ئا: د.زانیار نووری
ووتراوە رۆح (ژیان) شیرینە، واتە خۆشەویستە لای مرۆڤ. گرنگترین پێوانیش بۆ ژیانی مرۆڤ تەمەنێتی. بەڵام ئایا هەموو تەمەنێک و ژیانێک ئەوەندە خۆشە؟ یان گرنگی تەمەن لە لەش ساغی و دەروون ساغیدایە.
هەر بۆیە لە ڕووی زانستییەوە تەنیا ژمارەی ساڵەكانی تەمەنی مرۆڤ مەرج نییە بەڵکو چۆنێتی بردنە سەری ئەو تەمەنە مەرجە. ئاشکرایە بۆ ئەوەی کەسێک تەمەنی بە خۆشی بەرێتە سەر پێویستی بە کۆمەڵێک دەستکەوتی مەعنەوی و ماددی هەیە. وەکو یەکێک لە شارەزایانی تەندرووستی وتوویەتی: گرنگترین دەستکەوت بۆ پێش کەوتنی مرۆڤ لە تەمەنیدا بوونی پارەیە بە دەستییەوە و بوونی کارە، بەڵام بێ بوونی خویندەواری دەست کەوتنی کارێکی نەگونجاو و دەگمەنە، بەڵام گەر ئەو کەسە گیرۆدەی نەخۆشی بێت، ئەوا ناتوانێت بخوێنێت و ناتوانێت کاربکات.
هەر لەمەوە ژماردنی تەمەنی مرۆڤ بە ساڵ دەرکەوتووە کە هەموو کات نەگونجاوە، چونکە تەمەنی ساڵانە(Chronological Age) تەواو نییە بەڵکو تەمەنی بایۆلۆجی (Biological Age) تەواوە، واتە ئەو تەمەنەی کە بە لەشساغی دەیباتە سەر.
با پێکەوە تەماشای ساڵەکانی تەمەنی خۆمان بکەین:
دەیەی یەکەم (٠ بۆ ٩ ساڵان)/ تەمەنی پشبەستن بە خەڵکی تر: لێرەدا دایکمان نانمان دەداتێ و پاکمان دەکاتەوە،پاشان فێر دەبین کە بڕۆین بە پێ و قسە بکەین و ووردە ووردە زانیاری کۆدەکەینەوە.
دەیەی دووەم (١٠ - ١٩ ساڵان)/ تەمەنی دۆزینەوەی ڕەگەز: سەرهەڵدانی هۆڕمۆنەکان بە ئاگامان دەهێنێتەوە لە ڕەگەزی بەرامبەرمان، نێر یان مێ، فێردەبین کە ویستە سەرەتاییەکانمان وەکو سێکس و خواردن و نووستن بگونجێنین لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی تیایدا دەژین. بیرکردنەوەی لۆژیکییانە دەست پێ دەکات.
دەیەی سێیەم (٢٠-٢٩ ساڵان)/ سەرەتای پێگەیشتن: هەست دەکەین کە ئیدی سەربەخۆین. خەریکین جێگەیەک بۆ خۆمان دابینبکەین لەنێو کۆمەڵگادا، خاوەنی یەکەم ئیشو کاری ڕاستەقینە و خێزانیی خۆمانین.
دەیەی چوارەم (٣٠-٣٩)/ لوتکەی تەمەن: ئێستا تێگەشتووین کە دنیا چۆن دەڕوات بە ڕێوە. وامان داناوە کە دەزانین چیمان دەوێت لە تەمەنماندا، منداڵمان پێ دەگەێنین و پلانی داهاتوومان هەیە.
دەیەی پێنجەم (٤٠-٤٩)/ ناوەڕاستی تەمەن: هەرچەندە هەست بە پیری ناکەین لەم تەمەنەدا،بەڵام ئەگەری ژیان بۆ چل ساڵی دیکە زۆر مسۆگەر نییە! لەوەدەچێت تووشی رووداوێکی گرنگ بین لە تەمەنماندا کە وامان لێ بکات بیر بکەینەوە لە گۆڕینی بەها و پلانەکانمان، بەڵام ئەمەش زەحمەتە چونکە لەم تەمەنەدا بەستراوینەتەوە بە یاساکانی کۆمەڵگا و دەوروبەر و خێزان.
دەیەی شەشەم (٥٠-٥٩)/ تەمەنی خواربوونەوەی تەندروستی: هەستدەکەین بە چرچی پێستمان، بە ئازاری جومگەکان، بە سپیبوونی سەرمان، بە بڕانەوەی سووڕی مانگانە. ئیتر گوێ بۆ ئەو ڕیکلامانە دەگرین کە باسی دەرمان و چارەسەر دەکەن!
دەیەی حەوتەم (٦٠-٦٩)/ تەمەنی خانەنشینی: ئەگەر بەختەوەربین و پلانمان باش دانابێت ئەوا پێویستمان بە ئیشکردن نەماوە، بەڵام گەر وا نەبێت دەبێت لەم تەمەنەشدا هەر کار بکەین. گەر ئاگامان لە تەندروستی خۆمان نەبووبێت ساڵانی ڕابردوو ئەوا دەبێت بەشێکی باشی داهاتمان دابنێین بۆ دەرمانی پەستانی خوێن و شەکرە و بەرزی چەوری.
دەیەی هەشتەم (٧٠-٧٩)/ تەمەنی کەمبوونەوەی جوڵە: ئەو ئازارەی کە بیست ساڵ لەمەوبەر هەمانبوو ئێستا ئەوەندە زۆربووە لە جووڵەی خستوین. سەردانمان بۆ پزیشک زۆرتر بووە، نەشتەرگەرییەکمان تووش بووە. بازنەی هاوڕێکانمان تەسک بووەتەوە چوونکە یەک یەک دەمرن بە جەڵتە و شێرپەنجە…
دەیەی نۆیەم (٨٠-٨٩)/ تەمەنی دووبارە پشتبەستن: گەر تا ئێستاش بتوانین خزمەتی خۆمان بکەین، بەڵام یەکێکمان هەر دەوێت بۆ بازاڕکردن و ماڵ پاککردنەوە. لەوەدەچیت زاڵبوونمان نەمێنێت بەسەر میزکردن و پێویستمان بە یارمەتی بێت. زۆربەی خەڵک لەم تەمەنە زیاتر ناژێت.
دەیەکی دەیەم (٩٠-٩٩)/ بەساڵاچوون: پیرۆزە گەر توانیبێتت بگەیتە ئەم تەمەنە. ئەمە مانای وایە جینەکانت باشن، ئاگات لە تەندرووستی خۆت بووە، خێزانێکی باشت هەبووە، پلانەکانت باش بوون. ڕاستە هەموو ڕۆژێکت نەخۆشیت،بەڵام ئەگەر هەیە بگەیتە ١٠٠ ساڵان یان زیاتر وەکو زانست سەلماندوویەتی!
بە هیوای لەش ساغی و تەمەن درێژی بۆ هەمووان...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ