رووداو-سلێمانی
سەرچاوەی خۆڕسكی ڤیتامین D پێیدەگوترێت: ڤیتامین D3 . ئەمە لە پێستی مرۆڤدا دروستدەبێت، لەپاش بەركەوتنی پێستمان بە تیشكی سەروو وەنەوشەیی، كە لە تیشکی هەتاودا هەیە. ئەو ماددەیەش دوو جاری دیكە دەگۆڕدرێت، لەناو جگەری مرۆڤ و پاشان گورچیلە، دەبێتە ڤیتامینێكی كاریگەر و بەسوود.
ئەركەكانی ڤیتامین D
گرنگترین ئەركی ئەو ڤیتامینە رێكخستنی رێژەی كالسیۆمە لە لەشی مرۆڤدا. بەمەش دەسەڵاتی هەیە بەسەر چڕیی ئێسك و كار و فەرمانی كالسیۆم لە خانەكانی لەشماندا. لە دە ساڵی دواییدا هەندێك گرنگیی دیكەی ڤیتامین D دەركەوتوون. لەوانە گرنگیی بۆ سیستمی بەرگریی لەشی مرۆڤ، گرنگی لە بەرگریكردنی دژی دروستبوونی نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، واتە دژی جەڵتەی دڵە. هەروەها كاریگەریی لەسەر هۆشی مرۆڤ هەیە.
سەرچاوەكانی ڤیتامین D
چڕترین سەرچاوە لە ڤیتامین D دا خواردنی رۆنی ماسییە، بەڵام بەردەستترین سەرچاوە تیشكی خۆرە. تەنانەت ئەو حەبانەی ڤیتامین D یان تێدایە، هەرگیز هێندەی تیشكی خۆر بەتوانا نین بۆ دروستكردنی ئەو ڤیتامینە.
چۆن ڤیتامین D كەم دەكات؟
ئێستا دەزانین کە گرنگترین سەرچاوەی ئەو ڤیتامینە هەتاوە. كەواتە ئەگەر تیشکی هەتاومان کەم بەربکەوێ، وردە وردە ڤیتامین D لە لەشماندا كەمدەكات. ئەمە سەرەڕای كەم خواردنی ئەو خۆراكانەش كە ڤیتامین D دەبەخشن. لەگەڵ كەمبوونی ڤیتامین D، كالیسیۆم و هەموو ئەو ماددانەی دیكە كە بە ڤیتامینەكەوە بەندن، كەمدەكەن و رێژەكانیان تێكدەچن.
ئامارەكان:
دەركەوتووە ئەو وڵاتانەی دانیشتووانیان كەمتر بەر خۆر دەكەون، بەردەوام ڤیتامین D لە لەشیاندا كەمە. لەوانەش وڵاتانی ئەسكەندەناڤی، وەك سوێد و نەرویج، دەگرێتەوە لەگەڵ بەریتانیا، بەڵام ئەو وڵاتانەش كە دەكەونە سەرووی پلەی 30 كەمەری زەوی، وەكو كوردستان. رێژەی ڤیتامین D لە لەشیاندا یاری دەكات. بەشێوەیەك كە لە هاویندا ڤیتامین D هەیە و لە زستاندا كەمدەكات. راستە ئێمە هەتاوێكی زۆرمان هەیە بە هاوین، بەڵام هەمووی خەرج دەكەین بە زستان. چونكە زستانان هەتاومان كەمە. هەروەها ئەوانەی لە خانەی پیریدا دەژین و ناچنە دەرەوە، دەبنە قوربانیی ئەو نەخۆشییە.
كەواتە وڵاتانی ئێمە باشترن لە ئەوروپییەكان. دەبێ وڵاتانی كەنداو ڤیتامین D یان نەبێت، چونكە بەردەوام هەتاوییان هەیە؟ بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە شتەكە بەپێچەوانەوەیە. وڵاتانی كەنداو ڤیتامین Dیان زۆر كەمە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی خەڵكەكەی هەموو لەشیان بە جلوبەرگ داپۆشراوە و بەر هەتاو ناكەون. هەروەها خەڵكی ئەو ناوچانە لەبەر گەرما كەمتر دەچنە دەرەوە. بوونی مەسەلە كولتوورییەكانیش وایكردووە ئافرەتانی ئەوێ كەمتر بچنە دەرەوە و زۆربەی كات لە ژوورەوەن.
تێبینی: هەرگیز بەبێ رێنمایی پزیشک ڤیتامین D مەخۆ، چونكە رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی كالیسیۆم لە لەشتدا، كە ئەویش هێندەی كەمیی كالیسیۆم مەترسیدارە.
* بۆرد لە نەخۆشییەكانی هەناو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ