك خواردنێكی تایبەتی وەكو گۆشتی ئاژەڵ لەخۆی حەرام دەكات، یان منداڵان كە خۆراكی باش ناخۆن. ژەهراوی بوونیش بە ڤیتامینەكان زۆربەی كات لەو كەسانەدا روودەدات كە لە خۆیانەوە حەبی ڤیتامینەكان دەخۆن.
* پسپۆری نەخۆشییەكانی هەناو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ