رووداو-سلێمانی
ئەو کەسە بەساڵاچوانەی ڤیتامین دی و کالسیۆم بەکاردێنن، مەترسی شکانی حەوز و ئێسکەکانی دیکەیان کەمتر نییە لەوانەی بەکاریان ناهێنن، پێداچوونەوەی چەند توێژینەوەیەکی زانستی وادەڵێ.
توێژینەوەکە بەرەنجامی پێداچوونەوەی 33 توێژینەوەی پێشووە کە لەسەر 51 هەزار کەسی تەمەن 50 ساڵان و زیاتر ئەنجامدراون. تێیدا دەرکەوتووە مەترسی شکان جیاواز نییە، ئەگەر کەسەکە کالسیۆم و ڤیتامین دی بەکاربهێنێ یان نا.
لە شێوازە سرووشتییەکەیدا ڤیتامین دی یاریدەی جەستە دەدات سوود لە کالسیۆم وەربگرێ بۆ تەندروستی ئێسک و ددان. رێنمایی کەسانی بەساڵاچووش دەکرێ رۆژانە 600-800 یەکەی نێودەوڵەتی لە ڤیتامین دی بەکاربهێنن.
د. جیا گوۆ ژاو، توێژەر لە نەشتەرگەری ئێسک و شکاوی لە نەخۆشخانەی تیانجین لە چین، دەڵێ "دەبێ رێنماییەکان بگۆڕدرێن، ئێمە وایدەبینین باشکردنی شێوازی ژیان، ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی و بەرکەوتنی هەتاو و باشکردنی خواردن، گرنگترن لە خواردنی ئەو تەواوکەرە خۆراکییانە".



