فەرش و مادەكان مێژووی سمێڵ دەردەخەن

29-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ریش و سمێڵ كولتوور
A+ A-
ئومێد بەرین
رووداو- هەولێر

سمێڵ لە درێژایی مێژوودا سیمبوولی پیاوەتی بووە. كۆنترین بەڵگە كە نیشانی بدات مرۆڤ ریشی تاشیوە و تەنیا سمێڵی هێشتووەتەوە، فەرشی "پازیریك"ە، كە وێنەی سوارچاكێی بە سمێڵەوە تێدایە،  مێژووی ئەو فەڕشە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی مادەكان لە سالانی 500 بۆ 400ی پێش زایین.

فەرشی پازیریك كۆنترین فەرشی جیهانە كە ساڵی 1949 بە دەستی سێرگێی رۆدنێكۆی رووسی لە ناوچەی پازیریكی باشووری سیبیریا لە رووسیا دۆزرایەوە، شارەزایان بە پێی پشكنینی رادیۆئەكتیو و وێنەكانی كە پێك هاتوون لە سوارچاك، ئاسك و سەری هەڵۆ و جەستەی شێر لەسەر ئەو باوەڕەن كە ئەو فەڕشە هی پاشایەتی مادەكان بووە .  

سمێڵ لە هەندێك كولتوور تاوەكو ئێستاس هەر سیمبوولی پیاوەتییە و سمێڵ تاشین بۆ پیاوان هێڵی سوورە، ریش و سمێڵ وەك دوو پێوەری هەڵسەنگاندنی كولتوور بەكاردێن، بەپێی بۆچوونی  مێژوونووسان دوای هێرشی عەرەبەكان بۆ سەر پاشایەتی ساسانی كە دەگوترێت كورد بوونە،  خەڵك ریش دادەنێ ئەگینا لەسەردەمی پاشایەتی ساسانییەكان خەڵك هەر سمێڵی هەبووە .

لە سەردەمی پاشایەتی سەفەویی، مووچە بە پێێ درێژی یان كورتی سمێڵ و ریش بڕاوەتەوە، تەنانەت لەسەردەمی پاشایەتی قاجارەكان ژنەكانیش دەبوو سمێڵیان هەبووایە و هەر ژنێك سمێڵی زۆرتر بووایە خۆشەویست تر دەبوو.

چەند جۆرێكی سمێڵ هێشتنەوە هەیە كە بەناوی كەسایەتییەكانەوە ناوبانگی دەركردووە، وەك سمێڵی هیتلەری، دالی ، استالینی و ... . هیتد.

سمێڵ لە مێژوودا زۆرجار بووەتە هۆی دروستبوونی كێشە، یا تاشینی كەرەستەیەك بووە بۆ بێرێزیكردن بە كەس یا كەسانێك، لە مێژووی سەردەمدا زۆرترین كێشە لەسەر ئەم پرسە بۆ پەیڕەوانی ئایینی یارسان(كاكەیی)  لە رۆژهەڵاتی كوردستان دروست بووە.

بێڕێزیكردن و تاشینی سمێڵی پەیڕەوێكی ئایینی یارسان لە ناو زیندانی كۆماری ئیشلامی ئێران، بووە هۆی خۆسووتاندنی سێ كەس لە پەیرەوانی ئەو ئایینە. سمێڵ لایی پەیڕەوانی ئایینی یارسان وەك هێمایی ئایینییەو جێگەیەكی تایبەتی هەیە .
















کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە