چۆن سەوزەیەکی باشمان دەستکەوێت؟

12-07-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن پزیشکی تۆ
A+ A-

رووداو- پزیشكی تۆ

د. عوسمان جەمال*


مرۆڤ لە دێرزەمانەوە سەوزەی وەکو سەرچاوەی خۆراک بەکارهێناوە، بەتایبەت کاتێک گۆشتی دەستنەکەوەتووە، چونکە دەستکەوتنی گۆشت هەموو کاتێك ئاسان نەبووە و تەنانەت تاکو ئەم سەردەمەش مرۆڤ ئاسانتر سەوزەی دەست دەکەوێت وەک لە گۆشت. 

مرۆڤی پێشوو بە هەموو رووەکێكی سەوز کە بتواندرابا بخورێت دەگووت سەوزە، بەڵام دواتر چەند جۆرێك هەڵبژێردران و وەکو سەرچاوەیەکی سەرەکی خۆراکی سەوز مانەوە و بە بەردەوامی تاکو ئێستاش بەپێی نەتەوە، شوێن و وڵات بەکاردێن.

کام جۆرانەی سەوزە زۆرتر بەکاردێن؟
سەرەتا مرۆڤ هەموو جۆرێكی سەوزەی بەکاردەهێنا، بەڵام دوای پەیداکردنی ئەزموون و دۆزینەوەی چەند جۆرێكی ژەهراوی و قوربانیدان بەم هۆیەوە، لە هەندێک جۆر سەوزە دوورکەوتەوە، چونکە تەنانەت هەندێك جۆری گیای سەوز بووەتە هۆی مردنی مرۆڤ.

ئێستا چەند جۆرێكی سەوزە بەکاردێن کە هەندێكیان وەک سەرچاوەی خۆراک، هەندێكیان لەگەڵ خواردن و چەند جۆرێكی تایبەتیشیان هەن کە دەرمانیان لێدروستدەکرێت. جا دروستکردنی دەرمانەکەش یان بەشێوەی گیا دەرمانی، یان لە کۆمپانیاکای دروستکردنی دەرمان و دوای چەندین پڕۆسەی تایبەت دەکرێنە دەرمان. 

باوترین جۆرەکانى سەوزەى خۆراکی  کامانەن؟
لە جیهاندا جۆری جیاوازی سەوزە بەکاردێن، بەڵام باوترینی ئەوانەی کە لە کوردەواریدا دەخورێن، بریتین لە کەرەوز، کەوەر، تەڕەتیزە، کاهوو، نەعناع، توور، کوزەڵە، پیاز، شویت، بیبەر، خیار و کەلەرم.

زۆربەی ئەو سەوزانە سەرەتا وەکو سەرچاوەی خۆراکی لەگەڵ نان دەخوران، بەڵام ئێستا لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتر، وەکو تەواوکەری خۆراکی سوودیان لێوەردەگیرێت، جا ئەمەش هەندێكجار بەمەبەستی تامی جیاواز و هەندێكیشیان بۆ بەخشینی بۆن دەخورێن. ئەوە جگە لەوەی کە چەندین سوودی گرنگیان هەن لەڕووی تەندروستییەوە. 



سەوزە لەڕووی تەندروستییەوە: 
1- سەرچاوەی گرنگی کانزاکانن، بە رێژەی جیاواز هەریەکە لە ئاسن، مەنگەنیز، فسفۆر، کالسیۆم، کلۆر و پۆتاسیۆمیان تێدایە. 

بەجۆرێك ئاسن بۆ خوێنی مرۆڤ گرنگە، کالسیۆم بۆ پتەوی ئێسکەکان و پۆتاسیۆم کانزایەکی گرنگە بۆ رێكخستنی پەستانی خوێن و تەنانەت بەگوێرەی دوایین توێژینەوەکان بەرزەپەستانی خوێن کەمدەکاتەوە، بۆیە پێویستە تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ گرنگی زیاتر بە سەوزە بدەن. 

2- سەوزە جیاوازەکان دەوڵەمەندن بە ڤیتامینە جیاوازەکانی وەک ڤیتامین D, C, A, B, E. کە هەریەکەیان سوودی تایبەتی خۆی هەن، بەکورتی ڤیتامین A بۆ چاوەکان، ڤیتامین C بۆ پێست گرنگە، ڤیتامین B بۆ فسیۆلۆژی دەمارەکان و ڤیتامین D بۆ ئێسکەکان ، هەروەک ڤیتامین E بۆ پاراستنی جەستە لە دژی ماددە ژەهراوییەکان گرنگە. 

3- سەوزەکان سەرچاوەی سەرەکی ریشاڵەکانن، کە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ فرمانی کۆئەندامی هەرس، هۆکارە بۆ زووتر هەستکردن بە تێربوون، بەمەش دژی قەڵەویە، هەروەها قەبزی ناهێڵێت. 

4- دەوڵەمەندن بە ماددە دژە ئۆکسێنەکان، بۆیە یارمەتی جوانمانەوە و درەوشانەوەی پێست دەدەن و لە پیربوون دەیپارێزن. هەروەک بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەیان رێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجە دەکەن و مەترسی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەی ریخۆڵەکان، کۆڵۆن و مەمک کەمدەکەنەوە.

5- شویت یەکێكە لەو سەوزانەی کە گرنگە بۆ کەمکردنەوەی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن و کەمکردنەوەی شەکری خوێن. 

6- بەرگری لەش بەهێز دەکەن و یارمەتی جەستە دەدەن لە وەرزی گەرما بەرەنگاری گەرما ببێتەوە. 

باشترین شێوازی سەوزە کامەیە؟
سەوزە دەتواندرێت بە چەندین جۆری جیاواز بخورێت، وەک بە شێوەی نوێ و فرێش، وشککراوە، بەشێوەی بەستوویی دوای خەزنکردنی لە بەفرگر، یان بەشێوەی کوڵاندن. بەڵام بەشێوەی تازە یان فرێش باشترین جۆرە بۆ خواردن چونکە هیچ لە پێکهاتەکانی تێكناچن. 

چەند جار سەوزە بخۆین؟
بەگشتی خەڵکی رۆژانە لەگەڵ ژەمەکان سەوزە دەخوات و لە سێ ژەمەکان سەوزەکان لەسەر سفرە ئامادەن، بەڵام بەگوێرەی پزیشكانی خۆراکناسی دەبێت رۆژانە لانیکەم جارێك سەوزە بخورێت. 

چ کاتێك سەوزە مەترسییە بۆ تەندروستی؟
سەوزە هەرچەندە چەندین سوودی گرنگی هەن، بەڵام سەوزە ئەگەر سەرچاوەکەی ناتەندروست بێت، یان بە ئاوی زێراب ئاودرابێت، یان لەگەڵ پاشەڕۆی ئاژەڵ تێکەڵ بووبێت، ئەوا مەترسی لەسەر تەندروسدتی دروستدەکات.

گرنگترین ئەو نەخۆشیانەی لەرێگەی سەوزەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ: 

1- تورەکەی ئاو: 
کە ئەمەش مشەخۆرێکە لە سەگەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەتایبەت کاتێك سەگ تێكەڵی کێڵگەی سەوزە دەبێت، بۆیە باشترە سەگ دوور لە کێڵگەکانی سەوزە رابگیرێت. چونکە زۆر مەترسیدارە و کاتێك ئەم تورەکەیە دەچێتە جەستەی مرۆڤ، لەنێو جەستە زۆردەبن، تاکە چارەسەریشی بریتییە لە نەشتەرگەری بۆ لابردنی تورەکەکان. کە زۆربەی کات لە هەریەکە لە سییەکان، جگەر، نێو سک، مێشک دروستدەبێت و لە کوردستان باوترینیان تورەکەی سەر جگەرە. 

2- کرمی جگەر
ئەم کرمە زۆرتر لەرێگەی کوزەڵە و سەوزە ئاوییەکان دەگوێزرێتەوە و لە کوردستان چەند حاڵەتێك تۆمارکراون. 

3- گرانەتا
گرانەتا لەرێگەی زۆربەی جۆرەکان دەگوازرێتەوە، بەڵام ئەوانەی گەڵای لولیان هەیە مەترسیدارترن. 

4- سکچوون
زۆربەی سکچوونەکان بە سەوزەی پیسبوو دەگوێزرێنەوە، بە تایبەت کۆلێرا کە زۆر مەترسیدارە و سەرچاوەی سەرەکی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە سەوزە و ئاو و خۆراکی پیسبووە بە بەکتریای ڤیبریۆ کۆلێرا. 

چۆن سەوزەیەکی پاکی بێ نەخۆشی بخۆین
1- دەبێت سەوزەیەک بکڕین کە دڵنیابین لە سەرچاوەی ئاودانەکەی و دەبێت ئاوی بیر بێت نەک ئاوی زێراب، دواتر دەبێت هەموو سەوزەیەک بە ئاو بشۆرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی گەڵاکانیان لولپێچییە، تاکو دووربین لە پاشماوەی دەرمان و قڕکەرەکان و باشترە لانیکەم 10 خولەک لەنێو ئاوەکەدا بمێنێتەوە. 

2- نابێت بەهیچ شێوەیەک پاککەرەوەکانی نێو ماڵ وەک سابوون، تایت و زاهی بەکاربێن بۆ شووشتنەوەی سەوزە. 

3- باشترین و هەرزانترین پاککەرەوە بۆ سەوزە بریتییە لە ئاوی لیمۆ یان سرکە، کە ئەویش دوای خاڵی یەکەم، لەنێو دەفرێكی پلاستیکی بەجۆرێك بۆ هەر یەک کوپ سرکە، یانزە کوپ ئاوی لەگەڵ بێت و دوای تێکەڵکردنیان سەوزەکەی تێبکرێت. پاشان بۆماوەی پانزە خولەک بمێنێتەوە و دواتر بەئاوی پاک بشۆرێەوە. 

هەروەک دەتواندرێت ئاو و خوێ پێکەوە بە هەمان بڕی سرکە لەجیاتی سرکەکە بەکاربێت. 

چاندنی سەوزە لە ماڵەوە
باشترین و هەرزانترین رێگە بۆ دەستکەوتنی سەوزەیەکی پاک و تەندروست، چاندنی سەوزەیە لە ماڵەوە، کە ئەمەش ئەگەر باخچە لە ماڵەوە هەبێت زۆر تەندروستە و ئەگەریش نا دەتواندرێت لەنێو دەفری پلاستیکی بچێندرێت، چونکە بەم شێوەیە هەم لە خاوێنییەکەی دڵنیادەبیت و هەمیش دەزانیت کە سەوزەکە نوێ و فرێشە، جگە لەوەش ریژەی سەوزایی ماڵەوە زیاددەکات، جگە لەوەش بری دیاریکراو لێدەکەیتەوە و کۆن نابێت و بەردەوام بەردەستە.  

ئەوانە چەند وێنەیەکن کە خۆم لە ماڵەوە لەنێو دەفری پلاستیکی سەوزەم تێداچاندووە.


*پزیشکی پسپۆڕی ڤێتێرنەری


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە