رووداو- هەولێر
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كە بەدواداچوونی بۆ نرخی دەرمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كردووە، دەڵێت سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان – لقی سلێمانی، نرخی دەرمانی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزكردووەتەوە، هەڕەشەی داخستنیشی لەو دەرمانخانانە كردووە كە پابەند نابن بەو نرخەی ئەوان دایانناوە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بە (رووداو)ی راگەیاند: "دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت لقی سلێمانی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان نرخی دەرمانی گران كردووە، لە سیدییەكیشدا نرخی دەرمانەكانی داوە بە هەموو دەرمانخانەكان و هەر دەرمانخانەیەكیش پابەندی ئەو نرخانە نەبێت سزای دەدەن و لەكاتی دووبارەكردنەوەشیدا دەرمانخانەكەی دادەخەن".
سۆران عومەر ئەمە بە "بازرگانی بە مرۆڤ و مژینی خوێنیان" دەزانێ و دەڵێت: "دەرمان هەیە نرخەكەی 100% زیاد كراوە. پێشتر هەر دەرمانێك قازانجی 10% بۆ 12%ـی دەخرایە سەر، بەڵام بەپێی نرخە تازەكانی سەندیكا دەرمان هەیە تاوەكو 100% قازانجی خراوەتە سەر".
سۆران عومەر دەشڵێت كە وەزیری تەندروستی لەسەر ئەو بابەتە هاتووەتە دەنگ و پێیڕاگەیاندووە كە سەندیكای دەرمانسازان بۆی نییە لەسەر هەرزانیی نرخی دەرمان هیچ دەرمانخانەیەك سزا بدات، گرنگ ئەوەیە دەرمانەكە قاچاخ یان ساختە نەبێت و لەمەودوا تەندروستی سلێمانی چاودێری ئەو مەسەلەیە دەكات".
بەڵام سەندیكای دەرمانسازان و بەڕێوەبەرایەتی كواڵیتی كۆنترۆڵی دەرمان، بەرگری لەو هەنگاوەی لقی سلێمانیی سەندیكای دەرمانسان دەكەن.
دكتۆر عەدنان شێروانی، جێگری سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەوەی لقی سلێمانی سەندیكای دەرمانسازان كردوویەتی 100% یاساییە، ئەوان گشتاندنیان بۆ نرخی نزیكەی پێنج هەزار جۆری دەرمان كردووە كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە نرخاندنیان بۆ كراوە. لقی سلێمانیش بەسەر دەرمانخانەكانیدا دابەش كردووە و پێوەی پابەندی كردوون".
بەپێی قسەی دكتۆر عەدنان، هەندێك دەرمانخانە بە هەرزانكردنی نرخی دەرمان یاری بە بازاڕ دەكەن "ئەوانە بەهۆی زۆریی فرۆشی دەرمانەكانیان، هەروەها هێنانی بڕێكی زۆر دەرمان لە كۆگا و كۆمپانیاكان، 15% بۆ 20%ـی دەرمانەكان بێبەرامبەر وەردەگرن، بۆیە دەرمانەكە بە نرخی كۆگا و بە هەرزان دەفرۆشن، بەڵام ئەوان قازانج لە فرۆشتنی ئەو دەرمانە دەكەن كە بێبەرامبەر وەریانگرتووە، بۆیە ئەوانە كەسانی فێڵبازن نەك خێرخواز و لە خەمی خەڵكدا بن".
جێگری سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازان پێشیوایە ژمارەی ئەو دەرمانخانانە زۆر كەمن و دەڵێ: "لە هەرێمی كوردستان 1100 دەرمانخانە هەیە كە 300یان لە سلێمانین، نزیكەی 20 دەرمانخانە لە سلێمانی ئەو فێڵە دەكەن و پێویستە سزا بدرێن، چونكە بازاڕی دەرمانیان شێواندووە".
كواڵیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان كار لەسەر دانانی نرخی دەرمانەكان دەكات. عیسا عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی كواڵیتی كۆنترۆڵی دەرمان بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە لەڕێگەی لیژنەیەكی دەرمانسازی 7 كەسییەوە لە هۆبەی نرخ دانانەوە، ئەو نرخانە دادەنێین كە سەندیكای دەرمانسازان - لقی سلێمانی لەڕێگەی سیدییەكەوە دابوویان بە دەرمانخانەكان".
سەبارەت بە گرانكردنی نرخی دەرمانیش، گوتەبێژی كواڵیتی كۆنترۆڵی دەرمان گوتی: "ئەو پەرلەمانتارە لە بابەتەكە تێنەگەیشتووە، هیچ دەرمانێك گران نەكراوە، بەڵكو هەندێك دەرمان نرخەكەی 100% یان 50% دابەزیوە، ئێمە حیسابمان بۆ كۆمپانیا و كۆگا و دەرمانخانە و نەخۆشیش كردووە".
بەڵام بەپێی ئەو لیستی نرخەكەی كە سەندیكا بۆ دەرمانخانەكانی ناردووە و كۆپییەكی دەست (رووداو) كەوتووە و ناوی 101 دەرمانی تێدایە، سەرجەم دەرمانەكانی نێو لیستەكە نرخیان گران كراوە.
عیسا عەبدولڕەحمان دەڵێ: "هەندێك دەرمانخانە شوێنەكە و كارمەندەكە هی خۆیەتی، كڕیاری زۆریشیان هەیە. هەروەها گرێبەستێكی ناشەرعییان لەگەڵ كۆگا و كۆمپانیاكە هەیە، ئۆردەرێكی گەورەیان پێدەدەن و شیرینی باش وەردەگرن، بۆیە بە نرخێكی كەمتر دەرمانەكە دەفرۆشن، ئەمەش دەبێتە هۆی قۆرخكردنی بازاڕ، بۆیە كواڵیتی كۆنتڕۆڵ دەیەوێت لەڕێگەی دانانی نرخەوە رێگە لەو قۆرخكارییە بگرێت و لە هەموو دەرمانخانەیەك یەك نرخ بۆ دەرمان هەبێت".
كواڵیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان پێیوایە بڕیارەكەی لقی سلێمانی سەندیكای دەرمانسازان نایاسایی نییە. عیسا عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەمە هەنگاوی یەكەمە بۆ ئەوەی نرخی دەرمان رێكبخرێتەوە و یەك نرخی لە بازاڕ دروست ببێت كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە زۆر بەجدی كاری لەسەر دەكەین. دەشمانەوێت نرخی دەرمانەكە لەسەر ستیكەر دابنێین، بەڵام دەرمانخانەكان پابەند نابن پێوەی. هەروەها چاودێریش لەسەر نرخی دەرمان وەكو پێویست نییە، بۆیە پێویستە لیژنەیەكی هاوبەش هەبێت بۆ یەكخستنی نرخی دەرمان".


.png&w=3840&q=75)
