مەکسیک.. دایکێك ئەندامەکانی جەستەی کچەکەی دەبەخشێت

18-07-2017
رووداو @Rudawkurdish
..
..
نیشانەکردن جەستەبەخشی
A+ A-

لە ئەکاپولکۆ لە مەکسیک، دایکێك دوای ئەوەی کچە یازدە ساڵانەی تووشی هەوکردنی پەردەکانی مێشك دەبێت و مێشكی دەمرێت، ئەندامەکانی جەستەی منداڵەکەی دەبەخشیت. 

دایکی منداڵەکە دەڵێت ئامانجییەتی کە ئەندامەکانی منداڵەکەی لە جەستەیەکی دیکەدا بژین. 

دوای دەستنیشانکردنی وەک تووشبووی هەوکردنی مێشک، دایکی کچە یازدە ساڵانەکە بڕیاریدا لە ژیان بەردەوامبێت و ئەندامەکانی کچەکەی ببەخشیت، بەمەش نازناوی "فریشتەی ئەکاپولکۆ"ی پێبەخشرا. 
 
دایکی فریشتەی ئەکاپولکۆ دەڵێ "منداڵەکەم پاڵەوانە، کە یارمەتی منداڵانی دیکە دەدات، من ئاسوودەم کە یارمەتی منداڵانی دیکە دەدەم، من نا، منداڵەکەم". 

منداڵەکە دوای تووشبوونی بە سەرئێشەیەکی تووند، سەردانی یەکێک لە نەخۆشخانە گشتیییەکان دەکات و لەوێ چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام بارودۆخەکەی کوشندەیە و نەخۆشییەکەی روو لە خراپی دەکات. 

رێیس بێتانکۆرت لیناریس، نوێنەری پەیمانگەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی مەکسیک، دەڵێ "وادیارە جگە لە تەقینی ئەو کیسە خوێنەی لە ئەنجامی فراوانبوونی یەکێك لە خوێنبەرەکانی دروستبووە، خوێنبەربوونی نێو کاسەسەری بووەتەهۆی مردنی مێشکیشی، دەریشکەوتووە کە دوای چەندین بەڵگە و پشکنین، مێشكی هیچ چالاکییەکی نەماوە و مێشكی مردووە، کە دەگمەنە دووبارە چاکببێتەوە و دەتوانرێت ئەندامەکانی ببەخشرێن". 

بارودۆخەکە ئاسان نییە، بەتایبەت لە یەکەم حاڵەتی بەخشینی هەموو ئەندامەکان بۆ تەمەنێكی لەم شێوەیە بچووک، کە بە خاڵێكی گرنگ دادەندرێت بۆ پەیمانگەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی مەکسیک.

ئەنوار هێرناندێز، رێکخەری جەستە بەخشانی ئەکاپولکۆ لە پەیمانگەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی مەکسیک، دەڵێ "کاتێك خێزانەکەی لە نەخۆشییەکە دڵنیابوونەوە، کاری رێکخەرانی نەخۆشخانەکە ئەوەیە کە هەماهەنگی لەگەڵ خێزانەکان بکات بۆ پاڵپشتیکردن و رێکخستنی کارەکانی بەخشینی جەستە، بە خۆشحاڵییەوە لەم کەیسەدا خێزانەکەی هەموویان رازیبوون، من خۆشحاڵبووم لە رەفتاری ئەوان و بیرکردنەوەیان، کە دەیانگووت ئەمە هەلێکە بۆ ئێمە کە دەتوانین ژیانی منداڵەکەمان لە جەستەیەکی دیکە بەردەوامبکەین". 

دایکی فریشتەی ئەکالپولۆ دەڵێت داواکارە هەر کەسێك کە ئەندامەکانی جەستەی منداڵەکەی وەردەگرێت، ئاگای لێیبێت، چونکە لەلای ئەو زۆر خۆشەویستن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە