ئۆتیزم دەبێ زوو دەستنیشانبکرێ

03-04-2017
رووداو @Rudawkurdish
.
.
نیشانەکردن ئۆتیزم
A+ A-

ئۆتیزم نەخۆشییەكە تیایدا منداڵ لە سێ رووەوە نائاسایی دەبێت و گرفتی دەبێت: لایەنی كۆمەڵایەتی و تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی دیكە، لایەنی پەیوەندیكردن بە چوار دەور و گەیاندنی هەستەكانی خود و تێگەیشتن لە هەستی كەسانی دیكە، هەروەها هەندێك هەڵسوكەوتی سەیر و دووبارە. راددەی توندییەكەشیان جیاوازە، لە منداڵێك كە تەنیا هەستدەكرێ لەوانی دیكە جیاوازە و پێویستی بە هەندێك چاودێرییە، بۆ یەكێك كە تەواو تواناكانی سنوورداران و بێ پشتیوانی ئەوانی دیكە تووشی چەندین سەختی دەبێتەوە.

ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە، گرفتیان هەیە لە رووەكانی كۆمەڵایەتی، سۆزداری و توانای پەیوەندی بەستن. لەوانەیە كۆمەڵێك هەڵسوكەوتی سەیر بە راددەیەک دووبارە بکەنەوە کە بە ئاسانی لەلایەن خەڵکانی دیکەوە هەستیپطدەکرێ و نائاسایی دەبیندرێ. ئەوان بە رێگەی جیاواز فێردەبن، یاریدەكەن و كاردانەوەشیان بۆ كەس و شتەكانی چوار دەەوریان وەك هی كەسێكی ئاسایی نییە.

لە تەمەنی 2-3 ساڵییەوە هەست بە نیشانەكانی ئۆتیزم دەكرێن و ئەگەر هەر زوو ببرێنە لای پەروەردەكاری تایبەت، هاریكارییان دەكرێت بە شێوازی تایبەت فێربكرێن و هەندێك توانایان بۆ بگێڕدرێتەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی، نیوەی دایك و باوكانی منداڵانی ئۆتیزم لە تەمەنی 18 مانگی منداڵەكانیاندا هەستیان بە نیشانەكان كردووە و 80% یان لە تەمەنی دوو ساڵی هەستیان پێكردوون.

هیچ پشكنینێكی تاقیگەیی نییە ئەم نەخۆشییە دەستنیشان بكات، بەڵكو سەرنجدان هەڵسوكەوت و سرووشتی كەسەكە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی منداڵێك ئۆتیزمی هەیە. كوڕان پێنج هێندەی كچان زۆرتر تووشی ئۆتیزم دەبن.

دەرمانێكیش نییە بدرێتە منداڵ بە مەبەستی چاكبوونەوەی، بەڵكو پێویستی بە خولی راهێنان و پەروەردەی تایبەت هەیە تاكو فێری هەڵسوكەوتی تاڕادەیەك ئاسایی ببێت و بەشێوازی جیاكەرەوەی خۆیشی زانیاری پێبدرێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە