د. قانیعە بەرزنجی*
پێشەکی دەبێت هەموو ئافرەتێکی دوو گیان بزانێت کەوا منداڵبوون کردارێکی سرووشتی و فیسیوڵوژیە کە ئەنجامدەدرێت. بەمەش لەناو ئاودا ئەوەی کە گوێت لێدەبێت دەربارەی منداڵبوون و ئازارەکانی، مەرج نیە لەگەڵ تۆ رووبدات .
ئەگەر چی ژانی منداڵبوون کەم نیە، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی بە پێویستی دەزانن کە دایک هەست بەو ژانە بکات چوونکە ئەمە هەستی دایکایەتی زیاد دەکات بەرامبەر بە کۆرپەکەی.
چۆن دەزانیت کە کاتی منداڵ بوونت هات ؟
منداڵبوون یەکێکە لەو شتانەی کە ناتوانرێت کاتەکەی بەتەواوی دیاری بکرێت، بەڵام ئەگەری ئەوەی هەیە لەماوەی پێش یان پاش دوو هەفتەی کۆتایی دووگیانیدا رووبدات .
ئەوگۆرانکارینەی کە لە جەستەی ئافرەتی دوو گیان روودەدەن و پێش بینی منداڵ بوون دەکرێت :
1. هەستکردن بەگۆڕانی شوێنی کۆرپەلەکە، واتا سەری منداڵەکە لە ئاستی خۆی دادەبەزێت بەرەو بەشی خوارەوەی منداڵدان (رەحم)ـی دایک و لەئەنجامدا دایکەکە تەنگەنەفسی نامێنێت .
2. دەرچوونی شلەیەکی چڕ لە کۆئەندامی زاوزێی ئافرەتەکە، ئەمەش لەئەنجامی کۆبوونەوەی چینێک لە ئاوێکی چڕولینج لەناو رەحمی ئافرەتەکە درووستدەبێت و رەنگی سپی یان پەمەییە بەهۆی تێکەڵبوون لەگەڵ خوێن .
3. دەرچوونی شلەیەکی سادە کە لە ئاو دەچێت لە ناو رەحمی ئافرەتەکە، کەپێی دەگوترێت (شلەی ئەمنیۆنی)، ئەو شلەیە کە دەوری منداڵەکەی داوە لەناو رەحمی دایکی، یان بەخوڕ دێتەدەرەوە یان لەسەرەخۆ .
4. هەستکردن بە ژانی سک لەئەنجامی گرژبوونەوەوە و خاوبوونەوەی ماسوولکەکانی رەحم دەستپێدەکات لەبەشی خوارەوەی پشتی ئافرەتەکە و بەرەو پێشەوە دەڕوات تاکو هەموو سکی دادەگرێت، بەردەوام دەبێت تاوەکو 30- 60 چرکە لەمەودای دوو خولەک ئەم ژانە دووبارە دەبێتەوە و ئەمەش دەبێتەهۆی نەرمبوونەوەی ملی رەحم وفراوانبوونەوەی بۆ ئەوەی سەری منداڵەکە لێی بێتە دەرەوە .
جۆرەکانی منداڵبوون
1. منداڵبوونى ئاسایی
2. منداڵبوون لەناو ئاو
3. منداڵبوون بەنەشتەرگەری
یەکەم- منداڵبوونى ئاسایی
بەسێ قۆناخ تێپەڕدەبێت :
قۆناخى یەکەم
ئەم قۆناخە قۆناخى نەرمبوون و فراوانبوونى ملى رەحمە، ئەمە بە درێژترین قۆناخى منداڵبوون دادەنرێت کە نزیکەى 12 کاژێر دەخایێنێت بۆ ئەو ئافرەتانەى لەیەکەم منداڵبوونیان و نزیکەى 6- 8 کاژێر دەخایێنێت بۆ ئەو ئافرەتانەى کە منداڵى پێشوتریان بووە .لەم قۆناخە ماسوولکەکانى رەحم دەست بە گرژبوونەوە و خاوبوونەوە دەکەن، تا دەگاتە بەرزترین ئاست وە بەهۆیەوە ملى رەحم دەکرێتەوەو و فراوان دەبێت.
قۆناخى دووەم (قۆناخى لەدایکبوونى منداڵ)
ئەم قۆناخە دەستپێدەکات کاتێک ملى رەحم فراوانتر دەبێت، ژانەکەشى توندتر دەبێت و لەکۆتایی ئەم قۆناخە منداڵ لەدایک دەبێت، ئەم قۆناخە نزیکەى 2 کاژێر دەخایێنێت لەم قۆناغە پێویستە ئافرەتەەکە پاڵبدات بەرەو خوارەوەى لەشى بۆ ئەوەى منداڵەکەى لە دایک ببێت.
قۆناخى سێیەم لەدایکبوونى وێڵاشی منداڵ
لەم قۆناخە رەحم بەردەوام دەبێت لە گرژبوونەوە تاوەکو وێڵاشەکە پاڵدەدات بەرەو دەرەوە، ئەم قۆناخە نزیکەى چەند خولەکێک تاوەکو 20 خولەک دەخایەنێت.
بەمەش دەردەکەوێت کاتى منداڵبوون بە تێکڕا دەگاتە 12-14 کاژێر بۆ ئەو ئافرەتانەى کە یەکەم جارە منداڵیان دەبێت، هەروەها 8-10 کاژێر بۆ ئەو ئافرەتانەى کە پێشتر منداڵیان بووە.
منداڵبوون لەناو ئاو
ئەمەش جۆرێکە لە منداڵبوونى ئاسایی، بەڵام لەمجۆرە منداڵبوونە هەموو ئەو قۆناخانەى کە باس کران لە منداڵبووندا ئاسانتر و کورتترن.
مێژووى لەدایکبوون لەناو ئاو دەگەڕێتەوە بو ساڵى 1803ی زاینی، بەڵام لە ساڵى شەستەکانەوە یەکەمجار لە فەڕەنسا تاقیکرایەوە و ئەنجامى باشى هەبوو، بۆیە تاوەکو ئێستا لە وڵاتە ئەوروپیەکان و ئەمریکا بەکاردێت.
سوودەکانى منداڵبوو لەناو ئاو:
1-کاتى منداڵبوون کەمتر دەخایەنێت .
2-ژانى منداڵبوون کەمترە .
3- پێویستى بە سڕکردن نییە .
4-رێژەى دڕانى کۆئەندامى زاوزێ کەمترە .
5-شڵەژانى ئافرەت کەمترە لەناو حەوزى ئاو .
6-ئەگەرى توشبوونى منداڵەکە بە هەوکردنى کۆئەندامى هەناسە کەمترە.
چۆن منداڵبوون لەناو ئاو ڕوودەدات
ئەم جۆرە منداڵبوونە لەناو حەوزى تایبەت ئەنجام دەدرێت، کە پلەى گەرمى ئاوى حەوزەکە نابێت لە 37- 38 پلەى سیلیزى گەرمى بەرزتربێت.
کاتێک ژنەکە دەچێتە ناو حەوزەکە هەست بە خاوبوونەوەى ماسوولکەکانى لەشى دەکات، بە تایبەت لەبەشى خوارەوەى پشتى کە زۆربەى ئافرەتان ئەم ژانەیان پێ زەحمەتە. لە ئاکامى خاووبونەوە، خوێن زیاتر بۆ رەحمى ژنەکە دەچێت و لێدانى دڵى خۆی و منداڵەکەى ئاسایى دەبێتەوە، هەروەها هەست بە ژانى کەمتر دەکات .
ئەم کردارە واى لێدەکات ژانەکان بە سووکى بێت، لە ئەنجامدا ملى رەحم فراوان دەبێت، وە منداڵەکە سەرى بە ئاسانى دێتە خوارەوە و لە دایک دەبێت، کە بەهۆى پاڵەپەستۆى ئاوەکە منداڵەکە بە ئاسانى دەخزێت و بێ ئەوەى دایکەکە هەست بە ئازار بکات.
سەرەڕاى ئەوەى کە زۆربەى ژنان ترسى خنکانى کۆرپەلەکانیان هەیە لەم جۆرە منداڵبوونە، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە کەوا منداڵەکە بە هیچ جۆرێک ناخنکێ چونکە ئەو منداڵانە لەناو ئاودا لە دایک دەبن لە دواى ئەوەى لە پاڵەپەستۆى ئاوى ناو ڕەحمى دایکیان ڕزگاریان دەبێت دووچارى پاڵەپەستۆى ئاوى حەوزەکە دەبن ئەوەش وا دەکات کە شڵەژانیان کەم دەکاتەوە، بەپێچەوانەی ئەو منداڵانەی کە هەوای وشک و گۆڕانى پلەى گەرمى راستەوخۆ پاش منداڵبوونى ئاسایی دووچاریان دەبێت و دەبێتەهۆی کاردانەوەى تووند لە کاتى یەکەم هەناسەدانیان.
ئەوانە کێن کە ناکرێت منداڵبوون لەناو ئاو ئەنجام بدەن
1-ئەو ئافرەتانەى کە دووگیانن بە دووانە "جمکە"
2-ئەوانەى کە خوێن بەربوونیان هەیە پێش منداڵبوون
3-ئەوانەى کە پاڵەپەستۆى خوێنیان بەرزە.
منداڵبوون لەنێو ئاودا
ئێستا لە نەخۆشخانەی CMC لە هەولێر، بەشێكی تایبەت هەیە، بە منداڵبوون لەنێو ئاو، کە تێیدا خانمان دەتوانن بەبێ ئازار و بە ماوەیەکی کورتتر قۆناخەکانی منداڵبوون تێبپەڕێنن و لە ژانی منداڵبوون رزگاریان ببێت.
* پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ