رووداو دیجیتاڵ
موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان سەردانی سعودیەیان کردووە بۆ بەجێهێنانی مەراسیمی حەج. ئەوەی لەم وێنانە دەبینرێن، زۆرینەیان حاجییانی هەرێمی کوردستانن، لەنێو خێوەت دا پشوو دەدەن و بەیانی بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێدەکەون.
رۆژی 27ـی ئایار، لیژنەی بینینی مانگی سعودیە، شەشی حوزەیرانی بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکرد.
ئەمڕۆ 9ـی زولحەججەیە. لەم رۆژەدا حاجییانی ماڵی خودا، بە بەرگێکی سپییەوە، بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێدەکەون. کێوە بەردینەکە بە (کێوی میهرەبانی- جبل الرحمة)ـش دەناسرێت، 70 مەتر بەرزە، ئەو شوێنەیە کە پەیامبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) گوتاری ماڵئاوایی بۆ موسڵمانان خوێند.
حاجییان لە کێوی عەرەفە کاتەکانیان بە نزاکردن، داوای لێخۆشبوون، یادکردنەوەی خودا و خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بەسەردەبەن.
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن.
سعودیە ئەم ساڵ پێشوازی لە ملیۆنێک و 372 هەزار و 482 حاجی دەکات.