گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان: 48 هێرش کرایە سەر شەش پارێزگای یەمەن

04-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان رایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو ئەمریکا و بەریتانیا 48 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر یەمەن هەبووە، هێرشەکان لە شەش پارێزگا بوون و زۆربەشیان بۆ سەر شاری سەنعا بوون.
 
عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "فڕۆکەکانی ئەمریکا و بەریتانیای دووژمن لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا 48 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر یەمەن هەبووە."
 
سەبارەت بە وردەکاریی هێرشەکان، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، دەڵێت: "13 هێرشیان بۆ سەر پایتەخت بوون، 11 هێرشیان بۆ سەر پارێزگای تەعز، 9 هێرش بۆ پارێزگای حودەیدە، 7 هێرش بۆ پارێزگای بەیزا و 7 هێرشی دیکە بۆ پارێزگای حەججە و یەک هێرشیش بۆ سەر پارێزگای سەعدە بووە."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "هێرشەکان 13 شوێنی یەمەن، 36 پێگەی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان دژی هاتووچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانی و کەشتییەکانی هێزی دەریایی کە بە دەریای سووردا دەڕۆن." 
 
 
لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەر و هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی فەلەستین، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور زیادیکردووە، بەهۆیەوە کاریگەریی کردووەتە سەر گواستنەوەی کالا لە رێگەی ئاوی.
 
ئەو هێرشانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی هەینی، ئەمریکا 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگریی ئێرانی لە عێراق و سووریا بۆردوومان کرد بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی بکاتەوە کە 28ی مانگی رابردوو، لە هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە بنکەیەکی ئوردن کوژران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە