رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە دوو رۆژە 11 شوێنی رۆژئاوای شاری قودس- ئۆرشەلیمی گرتووەتەوە. ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاند و وڵاتەکە لە ئاسمان و زەوییەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیە.
ئاگرەکە رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد و شەقامی خێرای نێوان قودس- ئۆرشەلیم و تەلئەڤیڤی پایتەختی داخست، ئەمە جگە لە داخستنی دەیان شەقامی دیکە.
پۆلیسی شارەکە دەڵێت، ئاگرەکە 13 هەزار هێکتار زەوی لە دارستانەکە سووتاندووە. 23 کەسی سڤیل چارەسەریان وەرگرتووە و 17 ئاگرکوژێنەرەوەش بریندار بوون. هەروەها بە دووری 30 کیلۆمەتر و دانیشتووانی 12 شارۆچکە ناچار بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان کران.
شلۆمی هەرووش، جێگری فەرماندەی بەرگریی شارستانیی ئایلۆن کە ئەزموونی 24 ساڵی هەیە لەبارەی ئاگرەکەوە دەڵێت، "بێگومان ئەمە یەکێکە لە دژوارترین ئاگرەکان تاوەکو ئێستا بینیبێتم."
بەرگریی شارستانی ئیسرائیل رایگەیاند، 163 تیمی ئاگرکوژێنەرەوەی زەوینی و 12 تیمی ئاسمانی لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەشدارن. هەروەها وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا بە فڕۆکە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەشدار بوون.