رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل بە چڕی هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ئێران. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، زیاتر لە 70٪ـی بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێرانیان لەنێوبردووە. ئێران تاوەکو ئێستا ئەو ئامارەی پشتڕاست یان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر رێژەی زیانەکانی پیشەسازیی پۆڵای ئێران ئەوەندەبێت، زیانی گەورە بەر ئابووریی ئێران کەوتووە.
هەروەها ئێران لە بەرامبەردا هێرشیکردە سەر چەند کارگەیەکی ئاسن لە ئیسرائیل ، هەروەها چەند کارگەیەکی ئەلەمنیۆم لە بەحرێن و ئیمارات .
هێرشکردنە سەر پیشەسازیی پۆڵای ئێران
ئیسرائیل لە هەفتەی چوارەم و پێنجەمی شەڕدا، چەندین جار بە چڕی کۆمەڵگە پیشەسازییەکانی (پۆڵای موبارەکەی ئیسفەهان، تواندنەوەی ئاسنی ئیسفەهان و پۆڵای خوزستان)ـی بۆردوومانکرد. ئەو سێ کۆمەڵگە پیشەسازییە بڕبڕەی پشتی پیشەسازیی پۆڵا و ئاسنی ئێرانن.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی 03-04-2026 رایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا بۆسەر ئێران توانیویانە 70٪ـی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێران لەنێوببەن.
حکومەتی ئێران و وەزارەتی پیشەسازیی ئێران هێرشکردنە سەر ئەو کۆمەڵگە پیشەسازییانەیان پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕی زیانەکانیان رانەگەیاندووە. ئامارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشیان رەت یان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام سوپای ئێرانیش رایگەیاندووە، لە تۆڵەی هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەکانی پیشەسازیی پۆڵا لە ئیسفەهان و خوزستان، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەروەها ئیسرائیل.
شڕۆڤەکاران و میدیاکانی ئێران بە گرنگیی زۆرەوە باسی کاریگەری ئەو هێرشانە دەکەن کە دەکرێنە سەر کۆمەڵگەکانی پیشەسازیی پۆڵا و دەڵێن، "خەڵکێکی زۆر کەم دەزانن، کردنە ئامانجی پیشەسازیی پۆڵای ئێران چەندە کاریگەرە".
سەدیف بەدری، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئامانجی "لێدان لە ژێرخانی سەرەکیی وزە و ئابووریی ئێران و لە ئەنجامدا بێهیواکردنی خەڵک" هێرشیانکردووەتە سەر کۆمەڵگە سەرەکییەکانی پیشەسازیی پۆڵای ئێران.
بەرهەمی پۆڵای ئێران و داهاتی ساڵانەی
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی پۆڵا لە ئێران، ساڵانە بەگشتی پۆڵا لە ئێران لەنێوان 29 تاوەکو 32 ملیۆن تۆن بەرهەم دەهێنرێت. ئەنجوومەنی جیهانیی پۆڵا سەرەتای ساڵی 2026 بڵاویکردەوە، ساڵی 2025 کۆی بەرهەمی پۆڵای ئێران 31.8 تاوەکو 32 ملیۆن تۆن بووە. بەپێی ریزبەندی ئەو ئەنجوومەنە، ئێران لە پلەی 10ـەیەمی جیهاندایە لەڕووی زۆری بەرهەمهێنانی پۆڵاوە.
داهاتی گشتیی پیشەسازیی پۆڵا لەو وڵاتەدا لەنێوان 12 بۆ 15 ملیار دۆلارە و 25 تاوەکو 30٪ـی بەرهەمەکە هەناردەی دەرەوە دەکرێت. بەرهەمەکانی پۆڵا لە پاڵ نەوت و مادەی پترۆکیمیایی و کانزایی بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات و هەناردەی ئێران دادەنرێت. لە 15 ساڵی رابردوودا کە گەمارۆ و سنوورداریی زۆر لەسەر فرۆشتنی نەوت و گەڕاندنەوەی پارەکەی بۆ ئێران هەبووە، رۆڵی پۆڵا و مادەی پترۆکیمیایی لە ئابووریی ئێران دا زۆر بەرچاوتر بووە.
پیشەسازییەکانی پۆڵای ئێران سەر بە کوێن؟
بەشێک لە پیشەسازییەکانی پۆڵای ئێران سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی پۆڵای ئێران و وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و بەشێکیشیان سەر بە کەرتی تایبەتن.
گەورەترین بەرهەمهێنەری پۆڵا لەئێران کە بە ناوی کەرتی تایبەت کار دەکات "گرووپی وەبەرهێنانی غەدیر"ـە و ساڵی 1991 لەلایەن دامەزراوەی تایبەت بە دابینکردنی خەڵکی هەژار و کەم داهاتی ئێران (بنیاد مستضعفان انقلاب اسلامی) دامەزراوە.
ئەو دامەزراوەیە دوای شۆڕشی ئێران دامەزرا. سەرەتا بۆ ئەوە دامەزرا، کاروباری موڵک و سامانی دەستبەسەرداگیراوی بەرپرسانی رژێمی پاشایەتیی ئێران بەڕێوەببات و لە رێگەی کۆکردنەوەی داهات بۆ نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامی، یارمەتی خەڵکی کەم داهات و هەژار بدات، بەڵام دواتر و بەتایبەت دوای تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێراق بووە بەدەسەڵاتترین دامەزراوەی ئابووریی ئێران و ئێستاش بە گەورەترین هۆڵدینگی ئابووری و پیشەسازیی ئێران دادەنرێت.
دامەزراوەکە هەروا سەر بە نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییە داراییەکانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، بەتایبەت سوپای پاسداران دابین دەکات. بەرپرس و بەڕێوەبەرە سەرەکییەکانیشی، لە بەرپرسانی پێشووی سوپای پاسدارانن.
پشکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پیشەسازیی پۆڵای ئێران
بەگشتی 54 کارخانە و کۆمپانیای کەرتی بەرهەمهێنانی پۆڵا لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران تۆمارکراون. بە هەژمارکردنی ژمارەی کارگە و یەکە پیشەسازییە لاوەکی و بچووکەکان، ژمارەیان دەگاتە سەرووی 100 یەکە.
بەشێکیان وەکو پیشەسازیی دایک هەژمار دەکرێن و کۆمەڵگە پیشەسازییەکانی (پۆڵای موبارەکەی ئیسفەهان، تواندنەوەی ئاسنی ئیسفەهان، پۆڵای خوزستان، پۆڵای هورمزگان، پۆڵای ئالیاژیی ئێران، پۆڵای خوزستان، پۆڵاوی کاوەی باشووری کیش، جیهانی پۆڵای سیرجان) سەرەکیترین بەرهەمهێنەرانی پۆڵا و ئاسنن لە ئێران دا.
لەنێو ئەوانیشدا، پۆڵای موبارەکەی ئیسفەهان، تواندنەوەی ئاسنی ئیسفەهان و پۆڵای خوزستان نزیکەی 70٪ـی کۆی پۆڵای ئێران بەرهەمدەهێنن.
لەو ژمارەیە، چوار کارخانەیان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن. لە پارێزگای ورمێ یەک کارخانەی پۆڵا، لە کرماشانیش کارخانەی پۆڵای رۆژئاوا و لە لوڕستان دوو کۆمەڵگەی پیشەسازیی پۆڵای خوڕەمئاوا و سەدری پۆڵا بەرهەمیان هەیە. پێنج ساڵیشە بەردی بناخەی پڕۆژەی (پۆڵای کوردستان) لە شاری قوروەی پارێزگای سنە دانراوە و هێشتا تەواو نەکراوە.
خاوەندارێتیی کارخانەکانی پۆڵا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی دیکەی دەسەڵات. کۆی بەرهەمی ساڵانەشیان ناگاتە 1٪ـی کۆی بەرهەمی پۆڵای ئێران. بەو پێیە، کردنە ئامانجی پیشەسازیی پۆڵای ئێران کاریگەری لەسەر ژێرخانی ئابووریی رۆژهەڵاتی کوردستان نابێت، بەڵام لە ئەگەری کەمبوونەوەی بەرهەمەکاندا، پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی پۆڵا و جۆرەکانی ئاسن دەکرێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر بازاڕی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ