رووداو- هەولێر
پسپۆڕێکی فسیۆلۆژی جەستە پێیوایە ، جۆری خواردن و جۆری پۆشینی جلوبەرگ کاریگەری راستەوخۆی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی گەرما لە وەرزی هاوین و دەڵێت: "خواردنەوەی ئاوی زۆر لەگەڵ تەرە و میوە و سەوزە ، نەخواردنی ژەمی قورس و پۆشینی جلوبەرگی رەنگ کاڵ باشترین چارەسەرن بۆ وەرزی گەرما".
د. شیروان نانەکەلی ، پسپۆڕی فسیۆلۆژی جەستە لە میانەی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو باسی چۆنیەتی خۆپاراستنی لە وەرزی گەرما کرد و گوتی: "زۆر پێویستە خۆمان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دەورووبەرمان بگونجێنن ، کاتێک کەشوهەوا گەرم دەبێت جۆری خواردنەکانیشمان و جۆری پۆشینی جلوبەرگمان دەبێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت".
د. شیروان نانەکەلی گوتی: "لەشمان ئەو توانایەی هەیە کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خۆی بگونجێنێت ، بەڵام پێویستی بە یارمەتی هەیە. کاتێک کەشوهەوا گەرم دەبێت بۆ ئەوەی لەشمان توانای خۆگونجاندنی هەبێت دەبێت ئاوی زۆر بخۆینەوە، دووەم ئەو جلوبەرگانەی کە لەبەری دەکەین دەبێت تیشکی خۆر بگەڕێنێتەوە ، رەنگی جلوبەرگ زۆر گرینگە کە تیشکی خۆر لەخۆی نەگرێت، زۆر کەس دەچێت خۆی رووتدەکاتەوە کە ئەوەش باش نییە ، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو جلوبەرگەی لەبەری دەکەی بۆ هاوین گونجاو بێت و رەنگی سپی کاڵ بێت ئەوە باشترە".
چالاکییەکانیشمان یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە وەک ئەو پسپۆڕەی فسیۆلۆژی جەستە ئاماژەی پێکرد ، دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت. د، شیروان نانەکەلی دەڵیت: "کاتژمێرێکی بایۆلۆجیمان هەیە کە پێمان دەڵێت کەی بخەوین و کەی بەخەبەر بین و هۆشیار بین ، بۆیە دەبێت کاتەکانیشمان لەو وەرزەدا بگونجێنین. ئێمە کەسمان بەشێوەی زانستی و پزیشکی خەومان جێبەجێ ناکەین ، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە کاژێر 21:00 منداڵان نووستوون ، کەچی ئێمە لەو کاژێرە ئەوجا دەڵێین با بچین سەردانی ماڵان بکەین ، لەکاژێرەکانی کۆتایی شەو شەقامەکان بەر ناکەون بۆ خواردن و خواردنەوە، کە هەمووی لەڕووی زانستییەوە هەڵەیە. باشتر وایە خەومان 8 کاژێر بێت و کەم نەکرێتەوە و لەکاتی خۆیدا بخەوین و لەکاتی خۆیدا بەخەبەر بێین".
سەبارەت بە شێوازی خواردنیش د. شیروان نانەکەلی گوتی: "باشترە تەرە و سەوزە و میوە زیاد بکەین ، خواردنی قورس بۆ ئەو وەرزە باش نییە ، کەتۆ خواردنی قورس دەخۆی پێویستی بە ئەرکێکی زیاترە بۆ هەرەس و پێویستی بە خوێنی زیاتر و ماندووبوونی زیاترە. بۆنموونە خواردنی ماست و ماستاو لەو وەرزە دەبێتە هۆی بێ توانایی و بەردەوام مرۆڤ هەستدەکات کە خەوی دێت".
یەکێکی دیکە لە پێویستییەکانی مرۆڤ ڤیتامین D -یە د، شیروان نانەکەلی ، پسپۆڕی فسیۆلۆژی جەستە دەڵێت: "زۆر کەس خۆی دەپارێزێت لە تیشکی خۆر کە ئەوە باش نییە ، با هەندێک تیشکی خۆر لێمان بدات چونکە زۆربەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەرێژەیەکی بەرچاو ڤیتامین D یان کەمە. بۆیە پێویستە رۆژانە نزیکەی 3 کاژێر تیشکی خۆر لێمان بدات ، مەوادێکی کیمیایی لە ژێر پێست هەیە کە تیشکی خۆر دەیگۆڕێت بۆ ڤیتامین D و لەشمان زۆر پێویستی پێیە".
ئەو پسپۆڕەی فسیۆلۆژی جەستە پێیوایە "تەنیا خواردنەوەی ئاو پێداویستییەکانی لەش دابین ناکات ، بۆ نموونە ئەگەر خەیارێک لەگەڵ رێژەیەکی کەم خوێ بخۆین و دوو پەرداخ ئاوی لەگەڵ بخۆینەوە وەک ئەوەی وایە لە نەخۆشخانە بوتڵێک موغەزیت وەرگرتبێت".
ئەوانەی کە لەو وەرزەدا وەرزش دەکەن دەبێت لەو وەرزەدا رەچاوی چی بکەن؟ د. شیروان نانەکەلی دەڵێت: "ئێستا جۆرە خواردنەوەیەک پەیدا بووە کە پێی دەڵێن خواردنەوەی وزە بەخش ، راستە کە زۆر کاریگەری نابێت لەسەر لەش بەڵام دەتوانن بەکاری بهێنن، هەروەها 2 کاژێر پێش وەرزش نابێت خواردنی قورس بخورێت ئەوە بە هیچ شێوەیەک گونجاو و تەندروست نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ