رووداو-سلێمانی
یەکێک لەو شتانەی مرۆڤ بۆ خۆراک پێویستی پێیەتی، ماددە نائەندامییەکان، واتە کانزاکانن، وەکو ئاسن! ئەو خۆراکانەش، هاوشێوەی ڤیتامینەکان، لەگەڵ ئەوەی وزەبەخش نین، بەڵام گرنگن بۆ پێکهاتەی لەشی مرۆڤ.
1- کالیسیۆم:
سەرچاوەی چڕ بریتییە لە شیر و پەنیر و کەمتر لە سەوزە و پاقلەمەنییەکاندایە. کالیسیۆم گرنگە بۆ کاری دڵ و ماسولکەکان، بەڵام لە هەمووی گرنگتر بەشداریکردنێتی لە پێکهاتەی ئێسک. هەر بۆیە ئەوانەی کالیسیۆمیان کەمە تووشی نەخۆشیی پەککەوتنی ئێسک و ماسوولکەکان دەبن. هۆکاری یەکەمی کەمبوونی کالیسیۆمیش کەمیی ڤیتامین (D)یە. زۆریی کالیسیۆمیش هەر نەخۆشیییە، هەرە باوەکەیان تووشبوونە بە بەردی گورچیلە.
2- فۆسفات:
دەڵێن خۆراکێک نییە کە فۆسفاتی تێدا نەبێت. لەبەر ئەمە مرۆڤ بە دەگمەن تووشی کەمیی فۆسفات دەبێت، مەگەر مەشرووبخۆرێکی ئاڵوودە (ئەلکهۆلیک) بێت. فۆسفات پەیوەندییەکی توندی لەگەڵ کالیسیۆم هەیە، بۆیە نەخۆشییەکانیشیان لەیەک دەچن.
3- یۆد:
سەرچاوەی چڕ بریتییە لە ماسی، کەمتر لە شیر و ماستدا هەیە. ماددەی یۆد گرنگە بۆ ئیشکردنی رژێنی دەرەقی (غودەی دەرەقی). ئەو وڵاتانەی کە شاخاوین وەکو کوردستان، کەمتر یۆدیان هەیە، چونکە خاکەکانیان خوێی یۆدیان تێدا نانیشێت، بە تایبەت ئەگەر لافاو و بارانیان زۆر بێت وەکو بەنگلادیش. باوترین نەخۆشیی کەمیی یۆد نەخۆشیی ئاوسانی غودەی دەرەقییە. ئەم نەخۆشییە جاران لە کوردستان باو بووە لەبەر هەمان ئەو هۆیانەی باسمان کردن. هەروەها ئەو دایکانەی یۆدیان کەمە، منداڵەکانیان تووشی کورتەباڵایی دەبن کە نەخۆشییەکی تایبەتە. هەر لەبەر ئەمە بووە کە لە ساڵانی شەست و حەفتاکان حکومەتی عێراق حەبی یۆدی بە منداڵان دەدا لە قوتابخانەکان، ئەمە بەردەوام بوو تاوەکو لە هەشتاکاندا چارەسەر کرا، ئەویش بە دروستکردنی خوێی یۆد وەکو خوێی بازیان. ئەمە بووە هۆی کەمبوونەوەی نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەرچاو.
4- زینک:
سەرچاوەی چڕ گۆشتی سوورە، کەمتر لە نێو شیرەمەنییەکاندا هەیە. زینک کانزایەکی گرنگە بۆ پێست و بەهێزیی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ. لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کەمیی ماددەی زینک بووەتە هۆی ئەوەی یەک لەسەر سێى خەڵکی نەگەنە درێژیی باڵای خۆیان، واتە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کورتەباڵا دەربکەوین لە چاو ئەوروپییەکان.
5- فلۆر:
گرنگە بۆ ددانی مرۆڤ، هەر بۆیە زۆربەی هەویرەکانی ددان فلۆریان تێدایە.
6- ئاسن
: چڕترین سەرچاوە بریتییە لە گۆشتی سوور. کەمیی ئاسن دەبێتە هۆی کەمخوێنی، لە راستیدا باوترین جۆری کەمخوێنی لە مرۆڤدا بەهۆی کەمیی ئاسنەوەیە. مرۆڤ لە باری ئاساییدا ئەگەر نێر بێت رۆژانە 8 مللیگرام ئاسنی دەوێت، ئەگەر مێ بێت 14 ملیگرام ئاسنی پێویستە تا نەبێتە کەمخوێن، بەڵام هەموو کەسێکی ئاسایی رۆژانە یەک مللیگرام ئاسنی لێ دەڕوات بەهۆی پیسایی، ئەگەر بێت و رۆژانە تەنیا دوو مللیلیتر خوێنمان لێ بڕوات، ئەوا دوو ئەوەندە ئاسنمان پێویستە تا نەبینە کەمخوێن. ژنان 20 مللیگرام ئاسنی دیکەیان لێ دەڕوات کاتێک دەکەونە سووڕى مانگانە، خۆ ئەگەر سووڕی مانگانەیان درێژە بکێشێ، زۆرتر ئاسن لە دەست دەدەن. ئەمەش مانای وایە کە بەشێکی بەرچاوی خانمان تووشی کەمخوێنی دەبن. تەنیا لە بەریتانیا 10%ى ژنان کێشەى کەمیی ئاسنیان هەیە. ئەمە لە وڵاتێک کە خۆراکیان گونجاوە و چاودێریی تەندروستییان لە ئێمە باشترە. لە مێژە لە کوردستان کەمیی ئاسن و کەمیی خوێن باو بووە، لە ساڵانی چل و پەنجاکانى سەدەى رابردوو باو بووە کە کچان زەرد هەڵدەگەڕان لەبەر کەمیی ئاسن، وا دیارە هۆکارەکەی هەر سووڕی مانگانە نەبووە، بەڵکو نەشیانتوانیوە وەکو پیاوەکان گۆشتی باش بخۆن، بۆیە جاران کە کەسێک نەخۆش دەکەوت، دەستبەجێ بەیانییەکەی دوو شیش جگەریان بۆ دەهێنا، چونکە زۆرینەی خەڵک کەمئاسن بوون و زوو زوو بێهێز دەبوون. هەندێکجار تووشی کەمیی ئاسن دەبین بەهۆی خراپخۆری، بۆ نموونە ئەگەر چا زۆر بخۆین ئەوا زۆر بە ئاسانی تووشی کەمخوێنی دەبین. هەروەها ئەگەر گۆشتی سوور بەبێ هۆ لە خۆمان قەدەغە بکەین هەمان کەمخوێنی دەگرین، چونکە راستە سەوزەکان ئاسنیان تێدایە، بەڵام هەرگیز وەکو ئاسنی ناو گۆشت خۆش هەڵنامژرێت لە ریخۆڵەماندا. لەم سەردەمەدا ئەمە زۆر باوە لای خۆمان، نەخۆشێکی شەکرە یان زۆریی چەوری خوێن دەبینم کە لە خۆیەوە یان بە قسەی نادکتۆرێک گۆشتی لە خۆی حەرام کردووە، دەبینم کە گیرۆدەی کەمخوێنی بووە بەهۆی کەمیی ئاسنەوە.
* دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ