هەموو شتێک دەربارەی شێرپەنجە

06-03-2016
هونەر رێبوار
نیشانەکردن شێرپەنجە
A+ A-

رووداو - هەولێر

شێرپەنجە

شێرپەنجە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و لەزۆربەی جۆرەکانیدا کوشندەیە، خانە شێرپەنجەییەکان بەوە ناسراون بەبێ کۆنتڕۆڵ دابەشدەبن و زۆردەبن، هەندێکیان ماددەگەلی شێوەی هۆڕمۆنی دەردەدەن و پێکهاتە و فرمانی جەستە تێکدەدەن، هەندێکیشیان کاتێک لە شوێنێکی جەستە دروستدەبن، خانەکانی نزیکی خۆیان داگیردەکەن و بڵاودەبنەوە. 

جۆرەکانی شێرپەنجە


زیاتر لە 100 جۆری شێرپەنجە هەن، کە دەتوانن هەموو بەشێکی جەستە بگرنەوە و بەپێی ئەو شوێن و خانەیەی سەرەتا لێی دەردەکەون ناودەبرێن.
شێرپەنجە بەپێی ئەو شوێنەی کە تێیدا دروستدەبێت چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و لە خانمان و پیاواندا جۆرەباوەکانی شێرپەنجە جیاوازن

باوترین جۆرەکانی شێڕپەنجە لە خانمان:

باوترین ئەو جۆرانەی شێرپەنجەی کە لە خانماندا هەن یەک لەدوای یەک بریتین لە شێرپەنجەی مەمک، سییەکان، گەدە، کۆڵۆن و ملی منداڵدان.

باوترین جۆرەکانی شێڕپەنجە لە پیاوان:

باوترین ئەو جۆرانەی شێرپەنجەی کە لە پیاواندا هەن یەک لەدوای یەک بریتین لە شێرپەنجەی سییەکان، گەدە، جگەر، کۆڵۆن، رێکە و سورێنچک.



هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە:


1- جگەرە
جگەرەکێشان گەورەترین هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەیە، بەوەی حه‌وت هه‌زار مادده‌ی كیمیایی له‌ جگه‌ره‌دا هه‌ن، كه‌ 70 یان رێگە بۆ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه خۆشدەکەن‌.

2- نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان
ڤایرۆسەکانی وەک HPV کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەروەها ڤایرۆسی جگەر HBV  وHCV  کە تووشی جگەر دەبن، دەبنە هۆی بەشەمێبوون و شێرپەنجەی جگەر.

3- قەڵەوی و شێوازی ژیان
كۆمه‌ڵه‌ی شێرپه‌نجه‌ی ئه‌مریكی ده‌ڵێت 33%ی حاڵه‌ته‌كانی شێرپه‌نجه‌ به‌هۆی خۆراكی ناته‌ندروست، ناچالاكی جه‌سته‌یی و قه‌ڵه‌وین.

4-پیسبوونی ژینگە
زۆربوونی کارگەکان، دوکەڵ و هەندێک ماددەی دیکەی وەکو بەنزین هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە و سەرەنجام مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان و میزەڵدان زیاددەکەن.

5- بەرکەوتنی تیشک
تیشکە زیانبەخشەکانی وەک تیشكی سەروبنەوشەیی، تیشكی گاما و رادۆن دەبنە هۆی شێرپه‌نجه‌.
زۆربەی خەڵکی نیگەرانن سه‌باره‌ت به‌ شه‌پۆلی مۆبایل و تاوه‌ره‌كانی، به‌ڵام هێشتا به‌ڵگه‌ی روون لەبەردەست نین بۆ سەلماندنی ئەوەی کە مۆبایل و تاوه‌رەکانی ئینتەرنێت ده‌بنه‌هۆی شێرپه‌نجه.

6- بۆماوەیی
تەنها لە 5-10%ی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە بۆماوەیین و لە هەندێک خێزان بڵاوترن.

7- هۆكاری دیكه‌
کەرەستەی ئارایشت و قوڕقوشم دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.




ئامارەکانی شێرپەنجە

تەنیا لە ساڵی 2012 نزیکەی 14 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە دەستنیشانکراون و لەنێویشیاندا 8.2 ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجە مردوون. 
ساڵانە 1.5 ملیۆن حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لەئەمریکا دەستنیشاندەکرێن و لە نێویشیاندا 575 هەزار کەس دەمرن.


نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە


زۆرجار تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە هیچ نیشانەیەکیان نابێت و تەنانەت نەخۆش هەست بە ئازار ناکات، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ درەنگ دەستنیشانکردنی زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە و زۆرجار پزیشك لەکاتی پشکنینێکی رۆتینی یان گەڕان بەدوای نەخۆشییەکی دیکەدا شێرپەنجە دەستنیشاندەکات.

ئەو نیشانانەی کە لە زۆربەی تووشبووەکان دەردەکەون بریتین لە:
سەرئێشە, رشانەوە, بێهێزی، دابەزینی کێش، خوێن بینین لە پیسایی یان لە میزدا، لە هەندێ حاڵەتدا نەخۆش هەست بە دروستبوونی گرێ دەکات و هەندێکجاریش گرێ لیمفاوییەکانی جەستە گەورەدەبن.


چارەسەری شێرپەنجە

چارەسەری شێرپەنجە بەگوێرەی قۆناخی شێرپەنجەکە و جۆرەکەی دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی ئەم جۆرە چارەسەرانە بۆ تووشبووان دەکرێن:

1- چارەسەر بە دەرمان
2- چارەسەری کیمیایی
3- چارەسەری تیشکی
4- چارەسەر بایۆلۆجی و ھۆرمۆنی
5- ئەنجامدانی نەشتەرگەری
6- چارەسەر بە چاندنی مۆخ

چارەسەری شێرپەنجە لەلایەن کۆمەڵێک پزیشكی تایبەتمەندەوە دەکرێت و هەندێکجار دوو یان سێ لەم چارەسەرانە بەکاردەهێنرێن.



خۆپاراستن لە شێرپەنجە

1- رۆژانە خواردنی سەوزە و میوە
2- خوارنی خۆراکی تازە و دوورکەوتنەوە لە خواردنی لە قوتونراو و کەمکردنەوەی گۆشتی سوور
3- گرنگیدان بە وەرزشکردنی رۆژانە و پێویستە هەفتانە 150 خولەک وەرزشبکرێت
4- وازهێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی مەی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە