ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئێران و تاران وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنەسەر ئێران و بەرەبەیانی پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026 لە تاران و چەند پارێزگای دیکەی ئێران، کۆمەڵێک شوێنی بۆردوومانکرد. لە بەرامبەردا، ئێران دەڵێت، شەپۆلێکی دیکەی هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
بەرەبەیانی پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026 لە تاران، شارەکانی ئەهواز، دێزفول و بەندەری ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان، دوورگەی کیش لە هورمزگان و شیرازی ناوەندی پارێزگای فارس چەندین شوێن لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومانکران. 
 
لە تاران، لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد و گەڕەکەکانی (ئێکباتان، تێهرانسەر، جەنەت‌ئاباد، فیردۆس، شەهران، پونەک) هێرشکرایە سەر ئامانجەکان.
 
لە تاران، رۆژی چوارشەممەش چەندین ئامانج لە باکووری رۆژهەڵاتی شارەکە بۆردوومانکران. بەپێی راپۆرتی مانگی سووری ئێران، لە بەرەبەیانەوە تاوەکو شەوی چوارشەممە لە تاران، لە گەڕەکەکانی (شەمس‌ئاباد، تاڵەقانی، تێهرانسەر، سەعادەت‌ئاباد، نۆوبونیاد) و هەروەها شاری قودس و مەلارد لە نزیک تاران چەندین شوێن بۆردوومانکران.
 
یەکێک لەو شوێنانەی لە تاران بۆردوومانکرا، شوێنی مانەوەی کەمال خەڕازی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سکرتێری ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران بوو. بەپێی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی ئێران، خەڕازی لە هێرشەکەدا بە سەختی برینداربووە و هاوژینەکەیشی کوژراوە. 
 
کەمال خەڕازی لە 1997 تاوەکو 2005 بۆ ماوەی هەشت ساڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بووە و لە ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران، کار لەسەر داڕشتنی سیاسەتی گشتیی دەرەوەی ئێران دەکات.
 
ئێوارە و شەوی چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، چەند جار نێو شار و دەوروبەری شاری شیراز لە پارێزگای فارس بۆردوومانکرا. دانیشتووانی شارەکە بڵاویانکردووەتەوە، بنکەکانی سوپای پاسداران و بەسیج لەنێو شار و هەروەها بنکەیەکی مووشەکی لە بەرزاییەکانی دەوروبەری شارەکە کراونەتە ئامانج. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای فارس بەرەبەیانی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانی بەرزاییەکانی دەوروبەری شاری شیرازدا کەسێک کوژراوە و چەند کەسێکیش برینداربوون.
 
رۆژی چوارشەممە لەنێو شاری کرماشانیش هێرشکرایە سەر چەند شوێنێک و لە ئەنجامدا لانیکەم سێ کەس کوژراون. یەکێک لە ئامانجەکان، بنکەیەکی سوپای پاسداران بوو لە نزیک کۆلێژی پزیشکیی ددان لەو شارە. هەروەها چەند خاڵی پشکنینی هێزەکانی سوپای پاسداران لەنێو شاری کرماشانیش کرانە ئامانج. ئەو خاڵە پشکنینانە لەژێر پردەکانی کرماشان دانرابوون. مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشانیش بە میدیاکانی گوتووە، سێ پرد لەنێو شاری کرماشان بۆردوومانکراون.
 
رۆژی چوارشەممە تاوەکو بەرەبەیانی پێنجشەممە، چەند شوێن لەنێو شار و هەروەها لە پارێزگای ئیسفەهان بۆردوومانکران. لەنێو شاری ئیسفەهان، زیاترین هێرشکراوەتە سەر کۆمەڵگە پیشەسازییە سەربازییەکان. هەروەها بنکەیەکی مووشەکی بۆردوومانکراوە کە لەنێو سەربازگەیەکی سوپای پاسداران دایە لە نزیک شارەکە. ئێوارەی چوارشەممە فڕۆکەخانەی شاری کاشان بۆردوومانکرا. 
 
هەروەها لە شارەکانی (شەهرزا، شاهین‌شەهر، نەجەف‌ئاباد، ئاران و بیدگۆل)ـی پارێزگای ئیسفەهان هێرشکرایە سەر ئامانجە سەربازی و پیشەسازییەکان.
 
لە دەوروبەری شاری یەزدیش، بۆ چەندەمین جار لە سەرەتای شەڕەوە، بنکەی مووشەکیی سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی پشت (پارکی کوهستان)ـی ئەو شارە بۆردوومانکرایەوە. ئەو بنکە مووشەکییە لەنێو شاخدا دروستکراوە و لەوێوە بەردەوام مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە دەکرێت. 
 
لە دوورگەکانی پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێرانیش، ئامانجە سەربازییەکان بۆردوومانکران. ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگای هورمزگان بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، لە هێرشی رۆژی چوارشەممە بۆ سەر دوورگەی (هێنگام) حەوت کەس برینداربوون و تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە. دوورگەکە لە کەنداو و لە نزیک قیشم هەڵکەوتووە. لە دوورگەی قیشمیش دوو بەندەر بۆردوومانکران.
 
هەروەها لە پارێزگای خوزستان، رۆژی چوارشەممە کۆمەڵێک باڵەخانە لەنێو شارۆچکەی پیشەسازیی سەر رێگەی نێوان شارەکانی ئابادان- خوڕەمشار بۆردوومانکران.
 
بەیانیی چوارشەممە، لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی شاری سیرجانی پارێزگای کرمانیش، هێرشکرایە سەر چەند شوێنێک.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز)ـیش بڵاویکردەوە، لە شاری میانە دوو شوێن بۆردوومانکراون و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژراون و شەش کەسی دیکە برینداربوون. ئەو بەڕێوەبەرایەتەییە دەڵێت، باڵەخانەیەک و پارکینگێک لەنێو شاری میانە بۆردوومانکراون.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا زیاتر لە 400 جار هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی ئێران و زیانی زۆریان بە پیشەسازییەکانی سەربازی و یەکەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک، چەک، تەقەمەنیی ئێران گەیاندووە. راشیگەیاندووە، لە هێرشەکانی ئەو دوو رۆژەدا، ژمارەیەکی زیاتر لە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و بنکەکانی کۆگەکردن و هەڵدانی مووشەکی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
 
زیانی هێرشەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
 
حکومەت و هێزە سەربازییەکانی ئێران ئاماری زیانی کەرتی سەربازیی ئەو وڵاتە راناگەیێنن، بەڵام ژمارەی ئەو خانوو و باڵەخانانە بڵاودەکەنەوە، کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا زیانیان پێدەگات.
 
وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێران راپۆرتێکی لەبارەی زیانی خانوو و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە سەرەتای شەڕ تاوەکو دووشەممە 30ـی ئاداری بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەزار و 69 خانوو و باڵەخانە بە تەواوی رووخاون. لە راپۆرتی وەزارەتی رێگەوبان و شارسازیی ئێران دا، ئاماری نێو شاری تاران بڵاونەکراوەتەوە و لەو ژمارەیەی بڵاوکراوەتەوە، زیاترین زیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. 
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە پارێزگای ئیلام زیاترین خانوو و باڵەخانە رووخاون و ژمارەیان 187ـە. هەروەها لە پارێزگای سنە 125، لە پارێزگای لوڕستان 121، لە پارێزگای ورمێ 84 و لە پارێزگای کرماشان 81 خانوو و باڵەخانە رووخاون. 
 
لە راپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە، لە پارێزگای کرماشان 13 هەزار و 267، لە سنە هەشت هەزار و حەوت، لە ئیلام شەش هەزار و 991، لە ورمێ پێنج هەزار و 961 و لە لوڕستان چوار هەزار و 475 خانوو و باڵەخانە لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانیان پێگەیشتووە. 
 
هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند لەسەرەتای جەنگەوە تائێستا 600 قوتابخانە و زانکۆ و ناوەندی فێرکردنی ئێران کراونەتە ئامانج. 
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایانگەیاندووە، هێزەکانی ئێران شوێنی ناسەربازی بۆ خۆ پەنادان و کاروباری سەربازی بەکار دەهێنن.
 
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، قەرارگەی (خاتەمولئەنیا)ـی ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە ئیسرائیل و هەندێک شوێن لە وڵاتانی ناوچەکەی مووشەکباران کردووە. میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران و هەروەها ژمارەیەک میدیای ئیسرائیل دەڵێن، رۆژی چوارشەممە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆسەر ئیسرائیل زیاتر بووە لە رۆژانی رابردوو.
 
هەروەها سوپای ئێران (ئەرتەش) لە بەیاننامەی ژمارە 51 ی دا رایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کۆبوونەوەی فڕۆکەکانی ئەواکس و فڕۆکە سووتەمەنی هەڵگرەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن و ، پێگەکانی رادار و بنکەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی لە ئیمارات و ئەو هێرشانەیان بە درۆنی (ئارش 2 ) کردوون کە دەتوانن بە بەرزیی 2000 کیلۆمەتر بفڕن . 
 
رووحانی: دەبێ هوشیار بن 
 
لە دوو هەفتەی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ چەند جار رایگەیاندووە، لەگەڵ ئێران خەریکی دانوستاندنن، بەڵام تاران رەتیدەکاتەوە دانوستاندنی راستەوخۆیان کردبێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رەتیدەکاتەوە، داوای ئاگربەسیان لە ئەمریکا کردبێت.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هەندێک پەیامیان لە رێگەی نێوبژیوانکارانی وەکو پاکستان پێگەیشتووە، بەڵام دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەئارادا نییە". دەشڵێت، داواکارییەکانی واشنتن لە تاران "زێدەخوازانە و نالۆژیکی"ـن و بۆ هەر جۆرە هێرشێکی ئەمریکاش ئامادەن، لەنێویاندا هێرشی زەوینی.
 
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و ئەندامی ئێستای کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشتر لایەنگری دانوستاندنی وڵاتەکەی بوو لەگەڵ ئەمریکا و لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ئەودا رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ گرووپی 5+1 (ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) هاتە ئارا، لە پەیامێکدا لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت: "دەبێ زۆر وشیاربن و رەنگە ئەمریکا دیسان پیلانێکی دیکەی هەبێت". 
 
حەسەن رووحانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "لە دوو خولی رابردوودا، ئەمریکا لەکاتی دانوستاندن و ئەوکاتەی بەڵێنی ئەرێنی بە ئێران دەدا، لە بیری هێرشکردنەسەر ئێران دا بوو. ئێستاش دەبێ وشیاربن و ئەگەری پیلانی هاوشێوەی دوو خولی رابردوو هەیە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران و ئەمریکا

ئێران لە وەڵامی ترەمپ: داوای ئاگربەستمان نەکردووە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە داوای ئاگربەستیان کردبێت. ئەمە لەکاتێکدایە، ترەمپ دەڵێت، رێبەری نوێی ئێران داوای ئاگربەستی کردووە.