نەخۆشیی غوددە یەكێكە لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی كوێرە رژێنەكان، لەبەر ئاشكرایی شوێنی رژێنی دەرەقی كە لە پێشی ملدایە، لەناو خەڵكدا زیاتر ناسراوە تا كوێرە رژێنەكانی دیكەی لەشی مرۆڤ. هەر بۆیە لای خۆمان كە دەڵێن غوددە ئەوا مەبەستیان ئەم رژێنەیە (دەرەقی). كوێرە رژێن واتە هەر رژێنێك كە هۆرمۆن بڕێژێت، هۆرمۆن ماددەیەكی پێویستە بۆ ئیشكردنی ئەندامەكانی دیكەی لەشمان.
ئەو رژێنە چییە؟
وشەی غوددە لە عەرەبیدا واتە رژێن، هەموو رژێنەكان دەگرێتەوە (دەرەقی، پەنكریاس، سەرگورچیلە، ئەوانەی ناو گەدە!). ئەگەر یەكێك بیەوێت باسی رژێنەكەی پێشی مل بكات ئەوا دەبێت بڵێت رژێنی دەرەقی یان غوددەی دەرەقی. ئەمە گرنگە بۆ زمانەوانیمان تا تێبگەین كە نەخۆشییەكە چییە. ئەم رژێنە ئەركێكی گەورە لە لەشی مرۆڤدا دەكات كە رێكخستنی ئیشكردنی هەموو ئەندامەكانی دیكەی لەشە و كار لە دڵ و گەدە و ئێسك و پێست و سووڕی مانگانە و تەنانەت مێشكی مرۆڤیش دەكات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەگەر ناڕێكی و كێشەیەك بكەوێتە غوددەی دەرەقییەوە، ئەوا ئەو ئەندامانەی دیكەی لەشمان كاریان تێكدەچێت.
نەخۆشییەكەی چییە؟
راستییەكەی یەك جۆر نەخۆشی نییە، بەڵكو كۆمەڵێكن. ئەمەش وای كردووە باسی ئەو هەڵە باوە بكەم كە هاووڵاتیان تێی كەوتوون كاتێك دەڵێن غوددەمان هەرچییەكی بێت بەس (سام) نەبێت. ناترسێم چونكە غوددەكەم سام نییە، وەكو نەخۆشێكم ئەو رۆژە پێیگوتم.
غوددەی دەرەقی دەگونجێ تووشی هەڵئاوسان ببێت، واتە لە پێشی ملدا خڕ ببێت. خڕ ببێت و هۆرمۆن زۆر بڕێژێت. خڕ ببێت و هۆڕمۆنی ئاسایی بێت، خڕ ببێت و هۆرمۆن كەم بڕێژێت. خڕ ببێت، بەڵام تۆپەڵ تۆپەڵ بێت. خڕ نەبێت و زۆر بڕێژێت. خڕ نەبێت و سست بێت. خڕ بێت، بەڵام شێرپەنجە بێت. خڕ بێت، بەڵام هیچ نەبێت جگە لە هەوكردنێكی كاتی؟ ئەوەی ئەم نەخۆشییانە جیا دەكاتەوە لە یەك، تەنیا و تەنیا پزیشكی هەناوییە.
ئەی غوددەی سام چییە؟
غوددەی سام واتە غوددەكە هۆرمۆن زۆر دەڕێژێت و هیچیتر، سام لە عەرەبیدا واتە ژەهراوی لە ناوە ئینگلیزییەكەیەوە هاتووە. كە گوترا (سام) مانای وا نییە شێرپەنجەیە، نازانم چۆن ئەم هەڵەیە بڵاوبووەتەوە لەناو خەڵكدا!
چارەسەر:
- زۆربەی كات هیچی ناوێت!!
-ئەگەر سام بێت دەرمانی دەوێت
- ئەگەر سست بێت جۆرێكی دی لە دەرمانی دەوێت
- ئەگەر زۆر ئاوسابوو لەوە دەچێت نەشتەرگەری بوێت
- ئەگەر شێرپەنجە بوو دەرمان و نەشتەرگەری دەوێت.
بە كورتی:
1- غوددە واتە رژێن مەرج، نییە غوددەی دەرەقی بێت.
2- غوددەی دەرەقی ئەوەی پێش ملە
3- مەرج نییە مل ئێشە یان قورگ ئێشە هۆكارەكەی نەخۆشی غوددەی دەرەقی بن، بەبێ هۆ داوای پشكنینی غوددە مەكە.
4- هەرگیز بەبێ هۆ پشكنینی خوێن بۆ غوددە مەكە لە خۆتەوە، چونكە ئەنجامی پشكنینەكە زۆر ئاڵۆزە.
5- تەنیا پزیشكی هەناوی بەپێی زانست بۆی هەیە دەستنیشان و چارەسەری نەخۆشییەكانی غوددەی دەرەقی بكات.
6- چارەسەرەكەی زۆر ئاڵۆزە، بە وردی گوێ لە رێنمایی پزیشكی هەناوییەكەت بكە.
7- غوددەی سام واتە زۆر دەڕێژێت نەك واتای شێرپەنجە بێت، چارەسەر دەكرێت.
8 - شێرپەنجەی غوددەی دەرەقیش چارەسەر دەكرێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ