هەولێر.. ئەمشەو "یەک کاژێر" کارەبا دەکوژێتەوە

29-03-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کاژێری زەوی
A+ A-

رووداو- هەولێر

رۆژی 29ـی ئادار، لە كاژێر 20:30، زۆربەی شارە گەورەكانی جیهان، بۆ ماوەی یەك كاژێر تاریك دادێن. هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش یەکێک لەو شارانەیە، کە کاژێرێک رووناکییەکانی دەکوژێنێتەوە.

ملیۆنەها خەڵك لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەشداری لە كوژاندنەوەی رووناكی و هەندێك ئامێری كارەبایی ناوماڵ و ئۆفیسەكان دەكەن، بۆ یادكردنەوەی رۆژی "ئێرس ئاوەر" یان كاژێری زەوی.

ئەمساڵ بۆ هەشتەمین جارە ئەو چالاكییە بەڕێوەدەچیت و بۆ ماوەی یەك كاژێر لە زۆربەی شارە بەناوبانگەكانی جیهان رووناكیی دەكوژێتەوە، ئەمەش وەك ئاگاداركردنەوەیەكی ساڵانەی خەڵكە لەپێناو كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا و پاراستنی ژینگەی جیهان و هەروەها دووپاتكردنەوەی پەیوەستبوونی مرۆڤە بەم هەسارەیەوە.

چالاكی کاژێرەی زەوی (ئێرس ئاوەر)، بۆ یەكەمین جار لەساڵی 2007 لەلایەن رێكخراوی سندوقی پاراستنی ژینگەی سروشتییەوە لە شاری سیدنی ئوسترالیا لە 31ـی ئادار رێكخرا و لەوكاتەوە، ساڵانە لە كۆتاییەكانی مانگی ئاداردا ئەنجام دەدرێت.

ئەم چالاكییە هەمیشە لە دوایین رۆژی شەممەی مانگی ئاداردا ئەنجام دەدرێت، جگە لە ساڵی ٢٠١٣، كە شەممەیەك پێش هەفتەی كۆتایی ئەنجامدرا، لەبەرئەوەی دوایین شەممەی مانگی ئاداری پار، هاوكات بوو لەگەڵ جەژنی شەممەی پیرۆزی مەسیحییەت.

ئێرس ئاوەر ساڵی یەكەم تەنها لە ئوسترالیا بەڕێوەچوو، ساڵی دواتر چالاكییەكە فراوانتر كرا و 26 شاری گەورەی جیهان بەشدارییان تێدا كرد، بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی سندوقی جیهانی بۆ ژینگەی سروشتی، رێژەی بەشداربووان لە 2008 گەیشتە 36 ملیۆن كەس، لە ساڵانی دواتردا شارەكانی دیكە پەیوەندییان بە یادەكەوە كرد و ئەمساڵ نزیكەی 7 هەزار شار لە جیهاندا بەشدار دەبن، كە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو شارانە. 

لەنێو شارەكانی وڵاتانی عەرەبیشدا، دوبەی یەكەمین شار بوو، كە لە ساڵی 2009 بەشداری لەو چالاكییەدا كرد و دواتر لەساڵی 2010 ریازی پایتەختی سعودیەی بەدوادا هات، ساڵی 2013 مەنامەی پایتەختی بەحرەینیش روونكای تێدا كوژایەوە.

كۆلین بوتفێڵد، بەڕێوەبەری كامپینەكانی رێكخراوی سندوقی جیهانی بۆ پاراستنی ژینگەی سروشتی، رایگەیاند، گۆڕانی كەشوهەوا گەورەترین هەڕەشەی ژینگەیە، كە رووبەڕووی هەسارەكەمان دەبێتەوە، بۆیە دەبێت بەخێرایی كار بكەین و خەڵكی لەوە ئاگادار بكەینەوە.

بۆ ساڵی 2014، گرنگترینی ئەو شوێنە بەناوبانگانەی، كە  بۆ ماوەی كاژێرێك رووناكییان لێدەكوژێتەوە، بریتین لە باڵەخانەی ئیمپایەر ستەیت لە نیویۆرك، براندینبێرگ گەیت لە بەرلین، بورجی ئیڤڵ لە پاریس، باڵەخانەی كریملین و مەیدانی سوور لە مۆسكۆ و بورجی خەلیفە لە دوبەی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە