د.شادمان حەمەئەمین
زۆر لە دایكان گرفتارن بەدەست سووربوونەوەی شوێنی دایبیی منداڵەكانیانەوە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر بەكارهێنانی رێگای جیاواز بۆ نەهێشتنی ئەو سووربوونەوەیە. بەڵام مەرج نییە هەموو سووربوونەوەیەك (كە هەندێكجار سووتانەوەشی پێدەگوترێ) پەیوەندی بە دایبییەوە هەبێت.
ئەو سووتانەوانەی پەیوەندییان بە دایبیەوە هەیە :
1- سووربوونەوەی بەركەوتە (هەستیاری):
-ناسینەوە: سووربوونەوەی بریقەداری بەرزاییەكانی سمت، نێوانی ران، بەشی خوارەوەی سك، بەشی سەرەوەی ران، لۆچەكانی نێوان ران بەهیچ شێوەیەك تووش نابن (سپین!)، ئەگەر چارەسەر نەكرێت وەكو برینی قووڵی لێدێت (ئەمەش یەكێكە لە نیشانەكانی خراپ مامەڵەكردن و پشتگوێخستنی منداڵ)
- هۆكارەكەی: درەنگ گۆڕینی دایبی، سكچوون.. لەوانەشە هەر رووبدات ئەگەرچی زوو زووش دایبی بگۆڕدرێت! بەركەوتنی میز و گۆڕینی تفتی ئەو شوێنە هۆكاری سووربوونەوەكەیە..
- چارەسەر: زوو پاككردنەوە، منداڵەكە ماوەیەك بێ دایبی دابنرێ، بەكارهێنانی هەندێ پارێزەر، بەزۆری سێ رۆژ دەخایەنێ.. ئەگەر هەر زیادی كرد بەكارهێنانی مەرهەمی هایدرۆكۆرتیزۆن، رۆژی دوو جار.
2- هەوكردنی كەڕوویی :
- ناسینەوە: لەو سووربوونەوەیەی سەرەوە دەچێت، بەرزبوونەوە و كۆبوونەوەی كێمی بچووك، لۆچەكانی نێوان رانیش سوور دەبێتەوە، هەروەها پەڵەی سووری ورد دەوری سووربوونەوە گەورەكەی داوە، سێ رۆژ بەردەوام دەبێ، بە ئازارە (منداڵەكە لەكاتی پیسایی و میزكردن و گۆڕینی دایبی زۆر دەگریەت.
- هۆكار: كەڕووی كاندیدا.
-چارەسەر: بەكارهێنانی مەرهەمی نیستاتیین ، یان كلۆتریمازۆل رۆژی دوو جار.
3- سووربوونەوەی شوێنی دایبی و بەشی دیكەی لەش:
أ- وشكە بیرۆ :
- ناسینەوە: لەدوای تەمەنی دوو مانگی دەست پێدەكات، پێستیان وشكە، منداڵەكە یان خێزانەكە هەستیارییان هەیە (هەستیاریی بەهارە، رەبۆ)، سووربوونەوەی كوڵم، پشتەمل، بەردەم ئانیشك، پشت ئەژنۆ ، شوینی دایبی زۆر كەم تووش دەبێت، خورووی زۆر !
- هۆكار: هەستیاریی پێست.
- چارەسەر:
* دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی سابوون و جلی نایلۆن-خوری ، بەكارهێنانی جلی لۆكە .
* چەوركردنی پێست رۆژی چەند جارێك.
* بەكارهێنانی مەرهەمی هایدرۆكۆرتیزۆن 1%، رۆژانە دووجار.
* زوو چارەسەركردنی هەوكردنەكانی پێست.
* دووركەوتنەوە لەو خواردنانەی پێی هەستیارە: هێلكە، عەلی بابا و شیری قوتوو (مانگا).
داهاتووی نەخۆش: زۆربەیان چاك دەبنەوە، 30%یان تووشی رەبۆ دەبن. ئەگەری تووشبوونیان بە بەكتریای ستاف و ڤایرۆسی هیرپس.
ب- سووربوونەوەی پێستی چەور - سیبۆریا :
ناسینەوە: لە نێوان دوو هەفتەدا تاوەكو مانگێك روودەدات. پێستیان چەورە، دەركەوتنی پەڵەی سووری چەور، توێخدار، رەقبوو لە پێستی سەر، دەموچاو، پشتەگوێ، بەشی خوارەوەی مل، بنباڵ، شوێنی دایبی (لۆچەكان بەسەختی تووش دەبن) ، خورووی نییە.
هۆكار: نادیارە.
چارەسەر: چەوركردنی سەر بە مەرهەمی (سەلفەر-سالیسایلیك ئەسید) ، بیتامیسازۆن و كیتۆكۆنازۆل بۆ لەش.
بەڵام هەندێك لە سووربوونەوەكان هیچ پەیوەندییان بە دایبی منداڵەوە نییە، ئەوانیش زۆر دەگمەن و مەترسیدارن، لەوانەش كەمیی زینكی بۆماوەیی، نەخۆشیی لانگەرهانس و نەخۆشیی ویسكۆت .



.png&w=3840&q=75)
