د. محەممەد سەید عەلی بەرزنجی*
رووداو- پزیشكی تۆ
نەزۆکی: بریتییە لە گرفتی دووگیاننەبوونى ئافرەت، هۆکارەکەشى دەشێت ئافرەتەکە خۆی بێت، یان پیاوەکە، یانیش هەردووکیان بن.
نەزۆکی دوو جۆری هەیە:
1- نەزۆکیی سەرەتایى:
ئەو بارەیە کە هەر لە سەرەتاوە دووگیانی لە پەیوەندی جووتبوونی سێکسیی نێوان ژن و پیاوەکە ناکەوێتەوە، سەرەڕای ئەوەى ماوەى زیاتر لە ساڵێک بەبێ بەکارهێنانی هیچ رێگەیەکی پێشگیریرکدن لە منداڵبوون سێکسیان کردووە.
2- نەزۆکیی ناوەندى:
ئەو بارەیە کە پێشتر دووگیانی هەبووە و منداڵێکیان هەیە. بەڵام ئێستا دوای ساڵێک لە پەیوەندیی سێکسی بەبێ بەکارهێنانی هیچ رێگەیەکی رێگریکردن لە منداڵبوون، دووگیانی روونادات.
دووگیانبوون پێویستى بە کردارى جووتبوونى نێوان نێر و مێیەکى تەندروستە، بەبێ هیچ بەربەستێک، بۆ ئەوەی تۆوی تەندروستی پیاو هێلکەیەکی تەندروستی ژن لەنێو منداڵدانێکی تەندروستدا بپیتێنێت و گەشەبکات، بۆیە هەر ناڕێکی و ناتەندروستییەک لە هێلکە و تۆو یان کۆئەندامی زاوزێی ژن و پیاو، رەنگە ببێتە هۆی نەزۆکی.
هۆکارەکانی نەزۆکیى ژنان
یەکەم: کێشەی هێلکەدان و دروستبوونی هێلکە:
بۆ دروستبوونی هێلکە پێویستمان بەهێلکەدانێکی تەندروستە. هەروەها ئەو هۆڕمۆنانەی لەژێر مێشکەوە دەردەدرێن و کار لە هێلکەدان دەکەن، لەئاستی خۆیاندا بەڕێکی دەربدرێن.
هەر گۆڕانێکى نەرێنى لە هێلکەدان یان هۆرمۆنی هاندانی دەردرانی هێلکە رووبدات، دەبێتەهۆی نەزۆکی. کە باوترین نەخۆشییەکانی بۆ دروستبوونی ئەم گرفتە بریتین لە نەخۆشییەکانی فرەکیسی هێلکەدان، نەمانی تەمەنى سووڕی مانگانە "تەمەنی بێهیوایی"، سستبوونی پێشوەختەی هێلکەدان و تێکچوونی هۆرمۆنەکانی ژێرمێشک. ئەمانە سەرجەمیان دەکرێت ببنەهۆی تێکچوونی هێلکە و هێلکەدان و ناڕێکی یان نەبوونی سووڕی مانگانە رەنگە یەکێك بێت لە سەرتاییترین نیشانەکان.
دووەم: کێشەی جۆگەی فالووپ:
لەکاتی دروستبوونی هێلکەدا، هێلکەکان بەجۆگەی فالووپدا "جۆگەیەکی باریکی دەزوولەییە" دەگوازرێنەوە بۆ منداڵدان و لەگەڵ تۆودا یەکدەگرن.
داخران یان گیرانی ئەم جۆگەیە وادەکات هێلکەکان نەیەنە خوارەوە و لەگەڵ تۆودا یەک نەگرن، بەمەش دەبێتەهۆی نەزۆکی. هۆکارەکانی داخرانی ئەم جۆگەیەش دەکرێ بریتیبن لە هەریەکە لە هەوکردنەکانی وەک سوزەنەک، گۆنۆریا و جۆرەکانی دیکەى هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ و هێلکەدان.
سێیەم: کێشەی منداڵدان:
هەندێکجار گرێیەک لە منداڵداندا، یان ناڕێکی و ناتەندروستی لە دیوارەکانی منداڵداندا دەبنە رێگر لە چەقینی هێلکەی پیتراو لە منداڵداندا و دەبێتەهۆی نەزۆکی. بۆ دڵنیایی لە سەلامەتیی منداڵدان و زانینی هۆکارەکان، پێویستە سەردانی پزیشك بکرێت و تیشکی سۆنەر بەکاردەهێنرێت.
هۆکاری نەزۆکیى پیاوان:
یەکەم: دروستنەبوونی تۆو:
بۆ دروستبوونی تۆوێکی تەندروست، دەبێت گونەکان و ئەو هۆرمۆنانەی کە کاردەکەنە سەر گونەکان بۆ دەردانی تۆو، بەباشی کار بکەن. نەخۆشییەکانی وەک دروستنەبوونی گون، تێکچوونی باڵانسی هۆرمۆنى تێستێستیرۆن و پرۆجیسترۆن، دانەبەزینی گون و پوکانەوەیان، شێرپەنجەی گون و تێکچوونی کرۆمۆسۆمەکان لە بڵاوترین هۆکارەکانی دروستنەبوونی تۆون.
دووەم: ژمارە و کواڵێتی تۆو:
هەر تۆوێک پێویستە سەر و مل و کلکی هەبێت، هەروەها توانای جوڵەیەکی باشی هەبێت و ژمارەی تۆووەکان گونجاو بن. کەمیی ژمارەی تۆوەکان، یان تێکچوونی شێوە و جووڵەیان، رەنگە ببێتەهۆی نەزۆکی.
هەندێک نەخۆشی لە گوندا کواڵێتی تۆوەکان تێکدەدەن، لەوانەش دەوالیی گون، هەوکردنی گون و هەندێ نەخۆشیی دیکە.
سێیەم: کێشەکانی گواستنەوەی تۆواو:
تۆو دوای دروستبوونی دەبێتە تۆواو و بۆ ئەوەی تۆواوی دروستبوو بگوازرێتەوە، پێویستە بۆڕیی تۆواو و چووک تەندروست بن. هەر ناڕێکییەک لە بۆڕی تۆواو کە ببێتەهۆی گیرانی یان تەسکبوونەوە بۆڕیی تۆواو نەزۆکی دروستدەکات، کە ئەمەش هۆکارەکەی رەنگە پەیوەندی بە گرفتێکی سکماکی، یان بەهۆی هەوکردن دروستببێت.
چوارەم: رەپنەبوونى چووک:
هەندێجار پیاو کێشەی رەپبوونى چووک و فڕێدانی تۆوی هەیە، بۆیە تۆوەکە ناگاتە شوێنی مەبەست و پیتاندنی هێلکەی لێ ناکەوێتەوە.
فاکتەرە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە نەزۆکی:
1- تەمەن
تەمەنی زۆر لە پیاوان و ژناندا ئەگەری نەزۆکی زیاتردەکات، چونکە دەبێتەهۆی دابەزینى کواڵێتیى تۆو و هێلکە.
2- قەڵەوى و لاوازى
قەڵەویى لە راددەبەدەر و لاوازیى لە راددەبەدەر، بەربەرستى بەردەم منداڵبوون و دووگیانی پتر دەکەن.
3- جگەرەکێشان و خواردنەوەى کحول مەترسی نەزۆکی زۆرتر دەکەن.
4- گوشاری دەروونی رۆژانە
چەندین توێژینەوەی زانستی سەلماندوویانە گوشاری دەروونی رۆژانە هۆکارێكی نەزۆکیییە.
5- نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان
ئەمانە چەندین جۆری جیاوازن و هۆکارێکی سەرەکی نەزۆکین.
چۆنیەتی دەستنیشانکردنی هۆکاری نەزۆکی:
پزیشکی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە ژنان و پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری میزەڕۆ بەشداردەبن لە دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی نەزۆکی.
پزیشکە پسپۆڕەکە پرسیار لە هەردوو رەگەزەکە دەکات دەربارەی ژیانی سێکسی و چۆنیەتی جووتبوون و کێشەکانی کۆئەندامی زاوزێیان، لە ئەگەری هەبوونی هەرکێشەیەک لە شێوازی پەیوەندی نێوانیان، رێگا راستەکەیان پێشان دەدات. بەڵام ئەگەر ئەمەش چارەسەری گرفتەکەی نەکرد، ئەوا پزیشكەکە بەپێی پێویست چەند پشکنینێکی جیاواز بۆ پیاوەکە و بۆ ژنەکە دەکات و هەر یەکێک لەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان کرد هەڵدەسەنگێنێت.
پشکنینەکان بۆ دەستنیشانکردنی نەزۆکی:
- هەڵسەنگاندنی تۆوەکان، لەم پشکنینەدا ژمارە و چۆنیەتی و جووڵەی تۆوەکان هەڵدەسەنگێنرێت و بەراورد دەکرێت بەو کواڵیتییەی کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ تۆوی تەندروستی داناوە.
- سۆنار، بۆ هەڵسەنگاندنی هێلکەدان و منداڵدان
- هەڵسەنگاندنی توانای هێلکەدان
- پشکنینی رێژەی هۆرمۆنەکانی نێرینە و مێیینە لە پیاوان و ژناندا.
- منداڵدان و هێلکەدانبین: جۆرێکی تیشکە بۆ هەڵسەنگاندنی جۆگەی فالووپ و منداڵدان بەکاردێت.
چارەسەرکردنی نەزۆکی:
نەزۆکی وێڕای گرفتە تەندروستییەکانی، دەیان گرفتی دەروونیش بۆ کەسەکە دروستدەکات، بۆیە دوای دەستنیشانکردنی هۆکاری نەزۆکی، پێویستە هۆکارەکەش چارەسەربکرێت و بەپێی هۆکارەکە پزیشكەکە چارەسەر دیاریبکات کە بڵاوترینیان لەرێگەی دەرمان، نەشتەرگەری بۆ چارەسەرکردنی کردنەوەی جۆگەکانی فالووپ، دەوالی، گرفتەکانی منداڵدان. یان هەندێكجار تەنیا ئامۆژگاری و رێنمایی تەندروستی چارەسەر دەبێت.
*پزیشكی گشتی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ