سەرۆکی دەستەی پاراستنی ژینگە: لیست و کاندیدەکان پابەندی رێنماییەکان نین

07-05-2018
فەرهاد دۆڵەمەری
سەمەد محەممەد: سووتاندنی پۆستەرەکان کاریگەرییەکەی خراپترە
سەمەد محەممەد: سووتاندنی پۆستەرەکان کاریگەرییەکەی خراپترە
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو - هەولێر

پزیشكێكی پسپۆڕ لە باشووری کوردستان دەڵێت، ئەو پۆستەرانەی کەماددەی پلاستییکیان تێدایە و لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێندرێن، ژینگە پیسدەکەن و هۆکاری چەندین نەخۆشیین. 

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەش دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان پابەندی رێنماییەکانی ئەوان نەبوون لە هەڵواسینی پۆستەرەکان و ژینگەیان پیسکردووە. دەشڵێت ئەگەر ئەو پۆستەرانە بسوتێندرێن ئەوا کاریگەریەکەی خراپتر دەبێت ئاو و هەواش پیسدەکات.

رێنماییەکانی شارەوانی و ژینگە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ لیست و کاندیدەکان بریتین لە: قەدەخەکردنی خەرجکردنی پارەی دەوڵەت و موڵکی گشتی، بەکارنەهێنانی فەرمانگە حکومییەکان، شوێنە ئایینییەکان، نێوەندەکانی خوێندن و شوێنەوارەکان، دوورکەوتنەوە لە نانەوەی ئاژاوە و وروژاندنی تووندوتیژی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی. بەکارنەهێنانی پارك و سەوزاییەکانی شارەوانی، نەلکاندنی پۆستەر لەسەر هێماکانی هاتووچۆ و ستوونی ترافیک لایتەکان، بەکارنەهێنانی ماددەی لکێنەری وەکو سیکۆتین، کەتیرە و لەزگە، چونکە بە هیچ ماددەیەک پاکناکرێنەوە. 

لیست و کاندیدەکان پابەندی سەرجەم رێنماییەکان نەبوون. نموونەش شوێنی وەستانی پاسەکانە کە هێشتا پیسی پۆستەرەکانی هەڵبژاردنی رابردوویان پێوەماوە و پۆستەری ئەو هەڵبژاردنەیان لەسەر دراوەتەوە.
 
لەماوەی سێ هەفتەی بانگەشە لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 100 پێشێلکاری تۆمارکراون. وەزارەتی شارەوانی بۆ ئەوەی لیست و کاندیدەکان بە کۆکردنەوەی سەرجەم پۆستەرەکانیان پابەندبکات، داوای لە کۆمیسیۆن کردووە ئەو بارمتە داراییە نەگەڕێنێتەوە بۆ قەوارە سیاسسییەکان، تاوەکو ئەستۆپاکی لە شارەوانییەکان وەرنەگرن. 

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە