رووداو – هەولێر
"ئەگەر هیممەتی وەزیری ناوخۆ نەبووایە، مەحاڵ بوو دابخرێن، چونكە كەسانی دەستڕۆیشتوویان لە پشت بوو". ئەوە قسەی موقەددەم فەخرەددین نووری، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی شارەوانیی هەولێرە كە لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی لێژنەیەكەوە 47 سەنتەری مەساجی داخستووە.
پێدەچێ قازانجه زۆرەكەی سەنتەرەكانی مەساج، هۆكارێك بێت، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆر لە سەنتەری مەساج لە شارەكانی كوردستان بكرێنەوە، چونكە بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیس داهاتی مانگێكی سەنتەرێكی مەساج نزیكەی 100 هەزار دۆلارە.
موقەدەم فەخرەدین بە (رووداو)ی راگەیاند لە ماوەی رابردوودا گلەییەكی زۆریان لەلایەن هاونیشتیمانییان و سەنتەرەكانی چارەسەری سروشتی لەبارەی سەنتەرەكانی مەساجەوە بەدەست گەیشتووە، بۆیە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی رابردوو لێژنەیەكیان پێكهێناوە. لە ناوەڕاستی هەمان مانگدا دەستیان بە هەڵمەتی داخستنی سەنتەرەكان كردووە.
موقەدەم فەخرین دەڵێت "سەرەتا نزیكەی 7- 8 سەنتەرێكمان داخست، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆر لە سەنتەرەكان كەسانی دەستڕۆشتوویان لەپشت بوو، گوشارێكی زۆریان بۆ هێناین، تەنانەت سەنتەر هەبوو دوای ئێمە یەكسەر قوفڵەكەی ئێمەی شكاندووە و دەستبەكاربووەتەوە، بۆیە سەردانی بەرێز وەزیری ناوخۆم كرد و بارودۆخەكەم بۆ شی كردەوە، ئەویش دەسەڵاتی تەواوی پێدام بۆ داخستنی ئەو سەنتەرانە".
ئەو هەڵمەتە تاوەكو كۆتایی مانگی رابردوو بەردەوام بووە و لێژنەكە لەو ماوەیەدا 47 سەنتەری مەساجیان داخستووە. موقەدەم فەخرەدین باسی هۆكاری داخستنی ئەو سەنتەرانە دەكات و دەڵێت "ئەو 47 سەنتەرە هیچیان مۆڵەتیان نەبوو، جگە لەوەش زۆربەی ئەوانەی مەسجیان دەكرد، كارتی تەندروستییان نەبوو، هەروەها شوێنی سەنتەرەكان شیاو نەبوو، پیس و پۆخڵ بوو، لە هەندێك سەنتەر ئەو زەیت و جێڵەی بۆ مەساج بەكاردەهات، ئیكسپایەر بوو".
لەو 47 سەنتەرانەی داخراون، 12یان لە شارۆچكەی عەنكاوە بوون و ئەوانی دیكەش لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر بوون.
بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی، مۆڵەت تەنیا بە هوتێلە چوار ئەستێرەیی و پێنج ئەستێرەییەكان دەدرێت سەنتەری مەساج بكەنەوە.
زۆربەی ئەوانەی لەو سەنتەرانە كار دەكەن بیانین، موقەدەم فەخرەدین دەڵێت "زۆربەی ئەوانەی مەساج دەكەن ئافرەتی چینین، هەروەها فلیپنی، لوبنانی، بەرازیلی، عێراقی و تەنانەت ئافرەتی كوردیشیان تێدایە". بەڵام هیچ پیاوێك لەو سەنتەرانە كاری مەساج ناكات.
گواستنەوەی زیاتر لە پەنجا نەخۆشی!
پێشووتر لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان دوای سەردانكردنی ناوەندەكانی مەساج لە سلێمانی و هەولێر، رایگەیاندبوو كە 80%ی ئەو سەنتەرانە لە كاری لەشفرۆشیدا تێوەگلاون، بەتایبەت ئەوانەی هەولێر.
پزیشكێكی پسپۆڕیش هۆشداریدەدات لەوەی سەنتەرەكانی مەساج لە مەترسیدارترین جێگاكانن بۆ گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە دەگوێزرێنەوە. "ئەوانەی لەوێ كاردەكەن مۆڵەتیان بۆ مەساج وەرگرتووە نەوەك كاری دیكە، بەوەش لایەنی پەیوەندیداری تەندروستی رێوشوێنی پێویستی تێدا نەگرتوونەبەر بۆ رێگری لە نەخۆشییە گوازراوەكان لە رێگەی سێكس". د.عەبدولفەتاح هەورامی هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە پزیشكیی گشتی و مامۆستا لە سكوڵی پزیشكی زانكۆی سلێمانی وای بە (رووداو) گوت.
وەك ئەو پزیشكە باسیدەكات سێكسی نایاسایی هاوشێوەی لەشفرۆشی، ئەگەر رێوشوێنی توندی تەندروستیان بەسەردا نەسەپێنرێ، ئەوە رێگە خۆشكەرن بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 50 نەخۆشیی كورتخایەن و درێژخایەنی مەترسیدار، لەوانە: بالووكەی كۆئەندامی زاوزێ، گەڕی، سوزەنەك، زوهری، كڵامیدیا، تامێسكی دەم و ئەندامانی زاوزێ، هەوكردنی جگەر، ئایدز و چەندینی دیكە.
لە سەنتەرەكان چ دەگوزەرا؟
ئەو سەنتەرانە هەر بە تەنیا گرفتی تەندروستییان نەبووە، بەڵكو كێشەی دیكەشیان هەبووە، وەك موقەدەم فەخرەددین دەڵێت "لە بەشێكی زۆریان كاری نەشیاو دەكرا". كە بڕوای ئەو ئەو جۆرە كارانەش رەنگە ببنە هۆكارێك بۆ گواستنەوەی چەندین نەخۆشی.
ئەو نموونەی بە سەنتەرێك هێنایەوە كە 11 ئافرەتی چینی كاریان تێدا كردووە و گوتی "خاوەنی سەنتەرەكە هەڕەشەی لە ئافرەتەكان كردبوو ئەگەر لەگەڵ ئەو كەسانەی دێنە سەنتەرەكە رانەبوێرن، ئەوا دەریان دەكات. سێ لەو كچانە هاتنە لای ئێمە و سكاڵایان تۆمار كرد، بۆیە سەنتەرەكەمان داخست و خاوەنەكەشی درایە دادگا"
موقەدەم فەخرەددین دەڵێت ئەگەر ئێمە رەچاوی لایەنە كۆمەڵایەتییەكەش نەكەین دەبووایە هەر دابخرێن، چونكە هیچیان مەرجی تەندروستیان تێدا نییە. گوتیشی "رەنگە لە حاڵەتی سێكس لەگەڵ ئەو ژنانە، نەخۆشی وەكو فایرۆسی هەوكردنی جگەر، یان ئایدز بگوازرێنەوە".
هەروەها دەڵێت "ئافرەتەكان بە جلی زۆر نەشیاو و نیمچەڕووت مەساجیان بۆ خەڵك دەكرد، بەڵام بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی ئەو جۆرە جلانە بۆ مەساج رێگەپێنەدراوە". گوتیشی "بەپێی رێنمایی وەزارەتی تەندروستی ئەوانەی مەساج بۆ خەڵك دەكەن دەبێ بڕوانامەی ئەو بوارەیان هەبێ، بەڵام كەمیان بڕوانامەیان هەبوو".
زۆربەی ئەو سەنتەرانە تابلۆیەكیان هەڵواسیوە و نووسیویانە سەنتەری چارەسەری سروشتی، بەڵام بە گوتەی موقەدەم فەخرەین، ئەوانە هیچیان چارەسەری سروشتیان بۆ خەڵك نەكردووە، تەنانەت گرفتیان بۆ ئەو كەسانەش دروست كردووە كە سەنتەری چارەسەری سروشتییان هەیە و دەڵێت "خەڵك چووەتە سەنتەرەكانی چارەسەری سروشتی، پرسیاریان كردووە ئایا ئافرەتی چینی، فیلیپنی، عەرەب، چینیتان لەلایە".
خۆپاراستن لەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە دەگوێزرێنەوە
- باشترین رێگا بۆ خۆپاراستن بریتییە لە پابەندبوون بە تەنیا یەك هاوەڵ (هاوسەر) لە پەیوەندییە سێكسییەكاندا.
- ئەگەر لەگەڵ چەند كەسێك سێكس دەكەیت، رەچاوی ئەم خاڵانە بكە:
-1 بەكارهێنانی كۆندۆم
-2 دڵنیابە لەوەی كەسی بەرامبەر تووشبووی یەكێك لەو نەخۆشییانە نییە.
-3 چاودێری خۆت بكە و ئەگەر یەكێك لە نیشانەكانی ئەم نەخۆشییەت هەستپێكرد، سەردانی پزیشك بكە.
-4 ماوە ماوە بەشێوەیەكی رێكوپێك شیكاری پێویست ئەنجامبدە، بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی یەكێك لەم حاڵەتانە
-5 ئەگەر ژنێكی سكپڕی و یەكێك لەو نەخۆشییانەت هەیە سەردانی پزیشك بكە تا چارەسەرت بكات و لێنەگەڕێت منداڵەكەت لە سكتدا یان لەكاتی لەدایكبوونیدا ئەو نەخۆشییانەی بۆ بگوازرێتەوە.
6-ژمارەیەكی كەم لەو نەخۆشییانە پێكوتەیان هەیە، بە راوێژ لەگەڵ پزیشك بیر لە خۆ كوتان بكەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ