رووداو-DW
بەپێی توێژینەوە نوێیە بەریتانی و ئەڵمانییەكان، نیوەی خەڵكی لە كاتێك لە كاتەكانی تەمەنیان تووشی شێرپەنجە دەبن. شێرپەنجەش وەها ناسراوە ئەگەر زوو دەستنیشان بكرێت ئەوە ئەگەری زۆرە كۆنترۆڵبكرێ، بەڵام كە دواكەوت و بڵاوبووەوە ئیتر چارەسەری ئەستەم دەبێت.
گرفتەكە ئەوەیە زۆربەی نیشانەكانی شێرپەنجە لە سەرەتادا ئەوەندە سەخت نین كەسەكە راپێچی نەخۆشخانە بكەن و بەوجۆرەش بەشێكی بەرچاوی حاڵەتەكان دەستنیشانكردنیان لە سەرەتاوە و ئەوكاتەی نەخۆشییەكە ملكەچی چارەسەرە، ئەستەم دەبێت.
پسپۆڕان ئەم 10 نیشانەیەیان دیاریكردووە كە دەكرێ نیشانەی سەرەتایی تووشبوون بە شێرپەنجە بن:
1-گۆڕانی فرمانی ریخۆڵە و میزڵدان:
گۆڕان لە رەنگ و شێوەی پیسایی، سكچوون و قەبزیی دوابەدوای یەك بە بەردەوامی، هەروەها دەرچوونی خوێن لەگەڵ پیسایی و میز.
2-چاكنەبوونەوەی برین:
كاتێك چاكبوونەوەی برینەكان دوادەكەوێت، قەبارەیان بەرەو گەورەبوونی بەردەوام دەڕوات و خوێن و كێمیان لێدێت.
3-دەرچوونی نائاسایی خوێن لە جەستە:
دەرچوونی نائاسایی خوێن لە ئەندامانی زاوزێ، مەمك و كۆم.
4-گرێی نائاسایی:
پەیدابوونی گرێ لە مەمك، گون یان هەر ئەندامێكی دیكەی جەستە.
5-ئەستەم قوتدان:
كاتێك كەسێك هەستبكات بە ئەستەم شتی بۆ قوتدەدرێ یان هەست دەكات شتێك لە سەرسنگیدایە و ناهێڵێ وەك پێویست خواردن بچێتە خوارەوە.
6-خاڵی نائاسایی:
گۆڕانی رەنگی خاڵ و نیشانە سرووشتییەكانی سەر پێست، دەركەوتنی خاڵ و نیشانەی نوێ و گەورە، بەتایبەت ئەگەر رووكارەكەشیان بەرزببێتەوە.
7-كۆكەی بەردەوام:
گۆڕانی دەنگ، كۆكەی بەردەوام و بەڵخەمی خوێناوی.
ئەم حەوت خاڵە لەلایەن كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریكی دیاریكراون، جۆرناڵی (فۆكۆس)ی ئەڵمانی جگە لەو حەوتە، سێ نیشانەی دیكەشی دیاریكردوون:
8-دابەزینی بێ مەبەستی كێش:
ئەوانەی بێئەوەی مەبەستیان بێ و پلانیان بۆ دانابێت كێشیان كەمدەكات، یەكێك لە ئەگەرەكانی پشت ئەو كەمكردنەی كێش تووشبوونە بە شێرپەنجە، بەتایبەت شێرپەنجەكانی: سی، پەنكریاس، ریخۆڵە و سورێنچك.
9-ئازاری ئێسك:
لەوانەیە هۆكارەكە شێرپەنجەی ئێسك بێت، یان شێرپەنجەی كۆڵۆن و منداڵدان بێت و بۆ بڕبڕەكانی پشت بڵاوبووبێتەوە.
10-خورانی زۆر:
شێرپەنجەی جگەر یەكێكە لە هۆكارەكانی خورووی توند و بەردەوامی لەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ