كوردستان.. ڤیاگرا بـازاری گـەرمـە

26-06-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ڤیاگرا
A+ A-

مەهدی محەممەد رواندزی
     رووداو-سۆران

دنكە شینەكە وەیان حەبی موعجیزە و هەندێكیش بە حەبە شەرمینەكە ناوی دەهێنن، ئەمانە ناوە خواستراوەكانی حەبی ڤیاگرایە، ئەو حەبەی خواستێكی زۆری لەلایەن گەنجان و بەساڵاچوانەوە لەسەرەو وەك هیوا بەخشێك لەلایەن ئەو كەسانەی كە گرفتی رەپبوونی چوكیان هەیە ناو دەبرێت. حەبی ڤیاگرا بە چەندین جۆر و ناوی جیاواز لەزۆربەی زۆری دەرمانخانەكان دەست دەكەوێت و دروستكراوی چەندان وڵاتن و كوردیش لەدروستكردنی ئەو حەبەدا بێ‌ بەش نییەو نرخەكانیشی لە 2 هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا دەگات 100 $.


ڤیاگرا چۆن كاردەكات؟


لە رێگەی زیادكردنی رۆیشتنی خوێن بۆ نێو شانەكانی چووك، ڤیاگرا دەبێتەهۆی رەپبوونی چووك. ئەگەر بە راوێژی پزیشك و بۆ كەسی گونجاو بەكاربهێنرێت تاڕادەیەكی زۆر سەلامەتە و بە دەگمەن لە كەسانی تەندروستدا كاریگەریی گەورەی نەرێنی لێدەكەوێتەوە. بەپێی خەمڵاندنە جیهانییەكان ڤیاگرا 92%ی بازاڕی دەرمانەكانی چارەسەری رەپنەبوونی چووكی كۆنترۆڵكردووە.

ئەگەرچی ئەو حەبە لەئەوروپا و وڵاتانی تری دونیا بە رەچەتەی پزیشك و زیاتر بۆ ئەو كەسانە بەكاری دێنن كە بەتەمەنن یان بەهۆی هەر حاڵەتێكەوە توانای رەپبوونی چوكیان كەمدەبێتەوە، بەڵام لەكوردستان بە گشتی و سۆران بە تایبەتی، گەنجانی بێ‌ ژنیش دەستیان بەو حەبە دەگات و بەكاری دەهێنن بێئەوەی راچێتەی پزیشكییان پێبێت، بۆ زیاتر جەختكردنەوە رووداو لەرێگای مێرد منداڵێكەوە بەدواداچوونێكی مەیدانی لەنێو چەند دەرمانخانەیەكی سۆران ئەنجامدا، دەركەوت كە زۆر بە ئاسانی دەرمانخانەكان ئەو حەبە دەدەن بە هەموو كەسێك. 

یەكێك لەخاوەن دەرمانخانەكان كە حەزی نەكرد ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ رووداو باس لەوە دەكات كە هیچ سانسۆرێك لەسەر دەرمانخانەكان نییە كە چۆن چۆنی و بە كێ‌ ئەو جۆرە حەبانە بفرۆشرێت، ئەو دەڵێ‌"لەبەر ئەوەی خۆم گەنجم، بۆیە رۆژانە گەنجێكی زۆر دێنە لام و داوای دەكەن، بەڵام ئەگەر بزانم گەنجەكە بێ‌ ژنە ئەوە بە دڵنیاییەوە حەبەكەی پێی نافرۆشم، چونكە دەزانم بە فرۆشتنی حەبێكی وا بە گەنجێكی هەرزەكار، دەكرێ‌ كێشەی كۆمەڵایەتی لێ‌ بكەوێتەوە"، پیاوە بەساڵاچووەكانیش ئەگەرچی كڕیاری سەرەكی ڤیاگران، بەڵام زۆربەیان بەشەرمەوە داوای ئەو حەبە دەكەن، هەروەكو خاوەنی دەرمانخانەكە بە رووداوی راگەیاند"كڕیاری پیرمان زۆرەو خەڵكانێكیش هەن بە شەرمەوە داوای دەكەن و هەشیانە كە داوای ئەو حەبە دەكەن دەڵێن بۆ یەكێك لەخزمەكانمانە"، هەروەها ئەوەش دەڵێ‌ حەبی ڤیاگرای هیندی زۆرترین خواستی لەسەرە كە نرخەكەی لە 2 هەزار دینارەوە دەست پێدەكات و كەمتر حەبە كوردییەكەی لای خۆمان كە بەرهەمی ئاوامێدیكایە بەكار دێت. خاوەن دەرمانخانەكە ئەوەش دەڵێ‌ كە رۆژ بە رۆژ خواست لەسەر دەرمانە بەهێزكەرە سێكسییەكان زیاتر دەبێ‌.

حەبی ڤیاگرا لە 27ی ئاداری 1998 لەلایەن كۆمپانیای (فایزەر) ی ئەمەریكی خرایە بازارەوە، ئەگەرچی سەرەتا ئەو حەبە بۆ چارەسەی هەندێ‌ نەخۆشی تردا بەكار دەبرا، بەڵام لەئەنجامی بەكارهێناندا دەركەوت كە هۆكارێكە بۆ رەقبوونی ئەندامی نێرینە، بۆیە لەو كاتەوە تاكو ئێستا خواستێكی زۆری لەسەرە، بەجۆرێك لەساڵی 2008 دا لەسەر ئاستی جیهان بایی ملیۆنێك و 934 هەزار دۆلاری لێ‌ فرۆشراوە. لە وڵاتانی ئەوروپا نرخی ئەو حەبانە لە نێوان 45 بۆ 70 یۆرۆیە، كەچی لەكوردستان  نرخی ئەو حەبانە لە 2 هەزار دینار تاكو 100 $ ە و هەرزانی لەنرخەكەی كڕیاری زیاتر كردووە. 

ئەگەرچی پزیشكانی پسپۆر لەو بوارەدا، بە بەردەوامی رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن، كە نابێت ئەو حەبانە دوور لە رێنمایی پزیشك بەكارببرێت، بەڵام هاوڵاتیان گوێی بە رێنمایەكانی پزیشك نادەن و دوور لەچاوی ئەوان بەكاری دەهێنن، بێ‌ خەبەر لەوەێ‌ كە دەكرێ‌ ئەو حەبە لەجیاتی پێ‌ بەخشینی هێز بۆ ئەنجامدانی مومارەسەی سێكس بە كۆتایی هاتنی گیانی ئەو كەسە تەواو ببێت، ئەگەر باری تەندروستیی رێگەی نەدا بەكاری بهێنێت.

یوسف جەمیل جبرائیل، پزیشكی دەرمانساز لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران، بەمشێوەیە پێناسەی ڤیاگرا دەكات و دەڵێ‌"ڤیاگرا ناوی دەرمانێكە كە لەگەڵ خولیا و فانتازیكانی نێرانە تێكەڵ بووە، دەرمانێكە كە بەشەرمەوە داوا دەكرێت و چاوەرێی موعجیزەی لێ‌ دەكرێت كە لە كۆمەڵگای پیاوسالاردا پەیامی راستەقینەی رەگەزی نێر بگەیێنیت كە نێر براوەرو قارەمان و سالار و سوپەرمەنی گۆڕەپانی نێو ژوورەكانی نێو ژیانە"، ئەم پزیشكە كورتە ناسینێكی ڤیاگرا و خزمەكانی دەكات و دەڵێ‌"سیلد نافیل (sildenafil) كە بەناوە بازرگانیەكانی وەكو(  revagra kamagra ،  degra ، Viagra) لە دەرمانخانەكاندا دەست دەكەوێت و بۆ چارەسەری دوو نەخۆشی بەكاردێت، كێشەی رەقنەبوونی چووك (erectile dysfunction) و نەخۆشی بەرزە پاڵە پەستۆی خوێنبەرەكانی سییەكان ، ئەم دەرمانە لەلایەن هەندێ‌ لە پزیشكانی دەرمانساز لەكۆمپانیای فایزر دۆزرایەوە كە لەسەر ئەو ماددەیە بۆ چارەسەری نەخۆشیەكانی بەرزی پاڵەپەستۆی خوێنی سییەكان و نەخۆشیەكانی دڵ لێكۆڵینەوەیان دەكرد، كە دواتر بۆیان دەركەوت كە ماددەیە هۆكارێكیشە بۆ رەقبوونی چووك".

ماوەیەك بەر لە ئێستا دەنگۆی مردنی پیاوێكی بەساڵاچوو بەهۆی خواردنی ڤیاگرا لە سۆران بڵاو بۆوەو ئەوەش دەگوترا ئاخۆ چەند كەسی تری هاوشێوەی ئەو پیرە پیاوە مردبێ‌ بە هۆی ئەو حەبەوە بەڵام دەركی پێ‌ نەكرابێ‌، بۆیە ئەو پزیشكە هۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی كە ڤیاگرا دوور لەبڕیاری پزیشك بەكار دەهێنن و هەروەها ئەوەش دەڵێ‌ كە نابێ‌ دەرمانخانەكانیش سەربەخۆ ئەو جۆرە حەبانە بفرۆشن."سیلدینافیل دەبێت بە ئاگاداریی پزیشك بەكاربێت و دەرمانخانەكان نابێت ئەم دەرمانە بێ‌ راچێتەی پزیشك بفرۆشن، ئەو كەسانەی هەستیارن بەم دەرمانە، هەروەها كەسانێك كە ئەو درەمانانە وەردەگرن كە لە پێكهاتەكەیاندا ماددەی نایترێیت (nitrates) تێدایە وەكو)  ، nitroglycerin ، cobicistat ، isosorbide mononitrate ، isosorbide dinitrate ، atazanacir .  ) نابێت بە هیچ شێوەیەك دەرمانی ڤیاگرا وەربگرن، چونكە دەبێتە هۆی دابەزینی مەترسیدار و كتوپڕی پاڵەپەستۆی خوێن، هەروەها ڤیاگرا كاریگەری نەخوازراویشی هەیە وەكو سەر ئێشە و دڵەكزێ‌ و سكچوون و هەست بە گەرمبوونی لەش و لووتگیران و تێكچوونی بینین و بیستن و هتد....."،

یوسف رێنمایی ئەو هاوڵاتیانە دەكات كە نەخۆشیەكانی دڵ و بەرزی و نزمی فشاری خوێن و نەخۆشیەكانی سستیی گورچیلە و جگەر و برینی گەدە و ناتەندروستی فیزیكی لە چووك و نەخۆشیەكانی چاویان هەیە، پێویستە لە ژێر چاودێری پزیشكی جۆرەكانی ڤیاگرا بەكار بهێنن و دوور لەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات.

 لەبارەی بێ‌ سانسۆری لەسەر دەرمانخانەكانی سۆرانیش،  پزیشكی دەرمانساز لە نەخۆشخانەی ئاشتی بە رووداو دەڵێ‌"ئەوەی كە لە دەرمانخانەكانی سۆران روو دەدات، شتێكی جیاوازە لە رێچكەو رێنماییەكانی زانستی پزیشكی، ئەو دەرمانە بێ‌ چاودێری پزیشكی و دەرمانسازی بە شێوەیەكی زۆر دەفرۆشرێت كە لە بەرنەبوونی چاودێری و لێكولینەوەی زانستی، قورسە كە ئاكامە جدیەكانی بەكارهێنانی ئەو دەرمانە لەسەر هاوشارنشینەكانمان بزانین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە